ژنێک لەلایەن هاوژینی پێشوویەوە تێزاب بە ڕووخساریدا دەکرێت
ژنێک لە شاری بەغداد، لەلایەن هاوژینی پێشوویەوە تێزاب کرا بە ڕووخساریدا، ئەمەش توڕەیی و ئیدانەکردنی بەرفراوانی لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی و مەدەنی لێکەوتەوە، دەسەڵاتدارانی عێراقیش لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە.
ناوەندی هەواڵ
لە ٥ی تەمووز، لە ناو باڵەخانەی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی “ئەلنەخیل” لە شاری بەغدا، پزیشک فیرۆزا کە پزیشکی سڕکردنی عێراقییە، لەناو ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هاوژینی پێشوویەوە بەناوی دکتۆر محەمەد ئەلعەقیدی، کە پزیشکی نەشتەرگەری جوانکارییە، تێزاب بە ڕوخسار و جەستەیدا کراوە. بەو هۆیەوە بە سەختی بریندار بووە، یەکێک لە چاوەکانی لەدەستداوە و لە ئێستادا لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدایە.
دوابەدوای ڕووداوەکە، دەزگا ئەمنییەکانی عێراق تۆمەتبارەکەیان دەستگیرکرد و ڕێکارەکانی لێکۆڵینەوە لەژێر چاودێریی دەسەڵاتی دادوەریدا دەستیپێکرد. دەسەڵاتداران دووپاتیان کردەوە کە لێکۆڵینەوەکان هێشتا بەردەوامن و هەموو وردەکارییەکانی ڕووداوەکە دوای تەواوبوونی کۆکردنەوەی بەڵگەکان، گوێگرتن لە شایەتحاڵەکان و دەرچوونی ڕاپۆرتی پزیشکی دادوەری یەکلایی دەکرێنەوە.
ئەم دۆسیەیە کاردانەوەی توندی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەدوای خۆیدا هێنا و هێماوژێژ (هەشتاگ)ێک کە ناوی پزیشکەکەی هەڵگرتبوو، لە عێراقدا بووە ترێند و دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو. ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ داواکاریی جەماوەریی بۆ سەپاندنی توندترین سزای یاسایی بەسەر تاوانبارەکەدا ئەگەر تۆمەتەکانی لەسەر بسەلمێنرێت، هەروەها لێپرسینەوە لەگەڵ هەر کەسێک کە بسەلمێندرێت دەستی لەم تاوانەدا هەبووە.
ئەم ڕووداوە دڕندانەیە، جارێکی دیکە پرسی توندوتیژیی خێزانی و هێرشکردنە سەر ژنانی هێنایەوە پێشەوە. لەم چوارچێوەیەدا، چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ژنان، داوای بەهێزکردنی ڕێوشوێنەکانی پاراستنی یاسایی بۆ ژنان، زیادکردنی سزا بۆ ئەنجامدەرانی تاوانە توندوتیژییەکان و دابینکردنی میکانیزمی کاریگەرتر دەکەن بۆ دەستێوەردانی پێشوەختە لەو حاڵەتانەی کە هەڕەشە یان ناکۆکیی خێزانییان تێدایە.