ژنۆلۆژی دەبێتە چارەسەرێک بۆ زۆرێک لە کێشەکانی کۆمەڵگە
ئەو ژنانەی بەشداری کۆنفرانسی ژنۆلۆژی ئەورووپایان کردووە، کە لە ڕۆژی سێیەمدا بەردەوامە، ڕایانگەیاند کە بە ڕۆحی ژن، ژیان، ئازادی کۆبوونەتەوە و جەختیان کردەوە کە ژنۆلۆژی ، دیدگایەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان و کۆمەڵگە.
هۆڵەندا
لە هۆڵەندا، لە ڕۆژانی ١٦ تا ١٨ ی تشرینی یەکەم، بە دروشمی بە ژنۆلۆژی بەرەو بنیاتنانی ژیانی کۆمۆناڵ و ئازاد، کۆنفرانسی ژنۆلۆژی ئەورووپا بەڕێوەچوو.
کۆنفرانسەکە لەلایەن ئەندامانی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی و کۆمیتەی ژنۆلۆژی ئەورووپاوە ڕێکخرابوو و لە ١٦ی تشرینی یەکەم بە بابەتی سەرەکی ڕۆڵی ژنۆلۆژی لە بنیاتنانی ژیانی دیموکراتی و کۆمۆناڵ دەستیپێکرد.
لە کۆنفرانسەکەدا، زانیاری و ئەزموونەکانی زیاتر لە دە ساڵ کاری پەیوەندیدار بە ژنۆلۆژی لە ئەورووپا، خەبات بۆ ئازادیی ژنان، بەرهەمهێنانی زانیاریی جێگرەوە، ژیانی کۆمەڵی، پەروەردەی دیموکراتی و هاوپشتیی کۆمۆناڵ تاوتوێ کران. هەروەها، ئامانجی ئەم چالاکییە پەرەپێدانی ڕۆڵی ژنۆلۆژی لە بنیاتنانی کۆمەڵگا و دیاریکردنی نەخشەڕێیەک بۆ قۆناغی داهاتووە.
لە کۆنفرانسەکەدا کە لە شاری هالین لە هۆڵەندا بەڕێوەچوو، زیاتر لە ١٠٠ نوێنەر لە سویسرا، ئەڵمانیا، فەڕەنسا، هۆڵەندا، بەلژیکا، ئینگلتەرا، ئیرلەندا، ئیسپانیا و ئیتالیا بەشدار بوون. جگە لە چالاکانی ژنۆلۆژی ، ئەنجومەنەکانی ژنان، نوێنەرانی ڕێکخراوە کۆمۆناڵەکان، دایکان و بنەماڵەی شەهیدان، نوێنەرانی گەنجان، باوەڕە ئایینییەکان و بواری کەلتوور و هونەریش بەشدارییان کرد.
کۆنفرانسەکە لە ڕۆژی سێیەمیدا بەردەوامە. نوێنەرانی بەشداربوو لە کۆنفرانسەکەدا لەگەڵ ئاژانسی ئێمە قسەیان کرد و هەڵسەنگاندنیان بۆ گرنگیی کۆنفرانسەکە کرد.
"پەیامی ڕێبەر ئۆجالان هەستی شۆڕشگێڕی لە ژناندا دروست کرد"

بەرماڵ چەم، هونەرمەندی کورد کە بەشداری کۆنفرانسەکەی کردبوو، ئاماژەی بەوە کرد کە ژنانی وڵاتانی جیاواز بەشدارییان کردووە و وتی: کۆنفرانسەکە بە ڕەنگاوڕەنگی بەڕێوەدەچێت. ژنۆلۆژی بەهۆی فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، پەرەی سەندووە. پەیامی ڕێبەر ئۆجالان لە کۆنفرانسەکەدا خوێندرایەوە و لە نێو هەموو ژناندا خولیایەکی دروست کرد. ئەمڕۆ لێرە چەندین بابەتی گرنگ تاوتوێ دەکرێن. گفتوگۆی گرنگ لەبارەی چارەسەر، بنیاتنانی نوێ، بەها ڕەوشتی و جوانکارییەکان و بوارەکانی کولتوور و هونەر دەکرێت.
بەرماڵ چەم بەو وتانەی کە وەک لەو کۆنفرانسەشدا دەردەکەوێت، هەر ژنێک هەم خۆی و هەمیش هیواکانی قۆناغی نوێ لە ژنۆلۆژی دەبینێتەوە، ئاماژەی بەوە کرد کە ژنۆلۆژی هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانی ژنان و کۆمەڵگاش دەدات.
بەرماڵ چەم قسەکانی بەو وتانە کۆتایی پێهێنا: دەزانین ئەوەی دەبێتە دەرمان بۆ برینەکانی ژنان، ژنۆلۆژی هەروەها ئەوەی دەبێتە دەرمانی برینەکانی کۆمەڵگاش، ژنۆلۆژیە.
"لە کۆنفرانسەکەدا لەبارەی قۆناغی نوێ گفتوگۆ دەکەین"

کیرا، کە لە ئەڵمانیاوە بەشداری کۆنفرانسەکەی کردبوو، ئاماژەی بەوە کرد کە یەکەم جار لە ساڵی ٢٠١٩دا ژنۆلۆژیی ناسیوە و وتی: زۆر دڵخۆشین کە کۆنفرانسێکی ژنۆلۆژی لە ئەورووپا بەڕێوەدەبەین. هەموومان چاوەڕوانی ئەم ڕۆژە بووین. ئێستا لە قۆناغێکی نوێی بنیاتنانی کۆمەڵگاداین، بۆیە ڕۆڵی ژنۆلۆژی بۆ ئێمە ڕۆڵێکی ژیانە. ژنانی وڵاتانی جیاواز، وەک ئیتالیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا و بێگومان کوردستان، لێرە کۆبوونەتەوە. ئامانجمان ئەوەیە کە لەبارەی دەستپێشخەرییە پەیوەندیدارەکان بە ژنۆلۆژی گفتوگۆ بکەین و ئەم قۆناغە نوێیە دووبارە هەڵبسەنگێنینەوە. هەم هیواوارین و هەم باوەڕمان بەو کۆنفرانسە و کارە کۆمەڵییەکەمان تەواوە. باوەڕمان وایە کە ئەنجامێکی باش بەدەست دەهێنین.
"بە ڕۆحی ژن، ژیان، ئازادی کۆبووینەتەوە"

لینا، بەو وتەیەی کە ئەم کۆنفرانسە بۆ ئێمە هەنگاوێکی زۆر گرنگە، ئاماژەی بەوە کرد کە لە کۆنفرانسەکەدا شێوازە نوێیەکانی ڕێکخستن و دیدگاکانی قۆناغی نوێ تاوتوێ دەکرێن.
لینا ڕوونی کردەوە کە بۆ ڕوونکردنەوەی بڕیارە نوێیەکان، گفتوگۆ لەبارەی هەنگاوەکانی داهاتوو بەردەوامە و وتی: لە کۆنفرانسەکەدا بابەتگەلێک وەک چۆنیەتی بەدیهێنانی گۆڕانی کۆمەڵایەتی و ڕۆڵی ژنۆلۆژی لەم گۆڕانکارییەدا هەڵسەنگێندران. هەروەها لەبارەی میتۆدۆلۆژییەکانی توێژینەوە و پەروەردەی ژنۆلۆژی گفتوگۆ دەکەین. لە ساڵانی ڕابردوودا ئەزموونێکی گرنگمان لەم بوارانەدا بەدەست هێناوە. هەڵدەسەنگێنین کە بە تایبەتی لە کوردستان و ئەورووپا لە کوێدا چ کەموکوڕییەکمان هەبووە و بۆچی توێژینەوەکانمان لە چوارچێوەیەکی سنوورداردا ماونەتەوە. ئەمشەو شەوەکۆڕییەکیشمان دەبێت. ژنانی کەلتوور و شوێنە جیاوازەکان لێرە کۆبوونەتەوە و ئەمەش دەوڵەمەندییەکی گەورەیە. زانیاری دەتوانێت بە شێوازی جیاواز دەرببڕدرێت و کەلتوور و هونەریش یەکێک لەو شێوازانەیە.
لینا ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ڕۆژی سێیەمی کۆنفرانسەکەدا گفتوگۆکان دەگەنە ئەنجام و قسەکانی بەو وتانە کۆتایی پێهێنا: پێشنیاری کرداری پێشکەش کراون و جارێکی دیکە پێداچوونەوەیان بۆ دەکەینەوە. بەم شێوەیە بڕیاری کۆمەڵی دەدەین. زۆر بە شەوقین و بە هیواوە سەیری قۆناغی نوێ دەکەین. بە ڕۆحی ژن، ژیان، ئازادی کۆبووینەتەوە و ئەمە بۆ ئێمە زۆر گرنگ و پیرۆزە.