ژنانی مەنبج: ئومێدمان ئەوەیە کە شارەکە جارێکی تر لە لایەن قەسەدەوە ئازاد بکرێتەوە

ژنانی مەنبج ڕایانگەیاند، شارەکەیان لەلایەن چەتەکانی دەوڵەتی تورکیاوە داگیرکراوە و ئەو چەتانە کردەوەی وەک دزی، تاڵانکردن، ڕفاندن، سووکایەتیکردن و کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدەن، هەروەها داواکاری خۆیان بۆڕزگارکردنیان لە لایەن هێزەکانی قەسەدەوە ڕاگەیاند.

سیلڤا ئیبراهیم

 

حەسەکە- ژنانی مەنبج دوای داگیرکردنی شارەکەیان لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی، پەیوەندییان بە هێزەکانی سووریای دیموکراتیک، قەسەدە و یەکینەکانی پاراستنی ژنان، یەپەژە کرد.

 

هێزە سەربازییەکان وەڵامێکی ئەرێنییان بۆ ئەو بانگەوازانە دایەوەو هەنگاوێکیان بۆ ڕزگارکردنی مەنبج لە دەستی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی دەستپێکرد، هێزە سەربازییەکان لەو هەنگاوەی دەستیانپێکرد بۆ ڕزگارکردنی مەنبج، پێشکەوتنی بەرچاویان بەدەستهێنا، هەروەها دەزگاکەمان لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ ئەو ڕووداوانە دەکات کە لە مەنبجی داگیرکراودا ڕوودەدەن، دەزگاکەمان تۆمارە دەنگییەکانی ژنانی مەنبجی وەرگرت کە بۆ قەسەدە ناردبوویان، ئەو ژنانە لە پەیامەکانیاندا سەرنج بۆ پێشێلکارییەکانی مافەکان ڕادەکێشن کە لەلایەن چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیاوە ئەنجام دەدرێن.

 

چەتەکان دزی، تاڵان وکۆمەڵکوژی دەکەن

ئەو ژنانەی کە  بەهۆی پرسی ئەمنییەوە ناتوانین ناویان بهێنین، باسیان لەوەکرد کە چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا لە مەنبج، دزی و تاڵان و کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدەن، وتیان: بەم دواییە منداڵێکی کچی تەمەن ٧ ساڵانیان ڕفاندووە و دەستدرێژییان کردووەتە سەری، ئەو ژنانە سەرنجیان بۆ ئەو ململانێیانە کە لە نێوان عەشیرەتی ئەلبوبنا و چەتەکاندا بەم هۆیەوە سەریهەڵدا ڕادەکێشن، نازانین ئەندامانی بنەماڵە ڕفێندراوەکان لە ژیاندان یان نا، هەروەها نەیانتوانیوە بزانن کە ئایا ڕفێندراوەکان گواستراونەتەوە بۆ عەفرین یان ناوچە داگیرکراوەکانی دیکەی سەر بە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، یان نا، چەتەکان داوای ١٠ هەزار دۆلار دەکەن بۆ ئازادکردنی ئەو کەسانەی ڕفێندراون.

 

ژنێکی خەڵکی مەنبج سەرنجی خەڵک بۆ ئەو رووداوانە ڕادەکێشێت کە لە دوای داگیرکارییەوە ڕوودەدات و وتی: کاتێک چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هاتنە ناو شارەکەوە، ئیتر ئاسایش و سەقامگیریمان نەماوە، ماڵی کورد و عەرەب تاڵان دەکەن، هەروەها نزیکەی ٢٥٠ ئۆتۆمبێلیش دزراون، هیوای ئێمە ئەوەیە کە هێزەکانی سووریای دیموکراتیک، قەسەدە بێت و ڕزگارمان بکات. پێشتر لە دەستی داعش ڕزگارمان بوو، ژیانی ئێمە لە ژێر کۆنترۆڵی چەتەکاندا سەلامەت نییە، شەوانە هەمیشە ڕووبەڕووی مەترسی هێرش دەبینەوە.

"هیوادارین جارێکی دیکە شارەکە لە لایەن قەسەدەوە ڕزگار بکرێتەوە"

ژنێکی دیکە لە مەنبج وتی: دەمەوێت هێزەکانی سووریای دیموکراتیک لە ستەمی ئەو چەتانە ڕزگارمان بکەن، ئێمە لێتان دەپاڕێینەوە لەم دز و تاڵانچیانە ڕزگارمان بکەن. تاوانی وا ئەنجام دەدەن کە ئەقڵی مرۆڤ ناتوانێت لێی تێبگات، ئێمە هیچ ئاسایشێکمان نییە، جلوبەرگ لەبەر دەکەن، دەموچاویان دەشارنەوە، شەوانە دەچنە ناو ماڵەکانەوە، پارە و زێڕی خەڵک دەدزنل چەتەکان هێرشیان کردە سەر یەکێک لە دەرمانخانەکان، هەموو دەرمان و پارەی ناو دەرمانخانەکەیان دزی، وتیان ئەگەر ٥ هەزار دۆلار نەدەیی ئێمە دەتکوژین، هەموو ئەو شتانەی دزیبوویان بردیانە جەرابلوسی داگیرکراو، ئەم چەتانە بە کوشتن و دزی و لەناوبردن و هێرشکردن،  ژیانمانیان کردووەتە دۆزەخ، چونکە سنووردارمان دەکەنەوە، تەنانەت ناتوانین بچینە شوێنی پارێزراو، هیوادارین جارێکی دیکە شارەکە لەلایەن هێزەکانی قەسەدەوە ڕزگار بکرێتەوە.

"ئێمە بە هەنگاوی قەسەدە بۆ ڕزگارکردنمان دڵخۆشین "

ژنێکی دیکە کە بە پەیامە دەنگییەکەی سەرنجی خەڵک بۆ پێشێلکارییە مرۆییەکانی چەتەکان ڕادەکێشێت، وتی: لە سەردەمی خۆبەڕێوەبەریدا سەلامەت و ئاسایشدا بووین، چەتەکانی سەر بە سوپای سووریا هیچ پەیوەندییەکیان بە نیشتمانپەروەرییەوە نییە، چونکە موڵکی خەڵک دەدزن و خەڵک دەڕفێنن، ئەم چەتانە کە گوایە بە دروشم و هێمای ئیسلامی مامەڵە دەکەن، منداڵێکی کچی تەمەن ٧ ساڵانیان ڕفاند و دەستدرێژییان کردە سەر، ئێمە بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی ئەوەین هێزەکانی سووریای دەیموکراتیک بێن و لە دەست چەتەکان ڕزگارمان بکەن، ئەمە تەنها هەڵوێستی من نییە، بەڵکو هەڵوێستی هەموو عەشیرەتەکانی مەنبجیشە، دوای ڕووداوی هێرشەکە بینیمان کە پێکدادان لە نێوان چەتەکان و عەشیرەتی ئەلبوبنا ڕوویداوە، زۆر دڵخۆشین بەو هەنگاوەی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک بۆ ڕزگارکردنمان لە تاریکی گرتوویانەبەر.

چالاکی خەڵک بەردەوامە

هەروەها سەرچاوەکانی دیکەی ناوچەی چۆلتەری ڕایانگەیاندووە کە چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا هێرشیان کردووەتە سەر گوندەکانی دەوشان و تول و تاڵانیان کردن و وێرانیان کردووە، ئەمە لە کاتێکدایە خەڵک بەردەوامن لە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە کردەوەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی.