ژنانی لیبیا و سودان بە هاوپشتی برینی ململانێکان ساڕێژدەکەن

ژنانی لیبیا بەرزترین پاڵپشتی دەروونی و کۆمەڵایەتیان بۆ ژنانی ئاوارەی سودان بەرجەستە کرد، سەرەڕای کەمی سەرچاوە و بارودۆخی سەختیان.

مونا تۆکا

 

لیبیا- لە نێو ئازاری ململانێ و بانگەوازی ئاوارەبووندا، چیرۆکی هاوپشتی مرۆڤایەتی وەک ڕووناکییەکی بچووک لە تاریکیدا سەرهەڵدەدەن، ماوەی دوو ساڵە ژنان لە سودان قورسترین باجیان داوە، پێشێلکاری، دەستدرێژی و ئاوارەبوونی دڕندانە کە خێزانەکانی لەیەکتر جیاکردووەتەوە و کۆمەڵگەکانی ناسەقامگیر کردووە، بەڵام لەودیو سنوورەوە، لە باشووری لیبیا، زۆرێک لە ژنانی سودان پشتیوانی و پەیوەندییەکی مرۆییان لەگەڵ ژنانی لیبیا دۆزیوەتەوە، سەرەڕای کەمی سەرچاوە و بارودۆخی سەختیان.

 

شاری سەبا کە بووەتە خاڵی کۆبوونەوەی سەرەکی بۆ سودانییە ئاوارەبووەکان، دەستپێشخەرییەکانی ژنانی لیبیای تێدا سەرهەڵداوە، کە بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و ڕۆحی خوشکایەتییەوە پاڵپشتی دەکرێن، بۆ پێشکەشکردنی پشتیوانی دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆ ژنانی سودان.

 

"ژنانی لیبیا ژنانی ئاوارە لە باوەش دەگرن"

خەدیجە کەنای، چالاکوانی مەدەنی، وتی: لە دوای هاتنی ئاوارەکانی سودان بۆ ناو شارەکە، بەتایبەتی لە ناوچەی تەیوری، پێویستییەکی زۆرمان بە پاڵپشتی مرۆیی بە تایبەتی بۆ ژنان بینی، زۆرێکیان دووگیان بوون، جیابوونەتەوە، بێ هاوژین بوون، یان خوێندکار بوون کە بەهۆی شەڕەوە ناچاربوون واز لە خوێندن بهێنن، هەر بۆیە هەوڵماندا خزمەتگوزاری پزیشکی و دەروونییان بۆ دابین بکەین، چونکە هەبوونی پاڵپشتی دەروونی لەو قۆناغەدا لە هەموو شتێکی ماددی گرنگترە.

 

یەکەم کۆبوونەوە لەگەڵ ژنانی ئاوارە بە قووڵی پیناسە دەکات، وتی: هەوڵماندا دڵنیاییان بدەینەوە بە ژنان کە ئەوان لە ماڵەکانی خۆیان و لە نێو هاوڵاتیانی خۆیاندان، سەرەڕای کەمی سەرچاوەکانمان، ئەوەی پێشکەشمان کرد ڕەنگە شتێکی بناغەی نەبووبێت، بەڵام ڕاستەقینە بوو، هەروەها ژنانی سەبا، چ لە یەکێتی ژنان، چ لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، یان تەنانەت دانیشتووانی ئاسایی، هەوڵیان دەدا پشتیوانیان بکەن، کاتێک ژنان پشتگیری ژنانی دیکە دەکەن، ئەوا لە ئازارەکانیان و بەرپرسیارێتی خۆیان وەک دایک و خوشک و ژن تێدەگەن.

 

خەدیجە کەنای، پەیامێکی جوڵاوی ئاراستەی ژنانی سودانی کرد، وتی: ئەگەر کەمیش بکەین، هەمیشە لەگەڵ ئێوەین، ئێمەش شەڕ و قەیرانمان بەسەر بردووە، واتای زیان و ئاوارەبوون دەزانین، خۆڕاگربن وەک چۆن هەمیشە دەمانناسین و بزانن کە لە لیبیا خوشکێکتان هەن کە لە تەنیشتتان وەستاون و پشتیوانیتانی کردوون، تەنانەت ئەگەر بە شێوەیەکی بچووکیش بێت، ئێمە بە دڵێکی کراوە پێشوازیمان لێکردوون بۆ خاکەکەمان و هیوای گەڕانەوەت بۆ وڵاتی خۆتان بە پرێزراوی دەخوازین.

 

''ژنانی لیبیا پێشوازییان لە ژنانی سودان کرد بۆ ناوەندەکانی پشتیوانی و خولی پەروەردە''

 ڕوقەیە زەو، ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنی لە سەبا، دووپاتی دەکاتەوە، کە پشتیوانیکردن لە ژنانی سودان تەنها نیشاندانی هاوسۆزییەکی کاتی نەبووە، بەڵکو لە دەستپێشخەرییە بەرجەستە و دامەزراوەییەکاندا دەرکەوتووە، هەروەها لە سەرەتای ئاوارەبوونەوە، چەندین دەستپێشخەری و ناوەند دەستیپێکرد بۆ پاڵپشتیکردنی کۆمەڵگەی سودان لە سەبا، وەک ناوەندی "تۆ نیشتمانیت" و ناوەندی "ماڵی من"، کە تێیدا پێشوازیکردن لە ژنان و بەشداریکردنیان لە وۆرکشۆپەکانی هۆشیاری و پاڵنەرە، هەروەها خول بۆ کەمکردنەوەی فشاری دەروونی.

 

ڕوونیشی کردەوە، کە هەندێک لە ژنانی سودانی دەسەڵاتیان پێدراوە بۆ کارکردن و دۆزینەوەی شوێنی نیشتەجێبوون، هەروەها ئێمە یارمەتی هەندێکمان دا بۆ دۆزینەوەی کار لە کلینیک و خوێندنگەی تایبەتی و حکومییەکان، ئەوان ژنی بەهێزن و خاوەن ئەزموونن، ئەمڕۆ دەبینین زۆرێک لە ژنانی سودانی لە سەبا لەگەڵ ژنانی لیبیا کاردەکەن، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر پێزانین و یەکگرتنی یەکتر.

 

سەبارەت بە هەستکردن بە هاودەنگی، وتی: وەک ژنانی لیبیا، هاوسۆز لەگەڵ خوشکەکانمان لە سودان وەستاوین، ئەو پێشێلکارییانە شەرمەزار دەکەین کە ژنانی سودان تووشی دەبن، وە نزای سەرکەوتن و ئاشتییان بۆ دەکەین.

 

"ئازادکردنی دەروونی و کاری دەستی، ڕێگایەک بۆ چاکبوونەوە"

هیبە غول، ڕاهێنەرێکی باشووری لیبیا، پێی وایە، پاڵپشتیکردنی ژنانی سودان پێویستی بە بەردەوامی بەرنامە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان هەیە، هەروەها پشتیوانیکردن تەنها لە هاوکاری ماددیدا سنووردار نییە، هەروەها دەبێت ئەخلاقی بێت، لەڕێگەی سیمینار و کۆبوونەوەی گفتوگۆ و خولی پەروەردەوە، لە باشوور چالاکی بەردەوام ئەنجام دەدەین کە ژنان دەکەنە ئامانج، لە نێویاندا وۆرکشۆپی دوورین و کاری دەستی، بۆ ئەوەی یارمەتیان بدەین لە یەکگرتن و دەربڕینی خۆیان.

 

ئاماژە بە گرنگی دانیشتنە کارلێککارەکان دەکات کە ڕێگە بە ژنانی سودان دەدات فشارە کۆکراوەی خۆیان ئازاد بکەن، وتی: هەوڵدەدەین ژینگەیەک دروستبکەین کە ئاسوودەیی دەروونی تێدا دروستبکەین، بۆ ئەوەی ژنان بتوانن لە کەشێکی شەڕ و خەمەوە بگوازنەوە بۆ کەشێکی بەشداریکردن و کارلێککردن، ئەم جۆرە پاڵپشتییە هاوسەنگی دەروونی دەگەڕێنێتەوە وهیوا دەبەخشێت.

"هاودەنگی لە دەرەوەی یارمەتی"

 لە ڕێگەی ئەم شایەتحاڵانەوە، ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە ئەو هاودەنگییەی ژنانی لیبیا لەگەڵ ژنانی سودان نیشانیاندا، تەنها ئاماژەیەکی سۆزداری یان مرۆیی زوو تێپەڕ نەبووە، بەڵکو درێژکراوەی هۆشیارییەکی ژنانی هاوبەش بووە کە لە خودی ئەزموونی شەڕەوە لەدایک بووە، ژنانی باشووری لیبیا کە بە ململانێ و ئاوارەبووندا تێپەڕیون، زۆر باش تێدەگەن کە ژنێک بە زۆر لە ماڵەکەی دەربکرێت و لە خاکێکی نوێدا بەدوای پارێزراویدا بگەڕێت، واتایڤچییە.

 

"ئاشتیخوازان لە بەرامبەر شەڕدا"

لەناو ئەو ئاژاوەگێڕییەی کە ناوچەکەی گرتووە، ژنانی لیبیا و سودان وەک نموونەی خۆڕاگری مرۆڤایەتی دەمێننەوە، هەروەها ئەوانەن کە ئەو شتانە ئاوەدان دەکەنەوە کە شەڕەکان لەناویان دەبەن و شوێنێکی بچووکی ئارامی لە نێوان وێرانکارییەکاندا دروست دەکەن.

 

ڕەنگە خەدیجە و ڕوقەیە و هیبە سەرچاوەی سنوورداریان هەبێت، بەڵام ئەوەی پێشکەشیان کردووە گوزارشت لە ڕۆحێکی ڕاستەقینەی هاودەنگی دەکات کە لە سەردەمی دابەشبووندا واتای خوشکایەتی عەرەبی پێناسە دەکاتەوە.

 

ژنانی لیبیا و سودان ئەمڕۆ بە زیاتر لە جوگرافیا یان زمان یەکگرتوون، ئەوان بە ئازاری هاوبەش و هەمان ئیرادەی ژیان یەکدەگرنەوە و بەو ڕاستییەی کە ژنان لە هەموو کات و شوێنێکدا هەمیشە یەکەم کەسن کە دەستی یارمەتی درێژ دەکەن و دوا کەسن کە هیوا لەدەست دەدەن.