ژنانی ئێزدی: فەرمانەکە لەبیر ناکەین
ژنانی ئێزدی ڕایانگەیاند کە هەموو هەوڵێکیان دەدەن بۆ ئەوەی فەرمانەکە لەبیر نەکەن و تۆڵەی ئژنان بکەنەوە، بە بەرزکردنەوەی خەبات زنجیرەکانی کۆیلایەتی دەشکێنین و سەردەکەون.

شنگال
تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی "TAJÊ" لە ١١ ساڵەی فەرمانی ساڵی ٢٠١٤، لە بازاڕی کۆنی شنگال بە دروشمی "ئێمە بە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک تۆڵەی جینۆساید دژی ژنانی ئێزدی دەکەینەوە" پلانی خۆی بۆ کار و چالاکییەکانی ئەو فەرمانە ئاشکرا کرد.
ئەو ژنانەی بەشداربوون قسەیان بۆ ئاژانسەکەمان کرد
ئەمشە کۆرکۆرکی، وتەبێژی ئەنجومەنی شنگال ئاماژەی بەوەکرد، لە ساڵیادی فەرمانی ٣ی ئاب نزیکبوونەتەوە و بۆیە کار و چالاکییەکانیان لە بەرزترین ئاستدا ئەنجام دەدەن و وتی: هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی فەرمانەکە لەبیر نەکەین و تۆڵەی دایکان و خوشکەکانمان بکەینەوە، ١١ ساڵە، بەڵام گۆڕی بەکۆمەڵمان نەکراوەتەوە و ژنانی ئێزدی هێشتا دەفرۆشرێن.
"ئازاری ژنەکانمان یەکە"
ئەمشە کۆرکۆرکی جەختی لەوەکردەوە کە کۆمەڵکوژییەکە نەک تەنیا کاریگەری لەسەر کۆمەڵگەی ئێزدی نەبووە بەڵکو هەموو ژنێکی جیهانیشی گرتەوەو وتی: کۆمەڵکوژی ژنان بەردەوامە، لە هەر چوار پارچەی کوردستان و لە هەموو شوێنێک ژن دەکوژرێت، ئازاری هەموو ژنان وەک یەکە، لە هەر شوێنێک ژن بکوژرێت، ئازادی نییە.
"عێراق هێشتا وەک جینۆساید قبووڵی نەکردووە"
بەبیری هێنایەوە کە دەوڵەتی عێراق تا ئێستا ٣ی ئابی وەک جینۆساید قبوڵ نەکردووە و بەم قسانە کۆتایی بە وتارەکەی هێنا: ئەگەر قبوڵیشی نەکات، ئێمە پێویستمان بە عێراق نییە، هێزمان بەسە بۆ ئێمە، ئێمە تێدەکۆشین، ڕزگارمان دەبێت لە ستەم و توندوتیژی، زنجیرەکانی کۆیلایەتی دەشکێنین و سەرکەوتوو دەبین.
"پەکەکە ئێمەی لە دڕندەیی داعش ڕزگار کرد"
لەیلێ شەرەف، ئەندامی ئەنجومەنی خۆبەڕیوەبەری تل عوزێر ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان خۆیان لەسەر بیرو فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پەروەردە دەکەن و وتی: ئێمە وەک ژنان ئەمڕۆ لێرەین بۆ ئەوەی داوای مافەکانمان بکەین، چالاکییەکانمان بەردەوامن و کەس ناتوانێت ئیرادەمان تێکبدات، لە کاتی فەرمانەکەدا هاوڕێیانی پەکەکە بە هانای ئێمەوە هاتن، ئەگەر ئەوان نەبوونایە ئێمە لەناو دەچووین، منداڵەکانمان لە تینوێتی و برسێتیدا دەمردن، ئەوان خواردن و ئاویان پێداین و لە دڕندەیی داعش ڕزگاریان کردین، لەگەڵ ئەوەشدا، دوای ئەو فەرمانە، ئێمە خۆمان پەروەردە کرد، تێکۆشاین لەسەر بنەمای بیر و فەلسەفەی ڕێبەر خۆمان پەرەی پێدا. تا ئەوکاتەی لە ژیاندا بین، فەرمانەکە لەبیر ناکەین و ناهێڵین لەبیر بکرێت.