ژنانی ئەفغانستان ڕەخنە لە یەکێتیی ئەوروپا دەگرن

بانگهێشتی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا بۆ نوێنەرانی تاڵیبان لەلایەن ژنانەوە کاردانەوەی لێکەوتەوە و هاوکات ڕێکخراوێکی چاودێر ڕایگەیاندووە، هەزار و ٧٤١ ڕۆژە خوێندنگەکان بەڕووی خوێندکارانی کچی سەروو پۆلی شەشەمدا داخراون.

ناوەندی هەواڵ

 

شاندێکی تاڵیبان لە ٢ـی حوزەیران لەسەر بانگهێشتی یەکێتیی ئەوروپا گەشتیان بۆ برۆکسلی بەلجیکا کرد، بەگوێرەی کۆمسیۆنی ئەوروپا، کۆبوونەوەکە لەسەر ئاستی شاندی تەکنیکی بەڕێوەچوو و تیشک خرایە سەر هاریکاری لە بارەی گەڕانەوەی ئەو هاووڵاتییە ئەفغانییانەی کە داوای مافی پەنابەرییان ڕەتکراوەتەوە یان لە وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا تاوانیان ئەنجامداوە.

 

سەردانەکەی شاندی تاڵیبان بۆ برۆکسل کاردانەوەی بەرفراوانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، چالاکوانانی مافی ژنان، بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان و ژمارەیەک لە سیاسەتمەدارانی ئەورووپا و ئەفغانستانی لێکەوتەوە، ڕەخنەگرانیش بە کردارێک پێناسەی دەکەن کە ناکۆکی لەگەڵ هەڵوێستە ڕاگەیەندراوەکانی یەکێتیی ئەورووپا سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ لە ئەفغانستان یەکناگرێت.

 

کۆمەڵێک لە بزووتنەوەی ژنانی ناڕازیی باکوور لە شاری قەندووزی ئەفغانستان لە وەڵامی سەردانەکەی شاندەکە  گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: بانگهێشتکردن و میوانداریکردنی نوێنەرانی تاڵیبان بۆ ئەورووپا پێچەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤ و دادپەروەری و شکۆی مرۆڤە و دەکرێت ببێتە هۆی ڕەوایەتیدان بە حکومەتێک، کە مافە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتییان و بەتایبەت ژنانی پێشێل کردووە.

 

ئەوە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی ئەفغانستان سەبارەت بە داخستنی خوێندنگەکانی کچان لەلایەن تاڵیبانەوە لە ڕاگەیاندراوێکدا هۆشداری دا، بۆ پێنجەمین ساڵی یەک لەدوای یەک مافی خوێندن لە کچانی ئەفغانستان زەوت کراوە، کە بەپێی ئامارەکان هەزار و ٧٤١ ڕۆژە خوێندنگەکان بەڕووی کچانی سەروو پۆلی شەشەمدا داخراون.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین کە ڕێگە نەدەن ئومێدی ملیۆنان کچ بۆ خوێندن لەناو بچێت.