ژنانی سوەیدا: مافی منداڵانی سووریا لەکوێیە؟
خەڵکی شاری سوەیدای سووریا ماوەی ١٤ مانگە بەبێ پچڕان بەردەوامن لە چوونە دەرەوە بۆ گۆڕەپانی کەرەمە بۆ ئەوەی داوای مافی منداڵەکانیان بکەن کە ساڵانێکە پشتگوێ خراوە لە ژێر ڕۆشنایی ئەو قەیرانەی وڵاتەکە تووشی دەبێت و بۆ دەستەبەرکردنی ئایندەیەکی باشتر بۆ ئەوان.
ڕوشیل جونیور
سوەیدا- دوێنێ ٢٢یتشرینی دووەم، دەیان خۆپیشاندەر لە شاری سوەیدای سووریا لە گۆڕەپانی کەرەمە کۆبوونەوە بۆ جەختکردنەوە لەسەر بەردەوامی ناڕەزایەتییە ئاشتیخوازەکانیان تا ئەو کاتەی کە داواکارییەکانیان بۆ ئازادی و دادپەروەری و یەکسانی و گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات لەو وڵاتەدا بەدی دێت.
خۆپیشاندەران داوای دەستەبەرکردنی داهاتوویەکی باشتریان بۆ منداڵەکانیان کرد، هەروەها پانکارتیان بۆ منداڵانی سووریای بێبەشبوو لە مافەکانیان هەڵگرتبوو، داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی منداڵانەوە کە دەکەوێتە ٢٠ی تشرینی هەموو ساڵێک، پرسی منداڵانی سووریا لەبەرچاو بگرن.
مامۆستا ئیلهام حەمەد، مامۆستای خانەنشینکراو، سەرەتای قسەکانی بە سڵاوکردن لە منداڵان و منداڵی لە سووریا دەستپێکرد و وتی: منداڵانی سووریا لە ژێر ڕۆشنایی بارودۆخی ئەمنی ئێستای وڵاتدا بێبەشن لە منداڵی و خوێندن و پارێزراوی، جەختیشی لەوە کردەوە کە لەبیری ناچێتەوە منداڵانی ناو کامپەکان، کە قەیرانی سووریا سەرەتاییترین مافە مرۆییەکانیانی لێ زەوت کردوون، پرسیار دەکەن کە مافی منداڵی لە سووریا لە کوێیە؟
ئیلهام حەمەد داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە مرۆییەکان کرد کە پەیوەندییان بە پاراستنی مافەکانی منداڵانەوە هەیە، منداڵانی سووریا لەبەرچاو بگرن و داهاتوویەکی باشتر بۆیان مسۆگەر بکەن.
بەشداربوویەک کە هەمیشە لە ناڕەزایەتییەکان ئامادەیە، تیجان شەلحوب، وتی:ئێمە بەردەوام دەبین لە چوونە دەرەوە بۆ گۆڕەپانی کەرەمە بۆ داوای مافەکانمان و مافی منداڵەکانمان، کاتێک چووینە دەرەوە و داوای مافەکانمان کرد، دەنگی ڕاستی و ئازادی ترساندنی، بۆیە دەستیان بەسەر موڵک و ماڵی ئێمەدا گرت، بەردەوام دەبین لە چوونە دەرەوە بۆ گۆڕەپانەکان بۆ بونیاتنانی سووریایەکی نوێ کە ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ژنان دەنگی ڕاستیین، ژنانی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی کەرەمە مایەی هیوان و ڕۆڵێکی سەرەکییان هەیە لە ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکان.
بەشداربوو ئیکتیمال بەنا وتی: ئەم ڕۆژەمان تەرخانکرد بۆ ئەو بزووتنەوەیەی کە داوای مافی منداڵەکانمان بکەین کە لە هەموو مافە مرۆییەکانیان بێبەشن، داوا دەکەین لە ژیانێکی ئازاد و شکۆمەندانە بژین، منداڵەکانمان بێبەشکراون لە پەروەردە و پارێزراویی، بۆیە چووینە دەرەوە بۆ مەیدانەکە بۆ ئەوەی داوای مافەکانیان بکەین بۆ بونیادنانی نەوەیەکی نوێ و تەندروست و خوێندەوار.