ژنانی ئێزدی و عەرەب بە ڕۆحی سەرهڵدان پێشوازی لە ٨ی ئادار دەکەن

ژنانی ئێزیدی و عەرەب، کە باسیان لە ٨ی ئادار کرد، ڕایانگەیاند کە ٨ی ئادار ڕۆژی ڕاپەڕین و سەرکەوتنی ژنانە، داواشیان لە هەموو ژنانی جیهان کرد دژی ستەم و چەوساندنەوە ڕاپەڕن.

 شنگال – تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی (تاژێ) لە ۲٥ی شوبات، بە بەشداریی دەیان ژنی ئێزدی و عەرەب، لە بازاڕی کۆنی شەنگال، دەستپێان بە چالاکییەکانی ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان کرد، و ٨ی ئاداریان بە دروشمی ' "ژن،ژیان،ئازادی" دەستکەوتی شۆڕشی ژنان دەپارێزین' ڕاگەیاند.

 

 ئەندامانی بزووتنەوەی ژنانی ئێزدی و بزووتنەوەی ژنانی عەرەب سەبارەت بە ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی ژنان قسەیان لەگەڵ ئاژانسەکەمان کرد، ئەو ژنانە داوایان لە هەموو ژنانی جیهان کرد کە هەستن و دەنگیان بەرز بکەنەوە لە دژی ستەم.

 

 'ئێمە بە ناسینی ڕێبەر ئاپۆ و بیرۆکەکانی خۆمان ناسی'

 

سۆلیتانا ئەسوا ژنێکی عەرەب  ڕایگەیاند، دوای ئەوەی لە بیرکردنەوە و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئاگاداربووین، هەموو ساڵێک بە ڕۆحی سەرهڵدان ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان بەڕێوەدەبەین، و ئێمە بە ناسینی ڕێبەر ئاپۆ و بیرکردنەوەکانی خۆمان ناسی و ئێمەش بەشداریمان لە کار و هەوڵەکاندا کرد، بۆ ٨ی ئادار، هەموو ژنان لە سەرانسەری جیهان پێویستیان بە وەستانەوە و ئاهەنگگێڕان تایبەت بەم ڕۆژە هەیە.

 

 'لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئاهەنگی ٨ی ئادار دەگێڕین'

 

ئەمشە کۆرکۆرکی ژنێکی ئێزدی ڕایگەیاند کە ژنان لە هەر شوێنێک بن پێویستیان بە پشتیوانی یەکترە، ئێمەی ژنانی ئێزدی و عەرەب پشتیوانی یەکتر دەکەین و پێکەوە خەبات دەکەین، ئەمڕۆ ئێمەی ژنان لە هەر چوار پارچەی  کوردستان و هەموو جیهان بە بیرۆکە و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ خەبات بۆ ئازادی دەکەین، داوا لە هەموو ژنان دەکەم لە هەموو شوێنێک ئاهەنگی ٨ی ئادار بگێڕن، داوا لە ژنان دەکەین نەترسن، ئیرادەیان هەیە، دەتوانن بەرەنگاری هەر هێرش و توندوتیژییەک ببنەوە، لەسەر ئەو بنەمایە پیرۆزبایی ٨ی ئادار لە ڕێبەر ئاپۆ و سەرجەم ژنان دەکەین و سڵاوی خۆمان بۆ ڕێبەر ئاپۆ دەنێرین.

 

 ٨ی ئادار ڕۆژی ڕاپەڕینە

 

 ڕیحان شدر ژنێکی ئێزدی ئاماژەی بەوەدا کە ڕۆژی ٨ی ئادار ڕۆژێکی پیرۆزە، ڕۆژی ڕاپەڕینی ژنانە و بە جلوبەرگی پیرۆزمانەوە ٨ی ئادار ئاهەنگ دەگێڕین و هیوادارم لەو ڕۆژەدا هەموو ژنان هەستن و دەنگیان بەرزبکەنەوە دژی ستەم و چەوساندنەوە، لە لایەکی تریشەوە ژنانی ئێزدی دوای زانینی بیر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ ئاگاداری زانستی خۆیان بوون، هیوادارین ژنان زیاتر خۆیان لەسەر ئەم بیرۆکە و فەلسەفە بەهێزتر بکەن و خەباتی خۆیان بەرز بکەنەوە.

 

 بانگەوازێک بۆ ژنان لە سەرانسەری جیهان

 

 هەروەها سەڤێ کیتۆ ژنێکی ئێزیدی جەختی لە گرنگی ٨ی ئادار کردەوە و ئەم بانگەوازەی بۆ ژنان کرد: ٨ی ئادار ڕۆژی سەرکەوتنی ژنانە، هەموو ژنێک، لە هەر شوێنێک بێت، دەبێت بوەستێت، بانگەوازەکەمان ئەوەیە کە هەموو ژنان لە سەرانسەری جیهاندا بوەستن و بەرەنگاری ببنەوە و واز لە قبوڵکردنی ستەم بهێنن.