ژنێکی دووگیان لە لایەن هاوژینەکەیەوە سوتێندرا
دوای ئەوەی پیاوێک بۆی دەردەکەوێت، منداڵەکەی ناوسکی هاوژینەکەی کچە، ئاگر لە جەستەی ژنەکەی بەردەدات و دەیسوتێنێت.

ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، بڵاویکردەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە شارۆچکەی ماکۆی سەر بە پارێزگای ورمێ، پیاوێک هاوژینەکەی سووتاند، لە دووای چەند ڕۆژێک لە ڕوداوەکە و مانەوەی ژنەکە لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستدا.
فاتمە ڕەسوڵی لە لایەن هاوژینەکەی بە ناوی ڕەسوڵ تەیار، دەست و قاچی بەستراوەتەوەو ئاگر لە جەستەی بەردراوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی منداڵەکەی ناوسکی کچ بووە.
هاوڵاتیانی ئەو شارۆچکەیە ئاماژە بەوە دەدەن ئەو خێزانە خاوەنی پێنج منداڵی کچ بوون، دوای ئەوەی فاتمە دووگیان بووە و لە سۆنەردا دەرکەوتووە منداڵەکەی کچە، بەو هۆیەوە لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژراوە.
پاش ڕوداوەکە، پیاوەکە هەڵهاتووە و تا ئێستا لەلایەن لایەنە ئەمنییەکانەوە هەوڵێکی جدی نەدراوە بۆ دەستگیرکردنی.