ژنانی ئەفغانی؛ وەرزشکردن و دەستڕاگەیشتن بە چاودێری تەندروستی سنووردارە

بەپێی ئەو سنووردارکردنانەی کە لە ئەفغانستان بەسەر ژناندا سەپێنراوە، شۆستەکان بووەتە بەدیلێک بۆ یانە وەرزشییە داخراوەکان، بۆیە ژنان بەیانیان بە پێ دەڕۆن بۆ پاراستنی تەندروستی جەستەیی و دەروونی خۆیان، بە بەرخۆدانی ڕۆژانەیان سەرپێچی لە ستەم دەکەن.

بەهاران لاهیب 

 

 کابول- لە ساڵانی ڕابردوودا ئەفغانستان شاهیدی زیادبوونی بەشداری ژنان بووە لە وەرزشدا، بەو پێیەی هەڵبژاردەی نیشتمانییان پێکهێنا و چالاکیی جۆراوجۆریان ئەنجامدا بۆ پاراستنی تەندروستی خۆیان، هەروەها پێش گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات، یانەکانی ژنان دامەزران و خاوەن جەماوەرێکی بەرفراوانبوون.

 

وەرزش بەشێکی سەرەکییە لە تەندروستی و ژیانی هەموو مرۆڤێک، لە ئەفغانستان ساڵانێک تەنها پیاوان ڕێگەیان پێدەدرا وەرزش بکەن، بەڵام دواتر بەپێی کات و هەوڵی بەردەوام، ژنانی ئەفغانی توانیان بەشداری لە بۆنە و ئاهەنگەکاندا بکەن لە بەشە وەرزشییە جیاوازەکاندا و تیمی تایبەت بە خۆیان پێکبهێنن، ئەم دەستکەوتە تێڕوانینی کۆمەڵگەی گۆڕی و سەلماندی کە ژنان لە هەر بوارێکدا توانای سەرکەوتنیان هەیە.

 

لەگەڵ فراوانبوونی چالاکییە وەرزشییەکان زۆرێک لە یانەکان دامەزران و لەلایەن ژنانەوە سەردانیان کرا بۆ پاراستنی تەندروستی جەستەیی و دەروونییان، هەندێکیان بە خواستی تاکەکەسی و هەندێکیان لەسەر بنەمای ئامۆژگاری پزیشکەکان بۆ چارەسەرکردنیان و باشترکردنی تەندرووستیان وەرزشیان دەکرد، پێش گەڕانەوەی تاڵیبان ژنان لە وەرزشەکانی وەک تۆپی پێ، تۆپی بالە، هونەرە جەنگییەکان چالاک بوون و تەنانەت هەڵبژاردەی نیشتمانییان پێکهێنا.

 

لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لە لایەن تاڵیبانەوە لە ساڵی ٢٠٢١، وەرزشی ژنان بە ڕەسمی قەدەغە کرا، وە چوونە ناو هۆڵەکانی وەرزش و پارکەکان نەما، لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ژنان بە بەراورد لەگەڵ پیاوان ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورەتر دەبنەوە لەبەردەم چالاکی جەستەیی، وە زۆرێکیشیان پەنایان بۆ وەرزشی تاکەکەسی بردووە، وەک ڕۆیشتن لە ژوورەوە یان بەیانیان بۆ پاراستنی تەندروستی خۆیان.

 

سەرەڕای سنووردارکردنەکان، ژنان چەندین جار ناڕەزایەتیان دەربڕی و پێداگرییان لەسەر ئەوە دەکرد کە وەرزش ئامرازێکە بۆ چاکبوونەوە و پاراستنی تەندروستییان،  بەڵام تاڵیبان ئەم داواکارییە ڕەوایەی پشتگوێ خست، سەرەڕای ئەوەش ژنان ڕێگەی نوێیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ستەم دۆزیەوە، بەشێک لە ئەندامانی تیپ و گروپە وەرزشییەکان توانیان وڵات بەجێبهێڵن، وە بەشێکی تریشیان وەرزشیان بەپێویست دەزانی بۆ تەندروستی خۆیان، بۆیە بەیانیان پێش قەرەباڵغی دەچوونە سەر جادەکان و بە تەنیا یان بە کۆمەڵ بە پێ دەڕۆیشتن، ئەم چالاکییە نەک هەر تەندروستی جەستەییانی باشتر کرد بەڵکو دەرفەتی زاڵبوونیان بەسەر فشار و دڵتەنگیدا پێبەخشین.

 

نەسیمە واسل، دایکێکی تەمەن ٦٠ ساڵە و ڕۆژانە لەگەڵ کچ و بووکەکەی بە شۆستەی شەقامەکاندا دەڕوات، وتی: "نازانم تاڵیبان بۆچی چێژ لە ئازاردانمان وەردەگرێت، پێدەچێت پاساو بۆ بێبەشکردنی ژنان لە کار و خوێندن بۆ پاراستنیان لە پیاوان بهێننەوە، بەڵام ئەو ژنانەی لە سەر شەقامەکاندا سواڵ دەکەن لە کۆمەڵگەیەکی ژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا ڕووبەڕووی چ جۆرە دەستدرێژیکارێک دەبنەوە؟''.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەوان بێبەشیان کردین لە چوون بۆ پارک و گۆڕەپانەکانی وەرزش بۆ ئەوەی کۆمەڵگە گەندەڵ نەکەین، بەڵام ئایا گەندەڵییە سەلامەت بین لە شوێنە داخراوەکاندا کە ڕێزمان لێدەگیرێت؟، لەکاتێکدا لەسەر ڕیگا خۆڵاویی و قەرەباڵغی ئۆتۆمبێلەکان بەڕاستی سەلامەت نین، ئەم گێڕانەوە ئاینییە تاڵیبانانە سەرسامم دەکەن"، هەروەها کاتێک سەیری دەوروبەری کردووە بینیویەتی زۆرێک لە ژنەکانی وەک نەسیمە بە جلی ڕەشی درێژەوە دەڕۆن، وە هەندێکیان بورقایان لەبەردایە بۆ پاراستنی تەندروستی خۆیان، لە هەریەکەیاندا هیوایەکی زۆر هەیە بۆ ڕۆژێک کە جارێکی دیکە بتوانن ژیانێکی ئاسایی و ئازاد و کەرامەت بژین.