ژنێکی گەنجی کورد لەسەر ڕێگای حافر ڕفێندرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە
ڕێگای دێرحافر – حەلەب لەم دواییانەدا شاهیدی ڕفاندنی چەندین هاوڵاتی مەدەنی و شۆفێرانی بارهەڵگر بووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشێلکارییەکان پەرەدەسەنن و هیچ لێپرسینەوەیەکی یاسایی یان هیچ لێدوانێکی فەرمی لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە نەدراوە.

ناوەندی هەواڵ- لە چوارچێوەی ئەو پێشێلکارییە بەردەوامانەی کە جیهادیەکانی هەتەشە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی کورد ئەنجامی دەدەن، ژنێکی گەنجی کوردی هاوڵاتیانی شاری کۆبانێ لە کاتی بەرەو گەڕەکی شێخ مەقسوود لە شاری حەلەب بۆ سەردانی کەسوکارەکەی ڕفێندرا.
بەرەبەیانی ڕۆژی ١٣ی ئەیلوول، هەیفا عادل تەیار، ژنی گەنج لەکاتی گەشتکردنی لە شاری کۆبانێیەوە بەرەو حەلەب بۆ سەردانی کەسوکاری دانیشتوی گەڕەکی شێخ مەقسوود ڕفێندرا، لەکاتێکدا بە دێرحافردا تێدەپەڕی، لەلایەن گروپێکی سەر بە جیهادییەکانی هەتەشە ڕێگری لێکرا و بردیانە شوێنێکی نادیار، چارەنووسی ئەو ژنە گەنجە تا ئێستا نادیارە، هەروەها بنەماڵەی هەیفا تەیار داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن هەنگاو بنێن و چارەنووسی ژنە گەنجە ڕفێنراوەکەیان ئاشکرا بکەن.
ئەم ڕووداوەی ڕفاندن و تۆقاندنە پێشێلکردنی مادەکانی سێیەم و هەشتەمی ڕێکەوتنی حەلەب پێکدەهێنێت، کە لە نێوان ئەنجومەنی گشتی گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە و لیژنەی نوێنەرایەتی حکومەتی کاتی سووریا واژۆ کراوە، لە مادەی هەشتەمدا بەڕوونی مسۆگەری ئازادی هاتوچۆ بۆ دانیشتوانی ئەو دوو گەڕەکە دیاری کراوە و دادگاییکردنی هەر تاکێک قەدەغە دەکات کە تێوەگلانی لە ڕشتنی خوێنی سووریا پێش واژۆکردنی ڕێکەوتنەکە نەسەلمێندرابێت، ماددەی سێیەم وەزارەتی ناوخۆ پابەند دەکات بە کۆردیناسیۆن لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بە بەرپرسیارێتی پاراستنی دانیشتوانی ئەو دوو گەڕەکە و دڵنیابوون لەوەی کە توشی هیچ جۆرە دەستدرێژییەک نەبن.