ژنانی کورد و میسر لە تل تەمر: ڕێگە بە داگیرکاری نادەین

ژنانی پێکهاتەکانی کورد و میسر لە ناوچەی تل تەمر ئامانجی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەریان بۆ سەر هەرێمەکە و بانگەشەی چۆڵکردنی قەزاکەیان لە خەڵکە ڕەسەنەکەی ڕەتکردەوە و ئاماژەیان بەوەدا لە دەرەوەی ژیانی شکۆمەندانە هیچ ژیانێکی تر قبوڵ ناکەن و پارێزگاری لە تل تەمر دەکەن.

ژنانی پێکهاتەکانی کورد و میسر لە ناوچەی تل تەمر ئامانجی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەریان بۆ سەر هەرێمەکە و  بانگەشەی چۆڵکردنی قەزاکەیان لە خەڵکە ڕەسەنەکەی ڕەتکردەوە و ئاماژەیان بەوەدا لە دەرەوەی ژیانی شکۆمەندانە هیچ ژیانێکی تر قبوڵ ناکەن و پارێزگاری لە تل تەمر دەکەن.

حەسەکە

 

لە سەرەتای مانگی ئابەوە دەوڵەتی تورکیا هێرشەکانی بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان و بەتایبەت ناوچەکانی تل تەمر، زرگان و عەین عیسا دەستپێکردووە و هاوڵاتی مەدەنی دەکاتە ئامانج، هەروەها چەندین شەهید و برینداری بۆردومانەکانیش هەن، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشەوە دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی بانگەشەی درۆ و ناراست بلاودەکەنەوە و دەڵێن کە لە چەند کاتژمێرێکی تردا دەستبەسەر تل تەمر و زرگاندا دەگرن و هەوڵی چۆڵکردنی ناوچەکە دەدەن، ژنانی دانیشتووی ئەو ناوچانەش ئاماژە بەوەدەکەن کە خاکی خۆیان چۆڵناکەن و پارێزگاری دەکەن، پلانی داگیرکەرانیش پوچەڵدەکەنەوە.

"ساڵی ٢٠١٥ ڕێگەمان بە داگیرکاری نەدا و ئێستاش ڕێگرییان لێدەکەین"

خەدیجە عاسم، پێکهاتەی کوردی دانیشتووی تل تەمر، دەربارەی هێرشەکان وتی: ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە گوندەکان لە زرگانەوە تا تل تەمر بە شێوەیەکی دڕندانە بۆردومان دەکرێن، ئەنجومەنی سەربازی تیل تەمر لە ژێر چاودێری دەوڵەتی تورکیا دایە، شەڕێکی تایبەتی پیس لە دژمان بەڕێوەدەچێت، بەتایبەتیش بانگەشە دەکات و دەڵێت تیل تەمر بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی داگیردەکات.

 

خەدیجە ئاماژەی بەوەشدا: دەوڵەتی تورک دەیەوێت ئەو ئامانجە بەدەست بهێنێت کە لە ساڵی ٢٠١٥دا داعش نەیتوانی بەدەستی بهێنێت، ئێمەش چۆن لەو ساڵەدا لەگەڵ شەڕڤانانمان بووین و شەرمان کرد، ئێستاش پشتگیریانین و ڕێگە نادەین داگیرکەران خاکەکەمان داگیربکەن.

"بەرخۆدانی کورد، عەرەب، ئاشوری، سریانی و میسری نیشانەی سەرکەوتنە"

عیتاب حەسەن، بە ڕەگەز مسرییە و زیاتر لە ٩ ساڵە لەگەڵ گەلی کورد و عەرەب و ئاشوری لە تل تەمر دەژی، سەبارەت بە هێرشە داگیرکارییەکان دەڵێت: ئێمە لە تل تەمر لەگەڵ هەموو نەتەوەکانی دیکەدا لەژێر چەتری ژیانێکی هاوبەشدا دەژین بەبێ جیاوازی، لە هەموو ساتە سەختەکاندا پێکەوەبووین و بە یەکڕیزیی خۆمان ناسراوین، دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە ڕێگەی میدیاکانیانەوە شەڕێکی تایبەت لە دژی ئێمە بەڕێوەدەبەن و ئاماژە بە چۆڵکردنی ناوچەکە دەکەن، بەڵام ئێمە بە وەستانەوە و بەردوامیمان لە تل تەمر هەموو بانگەشەکان پوچەڵ دەکەینەوە.

 

ئەو ژنە میسرییە وتیشی:  پێویستە گەلەکەمان بە قوڵی لە بانگەشە و ئامانجی داگیرکەران تێبگات، ماوەیەکە گوند و هاوڵاتی سیڤیل دەکرێنە ئامانج، ئەمەش بۆ چۆڵکردنی هێڵی پێشەوەیە لە هاوڵاتیانی مەدەنی، بەڵام گەلەکەمان زۆر خۆڕاگرن و سیاسەتی دوژمنیان باش ناسیوە، بۆیە ناکەوێتە ناو ئەو تەڵەیەوە و گوندەکانیان بەجێناهێڵن،

 

هەروەها دەشڵێت: دەوڵەتی تورک دەیەوێت بە ئامانجگرتنی ناوەندە سەربازییەکان خەڵک بترسێنێت و شارەکە چۆڵ بکات، بەڵام ئەمە روو نادات چونکە خەڵکەکە دەڵێن؛ مردنێکی شکۆدار باشترە لەژیانێکی بێڕێزی.

ت.پ