ژنانی کورد لە شاخەوە تا شار بۆ پاراستنی ماف، خاک و بەدەستهێنانی یەکسانی بەردەوام لە تێکۆشاندان

گۆڕانی مەیدانی خەبات لە شاخەوە بۆ شار، نەبووەتە ڕێگر لە بەردەوامی تێکۆشانی ژنانی کورد، ژنان لە هەردوو قۆناغدا بەشدارییان لە بەرخۆدان و پاراستنی مافەکاندا کردووە، ئەزموونی ژنانی پێشمەرگەو تێکۆشەرانی ئێستا، گرنگی بەردەوامبوونی ئەو ڕێبازە دەخاتەڕوو.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی_ خەباتی ژنانی کورد لە قۆناغە جیاوازەکانی مێژوودا، بە یەکێک لە بەشە گرنگەکانی بەرخۆدان و تێکۆشانی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی دادەنرێت، ژنان لە قۆناغی شاخدا، سەرەڕای بەرپرسیاریەتییەکانیان لە بواری پەروەردە، چاودێری منداڵ و بەڕێوەبردنی کاروباری ژیان، بەشدارییان لە خەباتی سیاسی و نەتەوەییدا کردووە، ئەمڕۆش ئەو خەباتە لە شێوە و مەیدانێکی جیاوازدا، لە ناو شار و دامەزراوە مەدەنییەکاندا بەردەوامە، لەگەڵ گۆڕانی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی، مەیدانی تێکۆشانی ژنانیش گۆڕانی بەسەردا هاتووەو بە بەشداری لە ڕێکخراوەکان، دامەزراوەکان و بوارە جیاوازەکانی ژیان، هەوڵی بەدەستهێنانی مافەکانیان و بەهێزکردنی ڕۆڵیان لە کۆمەڵگادا دەدەن، لە هەمانکاتدا گواستنەوەی ئەزموونی ژنانی شاخ بۆ نەوەی ئێستاو پاراستنی یادەوەرییەکانی ئەو قۆناغە، وەک بابەتێکی گرنگی مێژوویی و کۆمەڵایەتی سەیر دەکرێت.

 

لەم بارەیەوە، گوڵزار ساڵح، پێشمەرگەی دێرین و کەوسەر محەمەد ئەمین، بەڕێوەبەری کتێبخانەی ئەوقافی سلێمانی، لەبارەی ئەزموونی ژنان لە قۆناغی شاخ و شار، گۆڕانی شێوازی خەبات و پێویستی بەردەوامبوون لە تێکۆشان بۆ پاراستنی مافەکانی ژنان و گواستنەوەی ئەزموونی نەوەکانی پێشوو بۆ نەوەی نوێ، بۆچوون و هەڵسەنگاندنی خۆیان دەخەنەڕوو.

 

" ژنان ؛لە شاخ و شار تێکۆشان دەکەن"

گوڵزار ساڵح، پێشمەرگەی دێرینی شاخ ئاماژەی بەوەکرد، ژنان بە هەموو سەختییەکانەوە لە شاخ بەرخۆدانی ئەنجامداوە وتی: سەرەڕای ئەوەی لە شاخدا ئەرکمان پەروەردەکردنی منداڵ و بەڕێکردنی پێشمەرگەکان بوو، بەڵام بۆ خاکی خۆمان و مافمان لە شەڕدابووین بەرخۆدانمان دەکرد، ئێمە سەرەڕای ئەرکی دایکایەتی دەبوایە خۆمان لەگەڵ ژیان و ئاستەنگییەکاندا بگونجاندایە، بەڵام بۆ ئازادی خاک کۆڵمان نەدا، لە ئێستادا تێکۆشان لە شاخەوە بۆ شار گوازرایەوە، ژنانی شار دەستکراوەتر دەتوانن تێکۆشان بکەن و دەنگیان هەبێت، ئێمەی ژنانی پێشمەرگە لە نێوان چەند شاخێک و سنوورێکدا بەرتەسک کرابووینەوە، بەڵام ئێستا دەستکراوەتر کار دەکەن، لەچاو ئەو بەرخۆدان و تێکۆشانەی ژنان لە شاخ دەیانکرد، ژنان ئێستە دەبێت کاراتر هەوڵبدەن، من کاتێک لە شاخ بووم  شەش منداڵم هەبوو، تەنها دووانیانم برد لەگەڵ خۆمدا، بە ناوەکانی هونەر حەمە جەزا و ڕۆژگار حەمەجەزا، دواتر هونەرم بە قاچاخ بردەوە شار تا بتوانێت درێژە بە خوێندن بدات، ڕۆژگارم لە ناوزەنگ  لە سەرکردایەتی کەوتە سەر پێیەکانی، بارودۆخێکی سەختبوو بۆ ئێمەی ژن، بەڵام ئاسۆیەکی ڕوونمان لەبەردەم بوو، کاتێک ڕادیۆی پێشمەرگە لە لایەن کاک ڕزگارەوە پەیامەکانی پێشمەرگە دەخوێندرایەوە، زیاتر ورەمان وەردەگرت، بەردەوام دەمانوت داهاتوومان ڕوونە و ڕۆژێک دەگەڕێینەوە شار درێژە بە خەبات دەدەین.

 

"پێویستە ئەزموونی ژنان ون نەکرێت"

لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: پێویستە بەردەوام کۆڕ و کۆبوونەوە بۆ هاوڵاتیان بکرێت تا ئەزموونەکانی ژنان لە بیریاندا بمێنێتەوەو ون نەبیت، لە ئێستادا خەبات لە تەواوی پارچەکان لە لایەن ژنانەوە سەرپێدەکەوێت، بۆیە ژنان لە هەموو کاتەکاندا توانیویانە گۆڕانکاری گەورە بکەن، ژنان لە شاخ و شار بەردەوام لە خەبات و تێکۆشاندا بوون.

 

" لە شاخ هەوڵ بۆ پاراستنی مافی ژنان دەدرا، ئێمە لە شار درێژەدەری دەبین"

کەوسەر محەمەد ئەمین، بەڕێوەبەری کتێبخانەی ئەوقافی سلێمانی، لە بارەی خەبات و تێکۆشانی ژنانی کورد لە قۆناغی شاخ و شاردا وتی: لە مێژە ژنان لە تێکۆشاندان بۆ خاک و مافی خۆیان، لە کۆندا لە شاخ ژنان بەرخۆدانیان کردووە، لە پێناو پاراستنی مافی کوردبوون و خاکیاندا دەجەنگان، لە ئێستادا ژنان هەنگاوی نوێ دەنێن، خەباتی شاخ گوازراوەتەوە بۆ خەباتی شار، لە ڕێگەی ڕێکخراوەکانی ژنان و تێکۆشانەکان لە شاردا هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی مافەکان و پاراستنی خاک دەدەین، ژنانی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بۆ مافی ژنان و خاک تیکۆشانیان دەکرد، لە باشووری کوردستاندا ژنان لە شاخ بەردەوام لە پاراستنی مافی ڕەوای گەلەکەیان بوون، ژنان لە شاخدا مامۆستا و پەروەردەکار بوون، لە پاڵ بەرخۆدانی چەکداریدا، وەک مامۆستا وانەیان دەوتەوە هەروەها پەروەردەکارێکی باشی ژنان بوون، لە ڕێگەی کارکردنیان لە تەواوی سێکتەرەکاندا خزمەتیان بە ژنان و خاک کردووە، لە شاخەوە پاراستنیان بۆ مافی ژنان دەستپێکرد، لە ئێستادا ئیمە لە شارەکاندا درێژەدەری ئەو پاراستنەین.

 

کەوسەر محەمەد لە کۆتایی وتیشی: ژنان تا ئێستاش بەردەوامن لە خەبات و تێکۆشان بۆ خاک و مافی گەلەکەیان، پێویستە ئیمەی ژنان لە شاردا درێژە بە بەرخۆدانیان بدەین، لەسەر ڕێ و ڕێبازیان تێکۆشان بۆ مافەکانی ژنان بکەین، هەروەها پەروەردەی تۆکمەمان بۆ ژنانی دیکەش هەبێت.