ژنێکی خاوەنپێداویستی تاییبەت نەبوونی بینایی چاوەکانی نەبۆتە ڕێگر لەبەردەم کاری ڕاگەیاندن و کاری چنیندا
ڕێناس جەبار، سەرەڕای نەبوونی بینای چاوەکانی زیاتر لە ساڵێک کاری ڕاگەیاندنی کردووە، لە ئێستادا کاری چنین دەکات، وتی: هیچ جۆرە ڕێگرییەکی تەندروستی و جەستەیی نەکەنە بیانویەک لەبەردەم بەرەوپێشبردنی کارەکانم.

هێلین ئەحمەد
سلێمانی_ دەستڕەنگینی ژنان مێژوویەکی دێرینی هەیە، کاری دەستڕەنگینی لە زۆربەی کۆمەڵگەکاندا خولیا و ئارەزووی کۆمەڵک کەسە، زۆرکات پەیوەندی بە کردارێکەوە هەیە بۆ دەربڕینی بە کەرەستەی جیاواز لە ناو ماڵەکاندا یاخود بۆ دابینکردنی بژێووی ژیان لە لایەن ئەوکەسانەی خولایای دەستڕەنگینیان هەیە ئەنجامدەدرێت، لە ناو گەلی کورد زیاتر ژنان هەوڵ و خولیای کاری دەستڕەنگینیان هەیە، ژنان لە ڕێگەی کاری دەستیی هەوڵ بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان دەدەن، بەڵام کاری دەستڕەنگینی ئەمجارە جیاوازترە، ژنێکی خاوەنپێداویستی تایبەت سەرەڕای نەبینینی چاوەکانی کاری دەستڕەنگینی و دروستکردنی پێداویستی ژنان دەکات.
ڕێناس جەبار جەلال، لە ساڵی ١٩٩٠ لە دایک بووە، تا قۆناغی ٩ی ناوەندی دەخوێنێت، پاشان بەهۆی بارودۆخی ژیانەوە واز لە خوێندن دەهێنێت، لە ئێستادا خاوەنی چوار کچە، کە بونەتە ڕۆشنکەرەوەی چاوەکانی دایکیان تا کارەکانی چنین بە باشترین شێوە ئەنجامبدات، ماوەی زیاتر لە ساڵێک کاری بێژەری لە ڕادیۆی کەرکوک کردووە، هەروەها لە ڕێگەی ڕێخراوی ڕۆشنای دڵ بۆ خاوەنپێداویستی تایبەت، هەوڵ بۆ بونیادنانی پیشەیەک دەدات، ماوەی چەند ساڵێکە لە ڕێکخراوەکەدا هەوڵی فێربوونی کاری چنین دەدات، لە ئێستادا لە ڕێگەی پەیجەکەی بە ناوی " ڕێناز دیزاین " کاری دروستکردنی پێداویستی ژنان دەکات.
" نەبوونی ئەندامێکی جەستەم نابێتە ڕێگر لەبەردەم کارکردنمدا"
ڕێناس جەبار جەلال، خاوەن پێداویستی و دەستڕەنگین، باسی لە فێربوونی کاری دەستڕەنگینیەکەی دەکات، ماوەی چەند ساڵێکە کاری چنینی جانتا و پێداویستی ژنان دەکات، لە ساڵی ٢٠١٠دا لە ڕادیۆی کەرکوک لەسەر تەوەرێکی کۆمەڵایەتی وەک بێژەر کاری کردووە، لە ئێستادا لە ڕێگەی ڕێکخراوی ڕۆشنای دڵەوە توانیویەتی هەلی کار بۆ خۆی لە ڕێگەی کاری چنینەوە دابینبکات وتی: زیاتر لە دوو ساڵە خەریکی فێربوونی کاری چنینم لە لایەن چەندین مامۆستای شارەزا لە ڕێکخراوی ڕۆشنایی دڵ، پێشووتر کاری پێشکەشکاریم لە ڕادیۆ کردووە، هیچکات نەبوونی چاوەکانم نەبونەتە ڕێگر لەبەردەم کارکردن و هەڵبژاردنی خولیاکانم بۆکارەکانم، ئێستە لە ڕێگەی پەیجەکەمەوە هاوڵاتیان داوای چنینی جانتا و چەندین کاری دەستی دیکەم لێ دەکەن، زۆر بر متمانەوە ڕەنگ و مۆدێلەکانم بۆ دەنێرن و دروستانی دەکەم، کچەکانم لە کاتی کارکردندا هاوکاریم دەکەن، ئاستەنگیم لە ناسینەوەی ڕەنگەکاندا بۆ دروست دەبێت، بەڵآم کاتێک ڕەنگەکانم بۆ دیاری دەکەن منداڵەکان هاوکاریم دەکەن، کارەکە کەمێک زەحمەتی هەی بەڵام خۆشویستنی کارەکە نەبۆتە ڕێگر لەبەردەم دروستکردنی پێداویستییەکان، کاتێک فێری چنینیان دەکردین مامۆستا بە دەستگرتن پێدەوتینمورووەکان چۆن بەکار بهێنین، ئێستە بۆ دروستکردنی جسانتاکان سود لە ڕێنمای مامۆستاکانم دەبینم، سەرەتای دەستپێکردن دەبێت زۆر بە وردی موروەکان بەیەکەوە پەیوەستبکرێن، پاشان لە ڕێگەی هەڵبژاردنی مۆدێلەکەوە دەستەکەین بە چنینەکە، پاشان چەندجۆرێک لە دەستکی جانتامان هەیە، کە بازاڕی و دەستکردن، هاوڵاتیان ڕەخبەتیان لەسەرە، کڕیاران لە ڕێگەی ناردنی دواکارییەکانەوە ئەو جانتایەی دەیانەوێت داوای دەکەن، پاشان منداڵەکان پێمدەڵێن چ مۆدێل و ڕەنگێکە لە ڕێگەی ئۆنڵاینەوە پێدوایستییەکانم دەکڕم، دوای دەستدەکەم بە دروستکردنی پێداویستی کارەکان، هەندێک جار وا هەستدەکەن نەتوانم ئەو مۆدێلەی دەیانەوێت دروستی بکەم، بەڵام کارەکانم دەبینن کە چەند جوانن بۆیە دوای دەکەن خۆم بۆیان بکەم، لە ئێستادا جانتایەکم لەبەردەستە ڕەنگی شینە و دەسکی بازاڕی هەیە، کە بە جوانترین شێوە و هەمان مۆدێل کە داواکراوە دروستی دەکەم.
"هیچ جۆرە ڕێگرییەکی تەندروستی و جەستەیی نەکەنە بیانوو"
ڕێناس جەبار، لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: کردنەوەی پێشانگاکان بۆ ئێمەی ژنانی دەستڕەنگین کاریکی پێویستە، لە ڕێکخراو ڤیستیڤاڵمان بۆ ئەنجام دەدەن، ئێمەی ژنانی دەستڕەنگین پێویستمان بە هەبوونی ڤیستڤاڵيکانە تا بەرهەمەکانمان ساغ بکەینەوە، ئێمە لە ڕێگەی ڕێکخراوەکانەوە پاڵپشتیمان بۆ کارکردن دەکرێط، هەردەم لە هەوڵدان کەسانی خاوەنپێداویستی تایبەت لە ڕێگەی کارێکەوە بتوانێت بژێوی خۆی دابین بکات، هیوادارم سەرجەم کەسانی خاوەنپێداویستی تایبەت لە ڕێگەی ئەو کارەی خولیایانە هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی بدەن، هیچ جۆرە ڕێگرییەکی تەندروستی و جەستەی نەکەنە بیانویەک بۆبەردەم بەرەوپێشبردنی کارەکەیان، لە کونجێکی ژورەکەیاندا نەمێننەوە، من پشتگیری و هاوکاری خێزانەکەم توانیویەتی ئێستا خاوەنکاربم، پێویستە خێزانەکان هاوکاری کەسانی خاوەنپێداویستی تایبەت بکەن، تا بارودۆخیان نەبێتە هۆکاری تیکچوونی باری دەروونی و جەستەیان.