ژنانی ئەفغانستان: پێویستە ژنان دەستی یەک بگرن

ژنانی ئەفغانستان کە ڕووبەڕووی چەندین زەحمەتی دەبنەوە لە هاوسەرگیری بەزۆر و فرە هاوسەریگری، وتیان: ژنان لە ئاستێکدان کە دەتوانن تاڵیبان و بیری تالیبان دژی ژنان لەناو ببەن و پێویستە ژنان دەستی یەک بگرن.

بەهاران لاهیب

 

پەنچشیر- لەو وڵاتانەی لەسەر باوەڕی ئیسلامن، بیر و کردارە ئاینییەکان بنەمای هۆشیاری پیاوسالارییەو دژی ژنان بەهێز دەکرێن، لەسەر بنەمای "سەرچاوە ئیسلامییەکان"، مافەکانی ژنان لەلایەن "یاسا زارەکییەکانەوە" پشتگوێ دەخرێن، یەکێک لەو یاسایانە بریتییە لە "فرە هاوسەرگیری".

 

ژنانی ئەفغانستان ڕووبەڕووی کێشەی "فرە هاوسەرگیری" دەبنەوەو ژنان بە زۆر هاوسەرگیریان لەگەڵ پیاوان وەک ژنی دووەم و سێیەم پێدەکرێت، بە تایبەتی، پیاوە دەوڵەمەندەکان هەژاری ژنان بەکاردەهێنن و هاوسەرگیری لەگەڵ ژنان و منداڵانی کچ دەکەن، تاڵیبان، کە دەسەڵاتی وڵاتەکەی گرتووەتەدەست، ژنانی لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی دوورخستووەتەوەو پیاوان هاندەدات بۆ "فرە هاوسەرگیری".

 

"باوکم هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێک پێکردم کە هاوتەمەنی خۆیەتی"

نەسرین شا، کە هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێک لە خێزانەکەی و تەمەنی گەورەتر کردووە، ئێستا دوو کچی هەیە. باسی لەوە کرد کە باوکی بێکارەو لەبەر ئەوەی سێ هاوژینی لە کاتی منداڵبووندا گیانیان لەدەستداوە، هاوسەرگیری لەگەل دایکی ئەودا کردووەو وتی: دایکم بۆ ئەوەی سێ کچەکەی بخوێنن زۆر سەختی بینی، هەتا لە ژیان مابوو نەیدەهێشت باوکم زوڵمم لێبکات، کاتێک لە پۆلی سێ بووم، دایکم بەهۆی نەخۆشییەکەوە کۆچی دوایی کرد، ژیانی ئێمە باش بوو هەتا خوشکەکەم هاوسەرگیری کرد،  دواتر باوکم هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێکی بەتەمەندا پێکردم و پارەیەکی زۆری وەرگرت.

 

"کاتێک وتم هاوسەرگیری ناکەم، هەڕەشەیان لێکردم بمکوژن"

نەسرین شا باسی لەوە کرد کە ئەو کەسەی هاوسەرگیری لەگەڵ کردووە لەگەڵ ژنێکی دیکە هاوسەرگیری کردووە و وتی: ئەو دوو کوڕ و کچێکی هەبوو لە هاوژینی یەکەمی، دەیان جار بە باوکمم وتووە کە من هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو پیاوە ناکەم، بەڵام هەڕەشەی کوشتنی لێکردم، لە کۆتاییدا ناچار بووم قبوڵی بکەم. کاتێک دەستم کرد بە ژیان لەگەڵ هاوژینی یەکەم، هەردووکمان بەڵێنمان بە یەکتر دا کە ژیانێکی باش بە کچەکانمان ببەخشین بۆ ئەوەی وەک ئێمە نەژین، =هەوڵمان دا کچەکەمان بخوێنن، پێش تاڵیبان، کچەکەم بوو بە پزیشک.

 

نەسرین شا داوای یەکگرتوویی لە ژنان کرد و وتی: ئەگەر ئێمە یەکگرتوو بین، دەتوانین ئەو دۆزەخەی خێزانەکانمان بگۆڕین کە پیاوان بەڕێوەی دەبەن و ژنانی دیکە لە خێزانەکانمان ڕزگار دەکەین، ئێمەی ژنانی ئەفغانستان کە دەتوانین لە ڕێگەی خەباتەوە دەتوانین تاڵیبان و بیری تاڵیبان دژی ژنان لەناو ببەین.

 

"پیاوان هێشتا باس لەوە دەکەن کە ئایا مافەکانی ژنان هەن یان نا"

 

هەروەها شیما حەزرەت ئاماژەی بەوەکرد، هاوژینەکەی "مەلا"یەو ساڵێک لەمەوبەر هاوسەرگیری لەگەڵ ژنێکی دیکە کردووە، شیما دوو کچی هەیە لە تەمەنی شەش و سێ ساڵیدا، وتی: هاوژینەکەم مەلای ناوچەکەمانە. ئەو هەمیشە باس لە کێشە ئاینییەکان و مافەکانی ژنان دەکات لە بواری ئایینیدا، لە قوتابخانەیەکی ئاینی لە کابول وانە دەڵێتەوە، ڕۆژێکیان بییم لەگەڵ هاوژینی دووەمی دەچووەوە ماڵەکەی، بەڵام بە هاوژینەکەی دیکەی نەوتبوو هاوژینی هەیە، کاتێک یەکمان بینی سەرسام بووین، ئەەم لەکاتێدایە هاوژینەکەم باسی مافی ژن و ئاین و ئیسلام دەکات.

 

شیما حەزرەت ئاماژەی بەوە کرد، پیاوان توندوتیژی دژی ژنان ئەنجام دەدەن و ئایین وەک بیانوویەک نیشان دەدەن و وتی: هەندێک جار بیر لە خۆم دەکەمەوە، بۆچی ئیسلام تەنها لەسەر ئێمەی ژنان قسە دەکات؟ بۆیە پێویستە ژنان یەکگرتوو بن، وەک ژنانی ئەفغانستان، دەبێت دەستی یەک بگرین، ئێمەی ژنان دەتوانین خۆمان لەم دۆخە ڕزگار بکەین.