ژنێک بەشێوەیەكی گوماناوی لەسلێمانی گیانی لەدەستدا

ژنێکی گەنج لە شاری سلێمانی بە گوماناوی گیانی لەدەستداو پۆلیس دەڵێت: حاڵەتی خۆکوژی بووە، بەڵام تا ئێستا هۆكاری ڕووداوەكە نەزانراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

کوشتنی ژنان لە باشووری کوردستان ڕۆژ لەڕۆژ زیادبووندایەو هەروەها گیان لەدەستدانی گوماناویش بەهەمان شێوە، ژنان لەلایەن پیاوانی ناو خێزانەکانیان دەکوژرێن و هان دەدرێن بۆ خۆکوشن.

 

سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لەبارەی گیانلەدەستدانی ژنێك بەشێوەی گوماناوی ڕایگەیاند، ئێوارەی ڕۆژی ڕابردوو لە گەڕەکی چراخانی شاری سلێمانی ژنە خوێندکارێکی گەنجی تەمەن ١٦ ساڵ بە چەکی باوکی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

 

وتیشی، بە پێی ڵێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی تیمەکانی بەڵگە و تاوان دەركەوتووە حاڵەتی خۆکوژی بووە و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە.

 

بەپێی زانیارییەكان، ژنە خوێندکارەکە لە پۆلی ١٠ـی ئامادەیی رازی کچان بووە، باوکی ئەو ژنە ئەفسەری سەربازییە.