ژنانی مەغریب لە ڕێگەی تەمغراتەوە پاڵپشتی یەکتر دەکەن
ژنانی دانیشتووی گوندەکانی سیدی بیبی لە مەغریب بەهۆی عەقڵیەتی پیاوانە و دواکەوتوویی ڕووبەڕووی چەندین سەختی بوونەتەوە، ژنان لە ژێر چەتری کۆمەڵەی تەمغرات کۆدەبنەوە و پشتیوانی یەکتر دەکەن.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2025/02/20250209-mag-jpgae96e7-image.jpg)
حەنان حارت
مەغریب – کۆمەڵگەی سیدی بیبی کە دەکەوێتە باشووری ئەغادیر، لە گوندەکانی شاری بیۆگرا لە ناوچەی ئینێزگانە-ئایت مەلۆل، هەمەجۆریی سروشتی ناوازەی هەیە، لەو ناوچەیەی کە لەگەڵ زەوییە نیمچە بیابانییەکانی و ئۆقیانوسێکدا تێکەڵ دەبێت، ژنان لەژێر فشاری کولتووری باڵادەستی پیاوان بەردەوامن، ئەم فشارانە دەبێتە هۆی بەرتەسککردنەوەی ئازادی ژنان و هەژاری و توندوتیژیی لێدەکەوێتەوە، ئەمەش ئاستەنگ لەبەردەم مافە سەرەتاییەکانیان دروست دەکات.
سەرەڕای ئەو هەموو سەختییە، ژنان لە سیدی بیبی دەنگیان بەرز دەکەنەوە بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری، یەکێک لەوانە سوعاد عەلامییە، لە ڕێگەی خەباتی خۆیەوە بەربەستەکانی ترسی تێپەڕاندووە و لە دژی کۆنەپەرستان یاخی بووە.
'بەڕاستی ڕووبەڕووی ئاستەنگی دەروونی و کۆمەڵایەتی بوومەوە'
سوعاد عەلامی لە سیدی بیبی لە نێوان ئەو سەختیانەی ژنان تووشی دەبن گەورە بووە، بەڵام ئەو ئەم دۆخەی قبوڵ نەکردووە، لە ساڵی ٢٠١٨ سەرەڕای فشارە کۆمەڵایەتییەکان لە ناوچەکە، کۆمەڵەی "تەمغرات"ی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و هەڵاواردن دژی ژنان دامەزراند، سوعاد عەلامی باسی لە ئەزموونەکانی کرد و وتی: هەندێک کەس پێیان وابوو کە ئەو کۆمەڵەیە ژنان لە نەریتەکان دوور دەخاتەوە و هانیان دەدات بۆ یاخیبوون لە نەریتەکان، ڕێگاکەمان هەرگیز ئاسان نەبووە، ڕووبەڕووی ئاستەنگی فیکری و کۆمەڵایەتی بوومەوە و ناچار بووم لەگەڵ کاردانەوەی توند لە هەندێک لایەنەوە مامەڵە بکەم.
'گۆڕانکاری نەک تەنها لە ڕێگەی قسەوە بەڵکو لە ڕێگەی کردارەوە ڕوودەدات'
سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان، سوعاد عەلامی دەستبەرداری خەونەکەی نەبوو و هەوڵیدا ئایندەیەکی جیاواز بۆ ژنان بنیات بنێت، سوعاد عەلامی وتی: ئەم هەوڵە کە تەنها وەک بیرۆکەیەک دەستی پێکرد، ئەمڕۆ بووەتە دەنگی ژنان لە ناوچەکەدا، بووەتە سەکۆیەک بۆ ئەوەی ژنان باس لە مافەکانیان بکەن و پشتیوانی لە شەڕی توندوتیژی و هەڵاواردن بکەن، ئامانجی من ئەوەیە کە بەربەستەکانی بەردەم ژنانی سیدی بیبی لاببەم و دەستیان بگات بە مافە سەرەتاییەکانیان، گرنگ نییە ئەو سەختییانەی ڕووبەڕوومان دەبنەوە چەندە گەورە بن، باوەڕم بە گۆڕانکاری هەیە، بەڵام ئەمە تەنها لە ڕێگەی خەباتی ژنانەوە ڕوونادات، گۆڕانکاری تەنها لە ڕێگەی قسەوە ڕوونادات بەڵکو لە ڕێگەی کردارەوە ڕوودەدات.
خەباتی ژنانی سیدی بیبی
سوعاد عەلامی ئاماژەی بەوەدا کە ئەو ژنانەی کە بە تایبەتی لە بواری کشتوکاڵدا کاردەکەن ئیستغلال دەکرێن، و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ژنانی کرێکار مووچەیەکی زۆر کەمیان پێدەدرێت و هیچ بیمەیەکیان نییە، زۆرجار، ئەو پارەیەی لە ڕێگەی ماندووبوونەوە بەدەستی دەهێنن، لەلایەن مێردەکانیانەوە بە بیانووی جۆراوجۆر لێیان وەردەگیرێت.
'ئەو بوومەلەرزەیەی لە ساڵی ٢٠٢٣ ڕوویدا دۆخەکەی خراپتر کرد'
هەروەها سوعاد عەلامی ئاماژەی بەوەدا کە ژنانی دانیشتووی ناوچەی شاخاوی سیدی بیبی لە بارودۆخێکی زۆر سەختدا خەبات دەکەن بۆ ئەوەی بژین و وتی: ئەو ژنانە بەهۆی جوگرافیا و دابڕان لە بارودۆخێکی سەختدا دەژین، ئەو بوومەلەرزەیەی لە ساڵی ۲۰۲۳ ڕوویدا دۆخەکەی خراپتر کرد، چونکە ڕێگاوبانەکانی ناوچەکە خراپن و ژێرخانی کەمی هەیە، ژنان ناتوانن دەستیان بە پێداویستییە سەرەتاییەکان بگات، کۆمەڵگە تەڵە بۆ ڕۆڵەکانیان دروست دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە بێ ئاگا بن لە مافەکانیان و دەرفەتە هەبووەکان.
ئاستەنگەکانی بەردەم بزووتنەوەکانی ژنان
هەروەها سوعاد عەلامی سەرنجی بۆ ئەو سەختییانە ڕاکێشا کە ڕووبەڕووی کۆمەڵەی ژنان دەبنەوە و وتیشی: بەهۆی خراپی ڕێگاوبانەکانی ناوچە گوندنشینەکان، سنوورداربوونی سەرچاوە ئابوورییەکان و عەقڵیەتی دواکەوتوو، توندوتیژی و هەڵاواردن دژی ژنان بەردەوامە، ژنان لە هەرێمدا نەک تەنیا لە ڕووی ئابوورییەوە بەڵکو لە ڕووی جەستەیی و دەروونیشەوە تووشی توندوتیژی دەبن، ئەم دۆخە لە دوای بڵاوبوونەوەی کۆڤید-۱۹ زیادی کردووە، ئەو توندوتیژییەی باسی دەکەین تەنیا جەستەیی نییە، ژنان ڕێگەیان پێنادرێت تەنانەت بچووکترین مافەکانی خۆیان دەرببڕن و بڕیار لەسەر ژیانیان دەدەن و فشاریان دەخەنە سەر.
'ژن لە پرۆسەکانی بڕیاردان جێگەیان پێنادرێت'
هەروەها سوعاد عەلامی ئاماژەی بەوەدا کە هەندێک گروپی سیاسی لە بانگەشەکانی هەڵبژاردندا لاوازی ئابووری و کۆمەڵایەتی ژنان دەقۆزنەوە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ژن بۆ کۆکردنەوەی دەنگ بەکاردەهێنن، بەڵام لە پڕۆسەی بڕیاردان نایانگرێتەوە، لە گوندێکدا ژنێک بڕیاری داوە پەیوەندی بە سیاسەتەوە بکات، بەڵام هەڕەشەی لێکراوە و ناچار بووە دەستبەرداری بیرۆکەکەی بێت.
چارەسەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی
سوعاد عەلامی ئاماژەی بەوەدا کە تەنیا لە ڕێگەی یاسا و هاوکاری دەستبەجێ دەتوانرێت ڕێگری لە توندوتیژی بگیرێت و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەو تێڕوانینەی لە کۆمەڵگەدا توندوتیژی بە ئاسایی دەزانێت دەبێت بگۆڕێت، هەم ژنان و هەم پیاوان دەبێ بزانن کە نابێت توندوتیژی دژی ژنان بە هیچ شێوەیەک بە ئاسایی سەیر بکرێت یان قبوڵ بکرێت.
سوعاد عەلامی باسی لەوەشکرد، ئەو ژنانەی تووشی توندوتیژی دەبن، ناچارن بە ترس و شەرمەزارییەوە بژین، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، کە ژمارە تەلەفۆنی تایبەتی خۆی بڵاوکردووەتەوە بۆ ئەوەی پاڵپشتییان بکات، هەروەها ئەو ژنانە دەستبەجێ پەیوەندییان پێوەکردووە، لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بەهۆی هۆکاری دواکەوتوویی و فشارە کۆمەڵایەتییەکان، ژنان ناچارن ئەو توندوتیژییە بشارنەوە کە تووشی دەبن، نەک بە هیچ کەسێک بڵێن، بەپێی نۆرمە کولتوورییەکان، ژنان شەرم دەکەن لە ڕاپۆرتکردنی توندوتیژی بەرامبەریان، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی بێدەنگ بن، ویستم پێیان بڵێم کە من لەگەڵیانم و ئامادەم بۆ یارمەتیدان، زۆر گرنگە بزانین بە هیچ شێوەیەک لێپێچینەوەیان لەگەڵدا ناکرێت و تۆمەتبار ناکرێن.
دیدگایەک بۆ داهاتوو بۆ مافەکانی ژنان
بە وتەی سوعاد عەلامی، دەستەبەرکردنی مافی ژنان لە ناوچە گوندنشینەکان پێویستی بە ئیرادەی سیاسیی گەورە و هاوکاری هەموو سێکتەرەکانی کۆمەڵگا هەیە، سوعاد عەلاوی لەم بارەیەوە وتی: بۆ ئەوەی ژنان هەموو مافەکانی خۆیان مسۆگەر بکەن؛ پێویستە خەرجییەکان بۆ پەروەردە زیاد بکرێت، پاراستنی یاسایی زیاد بکرێت، ژنانیش پەروەردە بکرێن سەبارەت بە مافەکانیان، گۆڕانکاری ئاسان نییە، بەڵام مەحاڵیش نییە، ئامانجمان بونادنانی کۆمەڵگایەکە کە ماف و کەرامەتی ژنان تێیدا پارێزراو بێت، ئێمە هیوامان هەیە و باوەڕمان وایە ئەگەر هەنگاوی بچووکیش بێت، داهاتوو باشتر دەبێت.
سەرەڕای کەمی سەرچاوەکان، کۆمەڵەی تەمغرات بۆتە ناوەندێکی گرنگی پشتیوانی ژنان لە ناوچەکەدا، سوعاد عەلامی ڕوونیدەکاتەوە کە کۆمەڵەکە هاوکاری دامەزراوەیەکی نیشتیمانی دەکات و هەوڵدەدات دەنگی ژنانی سیدی بیبی بگات و مافەکانیان بپارێزێت، کارەکانی سوعاد عەلامی و کۆمەڵەکەی نەک هەر نموونەی خەباتی ژنانە، بەڵکو ئەوە نیشان دەدات کە گۆڕانکاری مومکینە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە مرۆڤ چەندە ڕووبەڕووی ناڕەحەتی ببێتەوە، خەبات بۆ دادپەروەری و یەکسانی هەرگیز نابێت کۆتایی بێت.