ژنێک لە چەمچەماڵ لەلایەن خاڵییەوە کە چەتەی داعشە کوژرا
دوێنێ لە چەمچەماڵ ژنێک کوژرا، بنەماڵەکەی دەڵێن: لەلایەن “خاڵ”ـیەوە کوژراوە، کە بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەرە و لە ماوەکانی ڕابردوودا بە تۆمەتی ئەندام بوون لە داعش دەستگیر کراوە.

ناوەندی هەواڵ
دوانیوەڕۆی ٣ی شوبات، لە شارۆچکەی چەمچەماڵ ژنێک بە ناوی لەنیا ئەحمەد، کە تەمەنی ٣٣ ساڵ بوو کوژرا، کە خێزانداربووە و خاوەنی “دوو” منداڵ بووە.
بنەماڵەی لەنیا ئەحمەد ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوەو تێیدا هاتووە: ڕوونکردنەویەک لە بنەماڵەی لەنیا ئەحمەد حەمەکەریمەوە ئەو ژنەی ئەمڕۆ لە چەمچەماڵ بەشێوەیەکی دڕندانە شەهید کرا.
ناوی تەواوی: لەنیا ئەحمەد حەمەکەریمە و لەدایکبووی ١٩٩٢ە، خێزاندارەو خاوەنی دوو منداڵە مامۆستای بەشی زمانی عەرەبیە لە زانکۆی چەرموو، هیچ کێشەیەکی نەبوو لەگەڵ هیچ کەسێک ژنێکی لەخواترس و باوەڕدار و سەنگین و خانەدان بووە و خاوەن بڕوانامەی ماستەربوو.
لەلایەن خاڵێکییەوە بە ناوی (حەمەزە حەمید) بەشێوەیەکی دڕندانە شەهید کراوە بکوژەکە ئاڵوودەبوی ماددەی هۆشبەرە و چەتەی داعشە پیشتریش لە ساڵی ٢٠١٦ پەیوەندی بە داعشەوە کردووە و لەلایەن ئاسایشەوە ماوەیەک سزادار بەڵام نازانن چۆن ئازاد کراوە کە خۆی وتویەتی من داعشم.
تکا دەکەین لە پەیج و ئەکاونت و ڕاگەیاندنەکان کەس لەخۆیەوە هەواڵی ناڕاست بڵاو نەکاتەوە ،ئێمە ئێستا لە خەمێکی قوڵین نیگەرانی دایگرتووین تکایە هاوکارمان بن نەک ئازارمان بدەن .
ئەوە لە کاتێکدایە شەوی ٢ی شوبات، لە گەڕەکی کانی کوردەی سلێمانی، ژنێک بە دەستڕێژی گولـلە کوژرا.