ژنانی شەهبا بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا ناڕەزایەتیان دەربڕی

ئەو ژنانەی عەفرین کە ڕوویان لە شەهبا کردووە، ڕۆژانە ڕووبەڕووی هێرشی لەشکرکێشی دەبنەوە، باسیان لە هێرشەکان کرد و ئاماژەیان بەوەکرد، حکومەتی تورکیا دەیەوێت شەهبا داگیر بکات بەڵام لە بەرامبەریدا بەرخۆدان دەکەن.

حەسنا محەمەد

 

شەهبا- لە ئێوارەی دوێنێوە تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٢٠ی تەمووز، دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی، تەواوی گوندەکانی کانتۆنی شەهبا دەکەنە ئامانج کە خەڵکی مەدەنی لێیە. گوندەکانی هیربیل، ئوم هۆش، ئوم ئەلقورە، وەحشییە، شێخ عیسا و دەوروبەری شارۆچکەی تل رەفعەت، بە هاوەن تۆپباران کران، لەئەنجامی ئەو هێرشانەدا خەڵک و موڵکەکانیان زیانی ماددییان بەرکەوت. لە ئەنجامدا هاوڵاتیان بریندار بوون و گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی ئەڤرین لە ناوچەکە، شایانی باسە ڕۆژی ١٨ی تەمووز، دەوروبەری نەخۆشخانەی ئەڤرین و کامپی بەرخۆدان لەلایەن فڕۆکەیەکی تورکیاوە کرانە ئامانج.

 

سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا، ئەو ژنانەی لە گوندەکاندا تۆپباران کران قسەیان بۆ کردین و بۆچوونی خۆیان لە دژی هێرشەکان دەربڕی.

 

"دەوڵەتی تورکیا ناتوانێت بە هێرشەکانی بەرخۆدانمان سەرکوت بکات"

ڕوکەن سلێمان، کە لە گوندی هیربیل دەژی، باسی ئەو ساتانەی کرد کە حکومەتی تورکیا هێرشی کردە سەر گوندەکە و وتی: لەو ساتەوەختەوە کە لە عەفرینەوە کۆچمان کرد تا ئێستا، ئەم گوندە هەموو ڕۆژێک ڕووبەڕووی هێرشی لەشکرکێشی بووەتەوە، نەک تەنها هیربیل، هەموو ئەو گوندانەی شەهبا کە خەڵکی سڤیل تێیاندا نیشتەجێن لەلایەن داگیرکەرانەوە هێرشیان کراوەتە سەر، دەوڵەتی تورک ناتوانێت بە هێرش و هەڕەشەکانی بەرخۆدانمان سەرکوت بکات، سەرەڕای ئەو هێرشانە تا ئێستاش گوند و ماڵ و ماڵی خۆمان چۆڵ ناکەین و بەردەوام دەبین لە بەرخۆدان.

 

"ناهێڵین خەونەکانی ئەردۆغان بێتە دی"

 سەویلیە زینگێ کە لە بەرامبەر هێرشەکانی گوندی وەحشییە بەردەوامە لە بەرخۆدان، وتی: بەردەوامین لە بەرخۆدانمان بۆ گەڕانەوە بۆ عەفرین، هەموو ڕۆژێک دەوڵەتی تورکیا بە هێلیکۆپتەر و فڕۆکەکانی هێرش دەکاتە سەر خەڵکی مەدەنی، دەوڵەتی تورک عەفرینی داگیر کردووە و کۆچمان کرد بۆ شەهبا، دەیەوێت جارێکی دیکەش کۆچ بکەین، بەڵام ئەم خەونەی ئەردۆغان هەرگیز نایەتە دی، ئێمە تا کۆتایی بەرەنگاری هێرشە داگیرکارییەکان دەبینەوە