ژنانی عەرەبی شەنگال بەشدارییان لە هەڵمەتی تاژێ کرد
تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی لە ٥ی ئەم مانگە هەڵمەتێکی بە دروشمی "دژی توندوتیژی سەر ژنان، ژن، ژیان، ئازادی" دەستپێکرد و ژنانی عەرەبی شەنگال بەشداریی خۆیان لەو هەڵمەتەدا ڕاگەیاند.
شەنگال
بۆ ڕۆژی ٢٥ی تشرینی یەکەم، ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزیدی لە ٥5ی ئەم مانگە هەڵمەتێکی بە دروشمی "دژی توندوتیژی سەر ژنان، ژن، ژیان، ئازادی" دەستپێکرد، هەروەها ئەنجومەنی ژنانی عەرەبی شەنگال لە بەیاننامەیەکی نووسراودا پشتیوانی خۆی بۆ هەڵمەتی تاژێ ڕاگەیاند، لە بەیاننامەکەدا بانگەوازی سەرجەم ژنانی عێراقی بە هەموو نەتەوە و پێکهاتە و بیروباوەڕەکانەوە کراوە کە لە ڕۆژێکی وادا یەکبگرن و دژی هەموو جۆرە توندوتیژییەک بەرامبەر ژنان بچنە سەر شەقامەکان و دەنگیان بەرز بکەنەوە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە:
لە جیهاندا قورسترین و بەربڵاوترین و بێباکانەترین شەڕ دژی ژنان بەڕێوەدەچێت، شەڕی فیکری و دەروونی و جەستەیی و هەموو جۆرە توندوتیژییەک لەسەر ژنان دەکرێت، ٢٥ی ئەم مانگە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنانە، لە بەرامبەر ئەم عەقڵیەتە جینۆسایدە ئەم ڕۆژە بووەتە ماڵی هەموو ژنانی جیهان, ئێمە وەک ژنانی عەرەب لە شەنگال ئەم ڕۆژە بە گرنگ دەبینین، زلهێزه دەسەڵاتدارەکانی جیهان بەڕدەوامن له حوکمڕانی خۆیان لە ژێردەستەکردنی ژنان و کۆمەڵگە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا هەمان عەقڵیەت بە توندوتیژیترین و توندترین شێوە بەرامبەر بە ژنان پراکتیزە دەکرێت، لە ژێر پەردەی یاساکانی دەوڵەت و خێڵەکی و بنەماڵەدا ژنان لە سنووری ماڵدا دەهێڵدرێنەوە، ئەو ژنانەی دژی ئەمە دەوەستنەوە و خەبات دەکەن و بەدوای ئازادیدا دەگەڕێن، دەبنە ئامانجی خراپترین هێرشەکانی سیستمی پیاوان.
لە عێراق ژنان ڕووبەڕووی بێمافێکی زۆر دەبنەوە و ڕێگری لە خەباتیان دەکرێت، یاسای باری کەسێتی کە ماوەیەکە لە عێراق باسی لێوە دەکرێت و دەبێتە هۆی هاوسەرگیری کچانی تەمەن ٩ ساڵ، نابێت پەسەند بکرێت، نابێت ژنان بە هیچ شێوەیەک ئەمە قبوڵ بکەن و ناڕەزایەتی بەرامبەری دەرببڕن، ئێمە وەک ژن پێویستە زیاتر دەنگی خۆمان لە دژی ئەم جۆرە یاسایانە بەرز بکەینەوە و ناڕەزایی خۆمان دەرببڕین.
"پێویستە هەموو ژنانی عێراق دەنگیان هەبێت"
ئێمە وەک ئەنجومەنی ژنانی عەرەبی شەنگال، بەم زانیاری و ڕۆحە لەگەڵ ژنانی ئێزیدی یەکگرتووین، هەروەها بە دروشمی "دژی توندوتیژی سەر ژنان، ژن، ژیان، ئازادی" بەشداری هەڵمەتی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی دەکەین، داوا لە هەموو ژنانی عێراقی بە هەموو نەتەوە و پێکهاتە و بیروباوەڕێک دەکەین لەم ڕۆژەدا بۆ خۆیان بوەستنەوە، دژی هەموو جۆرە توندوتیژییەک لە دژی ژنان بچنە سەر شەقامەکان و دەنگی خۆتان لەگەڵ ژنانی جیهان یەکبخەن، وەکو ئەنجومەنی ژنانی عەرەب لە شەنگال دەریدەبڕین کە تێگەیشتنمان لە فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" قووڵتر دەکەینەوە و دەیکەین بە بنەمای خەبات بۆ ئازادی.
بژی تێکۆشانی یەکگرتووی ژنان، 'کۆتایی بە توندوتیژی دژی ژنان دەهێنین'، 'ژن، ژیان، ئازادی'."