ژنانی کورد لە نەورۆزدا...خەباتێکی نوێ و ویستێکی نەبەزێندراو

داستانی خەباتی کورد تەنیا بۆ پیاوان نەبوو، ژنانی کورد بە خوێن، خەبات، سەرکەوتن ناوی خۆیان لە تۆماری بەرخۆداندا هەڵکۆڵیوە.

وتاری حەزامی مەحجوب، ڕۆژنامەنووسی تونسی

 

نەورۆز لە دەروونی کورددا جێگەیەکی قووڵی هەیە، تەنها ئاهەنگێکی سەری ساڵ نییە؛ هێمای ئازادی و سەرکەوتنە، میراسێکی خەباتە ڕەگ و ڕیشەی لە مێژووی ئەم گەلەدا هەیە، کورد لە ٢١ی ئاداری هەموو ساڵێکدا یادی خەباتی خۆی لە دژی ستەم دەکاتەوە، ئیلهامی لە ئەفسانەی کاوەی ئاسنگەرەوە وەرگیراوە، شۆڕشی دژی زوحاکی ستەمکار هەڵگیرساندووە. لەو کاتەوە نەورۆز بووەتە جەژنی ڕزگاری و نوێبوونەوە. بەڵام داستانی خەباتی کورد تەنیا بۆ پیاوان نەبوو چونکە ژنانی کورد بە خوێن و بەرخۆدان و پێشەنگایەتی و خەبات و سەرکەوتن ناوی خۆیان لە تۆماری بەرخۆداندا هەڵکۆڵی، بە ڕۆحی ئازادیخوازی بەرجەستەی ئەم جەژنە بوون.

 

"ژنی کورد پێشەنگی تەڤگەرە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بوون"

ژنی کورد هەرگیز بەتەنها لایەنگری تەڤگەری ڕزگاریخواز نەبووە، ئەوان لە دڵی شەڕەکەدا بوون و چەکیان هەڵگرتووە ، ڕووبەڕووی ستەمکاری بووەتەوە ، پێشەنگی تەڤگەرە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بوون، لە سەردەمی ئەو دەسەڵاتانەی کە هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی کوردیان دەدا، ژنان یەکەم کەس بوون کە ڕووبەڕووی ستەم بوون، چ لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن، چ لە بەرەکانی شەڕ، یان لە ڕێگەی چالاکیی مەدەنییەوە. ئەوەی ژنی کورد جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە لە پرسەکانی گەلەکەی دابڕاو نەبووە، بەڵکو خەباتی خۆیان لە دژی پەراوێز خستن و جیاکاری کردۆتە بەشێکی دانەبڕاو لە شەڕی گەورەتر بۆ ئازادی، حزب و دامودەزگا کوردییەکان لە ئەزموونێکی سیاسی ناوازەدا بنەمای دابەشکردنی دەسەڵاتیان گرتۆتەبەر، کە ژنان لە سەرکردایەتیی حزب و شارەوانی و پۆستە سیاسی و ئیدارییەکاندا یەکسانن بە پیاوان، ئەمەش بووەتە مۆدێلێک کە کۆمەڵگەکان ، بەدوای دادپەروەری و یەکسانیدا دەگەڕێن، دەبێت وەریبگرن.

 

بۆ ژنانی کورد نەورۆز تەنیا جەژن نییە، نوێکردنەوەی بەڵێننامەی بەرخۆدان و یادکردنەوەی ئەو ژنە تێکۆشەرانەیە ، کە بۆ پاراستنی خاک و کەرامەتی خۆیان سەریان هەڵدا، دەیان ساڵە ژنانی کورد وەک تێکۆشەرانی هێڵی پێشەوە، چالاکوان لە تەڤگەرکانی مافی مرۆڤ و وتەبێژی دۆسیەی خۆیان بۆ جیهان سەریان هەڵداوە و نەورۆزیان وەک سەکۆیەک بۆ ڕاگەیاندنی بەردەوامیی خەبات سوود وەردەگرن، بەدەستهێنانی ئەم ڕۆڵە ئاسان نەبوو، بەو پێیەی ژنانی کورد ڕووبەڕووی دوو چەوسانەوە بووەوە: ناسیۆنالیستی و پیاوسالاری، بەڵام ویستیان  وایلێکردن هێزێکی نەشکاو بن، ژن تەنیا داوای مافەکانی نەکرد، بەڵکو بە خەبات و کۆڵنەدان بەدەستی هێنا، بوو بە مۆدێلێک بۆ ئەو ژنە ئازادەی کە بەبێ ئەوەی چاوەڕێی دانپێدانانی کەس بکات، مێژووی تۆمارکرد.

 

نەورۆزی ئەمساڵ لە کاتێکدایە کە پێشهاتە سیاسییە بەرچاوەکان، دیارترینیان ئەوەیە کە لەلایەن ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە بە "بانگەوازی ئازادی" پێناسە کراوە، وەک بەردێکی نوێ لە خەباتدا سەیر دەکرێت، کە گەلی کورد بە هیوای سەرکەوتنەوە ئاهەنگ دەگێڕێت ، لە بانگەوازی ئاشتی و بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی دیموکراتی ئیلهام وەردەگرێت. ئەمڕۆ ژنانی کورد تەنها هێمای بەرخۆدان نین، بەڵکو بوونەتە هێزێکی سەرەکی لە دیمەنی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، پێشەنگایەتی و ڕووبەڕووبوونەوە و سەپاندنی خۆیان لەسەر نەخشەی سیاسی بەبێ دوودڵی.

 

سەرەڕای بە فەرمی ناساندنی نەورۆز لە هەندێک وڵاتدا، پرسی کورد لە دڵی بەرەنگاری سیاسیدا ماوەتەوە، ناوچە کوردنشینەکان بەردەوامن بەدەست داگیرکاری و ئاوارەیی و دانپێدانانی تەواو بە مافەکانیان. لە جەرگەی ئەم شەڕەدا، ژنانی کورد خەباتێکی دووانەی ئەنجام دەدەن: بۆ ئازادی گەلەکەی و شکاندنی ئەو کۆت و بەندانەی کە هەوڵی قەتیسکردنی لە ڕۆڵێکی ملکەچدا دەدەن، بەڵام سەلماندی کە ڕزگاری ڕاستەقینە تەنها لە ڕێگەی ڕۆڵی یەکسانەوە بەدەست دێت و هەر خەباتێک بۆ ئازادی دەبێت هەمەلایەنە بێت نەک بەدەرکردن یان پەراوێز خستنی ژنان.

 

لە نەورۆزدا گەلی کورد پابەندبوونی بە مافی ژیانی ئازاد نوێ دەکاتەوە

نەورۆز تەنها ئاهەنگێک نییە، بەڵکو پەیامی بەرەنگارخوازی و نوێبوونەوەیە، لەم جەژنەدا گەلی کورد پابەندبوونی خۆی بە مافی ژیانی ئازاد و شکۆمەندانە نوێ دەکاتەوە و ژنانی کورد لە هەموو وردەکارییەکدا ئەو مانایە بەرجەستە دەکەن. ئیتر چاوەڕێی ناساندنی نەدەکرد، بەڵکو لە ڕێگەی هێزی ئیرادەی بە هێزە و دەستکەوتەکانەوە خۆی لە بەرەکانی شەڕدا نیشاندا. نەورۆز چرای ئومێدە کە هەرگیز کاڵ نابێتەوە، ئەو ئاگرەی هەرگیز ناکوژێتەوە، ئەو پەیمانەیە کە هەرگیز ناشکێت. ژنانی کورد لەڕێگەیەوە سیماکانی ئەو ئایندەیە دەکێشن کە ئاواتەخوازن، لەسەر بنەمای میراتێکی دوور و درێژی خۆڕاگری و خەبات و باوەڕێکی پتەو کە ئازادی لێدەسەندرێتەوە نەک پێدەدرێت.