ژنانی پێکهاتەکانی سووریا: خۆمان لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا بینیەوە

ژنانی پێکهاتەی کورد و عەرەب و سریانی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایانگەیاند، لەگەڵ دامەزراندنی شۆڕشی ڕۆژئاوا، ئازادی و یەکسانی و ناسنامە و مافی هەموو ژنان مسۆگەر بوو، بوونە نموونە بۆ هەموو ژنانی جیهان.

زەینەب عیسا

 

قامیشلۆ- شۆڕش لە ڕۆژئاوای کوردستان بە ‘شۆڕشی ژنان’ ناسراوە، ژنانی کورد، عەرەب و سریانی، سەرەڕای جیاوازیی زمان، کولتوور، هونەر و ئایین، پێکەوە لە شۆڕشدا بەردەوام بوون لە بەرخۆدان، خەباتێکی گەورەیان بۆ لەناوبردنی ئەو عەقڵیەتە پیاوسالارییە ئەنجامدا کە ئازادی و مافەکانیان سنووردار کردبوو.

 

بە درێژایی شۆڕش، ژنان ڕۆڵی خۆیان لە بەدیهێنانی ژیانێکی هاوبەشدا پێناسە کرد، سیستەمی هاوسەرۆکایەتییان لە هەموو دامودەزگاکاندا دامەزراند و لە لایەنی سەربازییەوە مەترسیدارترین تیرۆری داعشیان لەناوبرد. ژنانی پێکهاتە کوردی و عورەبی و سریانییەکان لەگەڵ ئاژانسەکەمان باسیان لە ڕۆڵی ژنان لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا کرد.

 

خەباتی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نموونەیەک بوو بۆ هەموو جیهان

سورەیا مستەفا، ئەندامی ئەنجومەنی پارتی یەکێتی دیموکراتیک"پەیەدە" سەبارەت بە ڕۆڵی ژنانی کورد لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا وتی: ڕۆڵی ژنان لە شۆڕشدا بابەتێکی زۆر گرنگە، بەتایبەت ژنانی کورد کە ساڵانێک تووشی چەوساندنەوە و سەختی بوون، بە دامەزراندنی شۆڕشی ڕۆژئاوا بوونە پێشەنگ و ڕێبەری شۆڕش، خۆیان لە مێژوودا سەلماند و پێشەنگایەتی کۆمەڵگەیان کرد، لەم شۆڕشەدا ژنان دەنگ و ڕەنگیان هەیە و لە هەموو ڕوویەکەوە خەباتێکی گەورە بەڕێوەدەبەن، ئەوانیش وەک یەپەژە هێزێکی سەربازییان دامەزراند و سیاسەتێکی دروستیان لە بوارەکانی سیاسیدا پەیڕەو کرد، یەکسانی لەناو کۆمەڵگەدا جێبەجێ کرا، ژن و پیاو پێکەوە کاریان دەکرد و پێکەوە گەلەکەیان پێشەنگایەتی دەکرد.

بۆ ئەمەش دەستکەوتی زۆریان لە دامەزراندنی کۆمین و ئەنجومەن و تەڤگەری ژنان و هتد بەدەستهێنا، بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" ئێستا هەوڵدەدەن ئەم دروشمە بکەنە فەلسەفە و لە ژیانیاندا جێبەجێی بکەن، بینیمان ئەو شۆڕشەی ژنان لە ئێران دەستی پێکرد، بووەتە نموونە. ئەم شۆڕشە نیشانی دەدات کە ژنان چۆن دەتوانن هەستن و هێزی خۆیان کۆبکەنەوە، لەم کاتەشدا ژن هەوێنی هەموو شتێکە.

 

"ژنانی کورد و عەرەب و سریانی شان بە شانی یەکتر کاریان دەکرد"

سەباح شابۆ، ئەندامی یەکیەتیی ژنانی سووریا ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوای بەرز ڕاگرت و باسی لە ڕۆڵی ژنانی سووری هاوشانی ژنانی کورد و عەرەب لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا کردو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: پیرۆزبایی ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوا لە سەرجەم ژنان دەکەم، کە لە ١٩ی تەمووزدا بە پیشەنگایەتی ژنان لە شاری کۆبانێ دەستیپێکرد شۆڕشی ڕۆژئاوا شۆڕشێکی سەرکەوتنە بۆ ئێمەی ژنانی سریان چونکە ژنان خاوەندارێتی ئەم شۆڕشەیان کرد و لە هەموو لایەنەکانی کۆمەڵگەدا خۆیان پەرەپێدا، خۆیان لەو عەقڵیەتە پیاوسالارییە ئازاد کرد کە ئازادی و مافەکانی ژنانی سنووردار کردبوو، یەکێک لەو دەستکەوتانەی کە لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا بەدەست هاتبوو، دامەزرانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بوو سیستمی هاوسەرۆکایەتی جێبەجێ کرا.

 

"ئامانجمان بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و یەکسانە"

فاتمە قاسم، ئەندامی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان سەرنجی بۆ دۆخی ژنانی پێش شۆڕشی ڕۆژئاوا ڕاکێشا و چۆن ژنان دەتوانن بە دامەزراندنی شۆڕش ڕۆڵێکی گرنگ و پێشەنگایەتی بگێڕن، بەم شێوەیە لە کۆتاییدا وتی: ژنان پێش دەستپێکردنی شۆڕشی ڕۆژئاوا لە مافە سەرەتاییەکانیان بێبەش کران، بەڵام لەگەڵ دامەزراندنی شۆڕشی ڕۆژئاوا، ژنانی کورد بوونە پێشەنگ لە کارکردن بۆ ئازادی مافەکانی ژنان و دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک، ژنانی عەرەب وردە وردە لەگەڵ ئەوان شەڕیان دەکرد، ژنانی عەرەب لە هەموو بوارەکاندا جێگەی خۆیان گرتەوە، شانبەشانی ژنانی کورد لە بەرەکانی شەڕدا شەڕیان کرد و تیرۆری داعشیان تێکشکاند، دەبینین ژنانی عەرەب لەگەڵ هاوکارە کورد و سریانیەکانیان لە هەموو دامودەزگا و بەشەکانی خۆبەڕێوەبەری بۆ هەمان ئامانج و فەلسەفە کاردەکەن. ئامانجمان بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی و یەکسانە کە مافی هەموو پێکهاتەکان تێیدا هەبن.