ڕۆژی جیهانیی ژنان بە نەمام چاندن بەرز ڕاگیرا
ژنان لە ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژناندا بە نەمام چاندن و خزمەت بە ژینگە ئەو ڕۆژەیان بەرز ڕاگرت.
ناوەندی هەواڵ
ژینگە و ژن دوانەیەکی گرێدراو بە یەکن، هەمیشە ژنان خزمەتیان بە ژینگە کردووە و پاراستنی خاک و زەوی و سەوزاییان کردووە، لەمساڵدا ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان لە درێژەی چالاکییەکاندا بۆ ٨ی ئادار، هەڵمەتی نەمام چاندنی دەستپێکرد و ئەم هەڵمەتە لە ڕۆژی ٢ی ئادار لە پارکی هەواری شار لە شاری سلێمانه بەڕێوەچوو.
هەر لەو چوارچێوەیەدا پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بە دەستپێشخەری ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان لەناو پارکی دەروازەی قەڵادزێ ژمارەیەک لە چالاکوانانی قەڵادزێ، چەند نەمامێکی سنەوبەر و زەیتونیان ڕواند و شیرینی و گوڵی نێرگزیان دابەشکرد.
هاوکات ژمارەیەک لە ئەندامی ڕێكخراوی ژنانی ئازادی كوردستان لەگەڵ گەنجانی گوندی گوڵپ لە هەورامان هەڵمەتێكی ناشتنی نەمامی زەیتونیان لەسەر ڕێگای گوندەكە ئەنجامدا، ئامانجیشیان لە ناشتنی زەیتونەکان ئەوەیە کە زەیتوون ڕەمزی ئاشتیە و هەمیشە سەوزە، بۆ مانەوەش دارێکی خۆڕاگرە.
هەورامان یەکێکە لەو ناوچانەی کە توندوتیژی دژ بە ژنان بەراورد بە ناوچەکانی دیکە زۆر کەمە و نزیکە لە نەبوونەوە.
ت.پ