ژنانی مەغریب داوای باشترکردنی دۆخی کارکردن دەکەن

تۆڕی زەهرا بۆ گەشەپێدانی ژنان و خێزان داواکارییەکانیان پێشکەش بە سەرۆک وەزیرانی نوێی مەغریب دەکەن بۆ باشترکردنی ڕەوشی کاری ژنان لە مەغریب.

مەغریب

 

مەغریب یەکێکە لەو وڵاتانەی کە کەمترین ڕێژەی بەشداری هێزی کاری ژنی هەیە لە جیهاندا، تۆڕی زەهرا بۆ گەشەپێدانی ژنان و بنەماڵە، کە کۆمەڵێک ژنانی سەربەخۆن، لە ٩ی تشرینی یەکەمدا کۆڕێکیان ئەنجامدا دوای بەستنی کۆڕبەندەکە، تۆڕەکە داوای لەحکومەتی نوێ کرد کە ڕەوشی کارکردنی ژنان لەو پارێزگایە باشتر بکات.

 

داواکارییەکانیان پێشکەش بە سەرۆک وەزیران دەکەن

لە میانەی کۆڕەکەدا ژنان تیشکیان خستە سەر ئەوەی کە ژنان دەبێت لە کاتی دەوامدا مافی شیردانیان هەبێت و لە شوێنی کاردا ژووری شیردانیان هەبێت دوای بەستنی کۆڕبەندەکە، ژنان بەڵگەنامەیەکیان ئامادەکردووە کە داواکارییەکانیانی تێدایە و ئەم بەڵگەنامەیە پێشکەش بە عەزیز ئەخاننۆچ دەکەن، کە لە ٧ی تشرینی یەکەمدا بووە سەرۆک وەزیرانی نوێی مەغریب.

ئەو ژنانە لە بەڵگەنامەکەدا داوایان کردووە کە ژنان دوای لەدایکبوون بۆ ماوەی ١٨ هەفتە مۆڵەتی منداڵبوونیان هەبێت و کرێی ئاسایی خۆیان وەربگرن هەروەها ئەو ژنانە داوایان کردووە کە ڕێگە بدرێت بە ژنانی کرێکار بۆ ماوەی ٢ ساڵ بەردەوام بن لە شیردان.