ژنانی تونس داوای ئازادی و سەربەخۆیی دادوەری دەکەن
یەکێتی گشتی کاری تونس و کۆمەڵەیەکی بەربڵاو لە ڕێکخراوی دادپەروەری و ژنان خۆپیشاندانێکی نیشتمانیی گەلیان ڕێکخست، بۆ شەرمەزارکردنی تێکچوونی بارودۆخی گوزەران و ئازادییەکان، داوای ئازادکردنی دەستگیرکراوانی بیروبۆچوون و دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی دادوەری دەکەن.
تونس
بەشداربووان لە خۆپیشاندانی نیشتمانیدا داوای دابینکردنی هەلی کار، بەرەنگاربوونەوەی هەژاری، باشترکردنی توانای کڕینیان کرد، جەختیان لەسەر پێویستیی ئازادکردنی دەستگیرکراوان، دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی دادوەری، چالاککردنی ئەو یاسایانە کردەوە کە کرێکارانی کشتوکاڵی لە ئاڵۆزی و لاوازی ئابووری دەپارێزن.
لە ناوەندی یەکێتیی گشتیی کاری تونسەوە تا دەگاتە شانۆی شارەوانی لە پایتەخت، خۆپیشاندانی نیشتمانی بەڕێوەچوو کە گەلێک لە ژنانی تونسی لە ڕەنگارەنگی و بوونی سیاسییە جیاوازەکانیان کۆکردەوە، لەوێ دروشمی جیاوازیان بەرزکردەوە کە ئەوەشیان شەرمەزارکرد کە بارودۆخەکە لە هەموو بووارەکاندا بەرەو تێکچوون چووە.
لە خۆپیشاندانەکەدا نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە حیزب، ڕێکخراو و کۆمەڵە دادپەروەریەکان و ژنانی بەشداربوون و هاتنە سەر شەقام، لەوانەش کۆمەڵەی تونسی بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ، کۆمەڵەی ژنانی دیموکرات، دەنگی ژنان، کۆمەڵەی پاڵپشتیی دەستپێشخەرییەکان لە کەرتی کشتوکاڵدا، دەستەی پارێزەران، سەندیکای ڕۆژنامەنووسان، و کۆڕبەندی تونسی بۆ مافە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان.
لە گرنگترین ئەو داواکارییانەی کە خۆپیشاندەران لەسەری ڕێککەوتبوون، دابینکردنی هەلی کار، باشترکردنی توانای کڕین، کەمکردنەوەی گرانبوونی ژیان، باشترکردنی خزمەتگوزاریی نەخۆشخانە و قوتابخانەکان، لەگەڵ داواکردنی ئازادکردنی دەستگیرکراوان بەهۆی بیروڕا و چالاکیی سیاسی و مەدەنییانەوە، دەستەبەرکردنی ئازادیی دەربڕین و ڕۆژنامەگەری و خۆپیشاندانی ئاشتییانە، هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایانەی ڕێگری لەم ئازادییانە دەکەن.
لە گرنگترین داواکارییەکانی دیکەش، دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی دادوەری لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی سەربەخۆ، دامەزراندنی دادگای دەستووری، دەستەبەرکردنی هەڵبژاردنی ئازاد و پاکژ کە دەستەیەکی هەڵبژاردنی سەربەخۆ سەرپەرشتیی بکات، تاوەکو گەل بتوانێت دەسەڵاتدارانی خۆی هەڵبژێرێت و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات و لە ڕێگەی سندوقی دەنگدانەوە بگۆڕێت.
خۆپیشاندەران چەندین دروشمی جیاوازیان بەرزکردەوە وەک "کار، ئازادی، کەرامەتی نیشتمانی"، "ئازادیی ڕۆژنامەگەری هێڵی سوورە"، "دەرگا داخراوەکان لەسەر ڕۆژنامەگەری، بەندیخانەی داخراون لەسەر عەقڵەکان"، "ئەی حکومەتی شەرمەزار، نرخەکان بەرز بوونەتەوە"، "خۆڕاگرین"، "بەرخۆدێرین"، "یاخین دژی هەموو دواکەوتووییەکان".
لە ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی هەژاریدا "ئێمە هەژار کراوین"
حەلیمە هلمامی، چالاکوانی ژنان و دادپەروەر بۆ ئاژانسەکەمان وتی: بارودۆخی تونس زۆر نالەبار بووە، بەجۆرێک هەموو گەل لە هەژاری، برسییەتی، بێبەشبوون لە بنەڕەتیترین پێداویستییەکانی ژیانێکی شایستە، لەوانەش ئاوی خوارنەوە، دەرمان و هۆکارەکانی گواستنەوە کە دابینکردنیان بۆ هاتووچۆی ڕۆژانە و تەنانەت بەشداریکردن لە چالاکییەکانیشدا بووەتە کارێکی سەخت.
ئاماژەی بەوەش کرد، لە کاتێکدا کە هەموو جیهان لە قەیرانی جیاوازدا دەژێ، تونس تووشی قەیرانێکی دووقات بووەتەوە کە بریتییە لە تەسککردنەوەی ئازادییەکان، پڕکردنی بەندیخانەکان لە تێکۆشەران (ژن و پیاو)، سەرەڕای بەئامانجگرتنی ئەو دەستکەوتانەی شۆڕش لە جەوهەردا بەدەستی هێنابوون و لە سەروویانەوە ئازادیی دەربڕین و ئازادییە گشتی و تاکەکەسییەکان.
"پێویستە هاوارێکی ترسی ڕاستەقینە بڵند بکرێتەوە بۆ ڕزگارکردنی وڵات"
لە هەمان چوارچێوەدا، حەلیمە هلمامی شەرمەزارکردنی بەردەوامبوونی توندوتیژیی ئاڕاستەکراو دژی ژنانی کرد، چ لە شوێنە تایبەتەکاندا بێت یان گشتییەکان، سەرەڕای جیاکاریی بەرنامە بۆ داڕێژراو و پەراوێزخستنی ئابووری کە لێکەوتەکانی دەگەنە ژنان، ئەوەش دەیانکاتە دیارترین زیانبەرکەوتوو لە سایەی ئەم بارودۆخە سەختانەدا، بەتایبەتی لەگەڵ گەشەکردنی وتاری بێڕێزی و نەبوونی پاراستنی پێویست بۆ زیانبەرکەوتووانی سەرکوتکاری و توندوتیژی بە هەموو جۆرەکانییەوە.
باسی لە ئازارەکانی توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە کرد، لەوانەش بەتەمەن و گەنجان کە بێبەشن لە بنەڕەتیترین پێداویستییەکانی ژیان و کات بەسەربردن، لە سایەی نەبوونی هەلی کار، خوێندن و ڕاهێنانی گونجاو، و بارودۆخی کاری شایستە.
"یاسا دواکەوتووەکان بۆ بێدەنگکردنمانن"
موەدە جەمیعی، چالاکوانی ژنان و ژینگەپارێز ڕوونیکردەوە، کە ئەو ئەمڕۆ بەشداریی لە خۆپیشاندانەکەدا کردووە کە لە پایتەختەوە دەستی پێکرد، بۆ شەرمەزارکردنی ئەو زوڵم و چەوسانەوەیەی گەلی تونس تێیدا دەژێ، هاوڵاتییان ئەمڕۆ بوونەتە بەندکراو لە بەندیخانەکاندا، خەڵکی ڕادەگیرێن و دەخرێنە بەندیخانەوە بەهۆی ڕایەک، وشەیەک، هەڵوێستێک کە دەریدەبرن.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە بەشداریکردنی بۆ ئاڕاستەکردنی پەیامێکی ڕوون بووە بۆ دەزگاکانی دەسەڵات، بەوەی کە ئیتر ناکرێت بەپێی وتاری ئێستای بەردەوام بێت، بێزاریی خۆی دەربڕی بەرامبەر بەوەی پێناسەی کرد بە ڕێکارە سیاسییەکانی دەسەڵات کە دەپێورێن بۆ سەرکوتکردنی دەنگە ئازادەکان و تەسککردنەوەی ئازادییەکان.
باسی لە بارودۆخی ژینگەیی لە پارێزگای قابس کرد، هیچ شتێکی تێدا نەگۆڕاوە تەنانەت دوای سەردانە ڕەسمییەکانی ئەم دواییەش، وتی: مرۆڤەکان دەخنکێنن، ڕۆژانە دەمرن و هیچ شتێک ناگۆڕێت، دەبینین ڕاپۆرت و قسەی بەتاڵ و دروشمی ناڕوون و یاسای کۆنەپەرستانە و دواکەوتووانە ئامادە دەکرێن و دەخرێنە سەر ڕەفە، لە کاتێکدا خەڵک بەهۆی پەکخستنی پرۆسەی کارەوە سزای زیندانیان بەسەردا دەسەپێنرێت.
پێیوابوو کە هەموو پرۆژە و بەڵێنانەی ئەمڕۆ پێشکەش دەکرێن جێگەی شانازی نین و موژدەی خێر نادەن، لە کۆتاییدا جەختی لەسەر دەستگرتن بە جوڵانەوە لە شەقامدا کردەوە، بە بەرزکردنەوەی دروشمی "نه ترس نه تۆقین، شەقام موڵکی گەلە".
"بارودۆخی کرێکارانی کشتوکاڵ هێشتا سەختە"
مونیرە بن ساڵح، ڕێکخەری جوڵانەوەی کرێکارانی کشتوکاڵ، جەختی لەوە کردەوە، کە بەشداریکردنی ئەمڕۆی لە خۆپیشاندانەکەدا بۆ دەربڕینی بارودۆخی کرێکارانی کشتوکاڵییە لە سەرانسەری وڵاتدا، هەروەها هیچ شتێک تا ئەمڕۆ نەگۆڕاوە، بارودۆخەکە وەک خۆی ماوەتەوە بەڵێنەکان هەن بەڵام بێ هیچ جێبەجێکردنێک لە میداندا.
ڕوونیکردەوە، کە کەرتی کشتوکاڵ هێشتا دەپوکێتەوە و کرێکاری کشتوکاڵی هێشتا لە پەراوێزخستن، بێباکی و نەبوونی مافەکان دەنڵێنێت تەنانەت لە بنەڕەتیترین مافەکانیدا لە پەیوەند بە تەندروستی، داپۆشینی کۆمەڵایەتی و گواستنەوەی ئارام و شایستە، وتی: داواکارییەکانمان بە تەواوی کۆمەڵایەتین، هاتووين ئەمڕۆ تا بڵێین نا بۆ پەراوێزخستن و نا بۆ بەکەم سەیرکردنی کرێکارانی کشتوکاڵی.
هەروەها جەختی لەسەر دەستگرتنی ژنانی کشتوکاڵکار بە داواکاریی بنەڕەتییان لە چالاککردنی نوسراوەکە کردەوە، ئامادەییی خۆیانی دەربڕی بۆ ئەنجامدانی هەموو جۆرە خەباتێکی ئاشتییانە بۆ بەدەستهێنانی.