ژنانی کورد: هێرشکردنە سەر وێنەی شەهیدان ناتوانێت ئیرادەمان بشکێنێت

ژنانی کورد دەڵێن: بەئامانجگرتنی وێنەی شەهیدان، هێرشکردنە سەر خەباتی ئازادیخوازانەی ژنان و دەستکەوتەکانی شۆڕش، داوای پاراستنی ژیانی کۆمەڵایەتی و یەکگرتوویی پێکهاتەکان دەکەن.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە- دوابەدوای هێرش بۆ سەر وێنەی شەهیدان، دوێنێ ژنانی کورد لە گەڕەکی غویران لە حەسەکە ناڕەزایەتییان دەربڕی، ئەو ژنانە هۆشدارییان دا کە هەوڵدان بۆ چاندنی ناتەبایی لە نێوان پێکهاتەکانی هەرێمدا دەتوانێت ژیانی هاوبەش و پرۆسەی ئەنتیگراسیۆنی دیموکراتی بخاتە مەترسییەوە.

 

”هەندێک هێز نایانەوێت ئەنتیگراسیۆنی دیموکراتیک سەرکەوتوو بێت”

ئیسرا ئیلیاس هێرشی سەر وێنەی شەهیدانی شەرمەزراکرد و ڕایگەیاند، کە هەندێک سیاسەتی دەرەوە دەیانەوێت ناتەبایی لە نێوان پێکهاتەکانی ناوچەکەدا بچێنن، وتی: ئێمە زیاتر لە ١٤ ساڵە لەسەر بنەمای فەلسەفەی نەتەوەی دیموکراتی پێکەوە دەژین، کە ژنان پێشەنگ بوون، ئەمەش قۆناغێکی هەستیارە، چونکە ئێمە لە قۆناغی ئەنتیگراسیۆنی دیموکراتیداین و هەندێک دەست نایانەوێت ئەم پرۆسەیە بگاتە قۆناغی گونجاوی خۆی.

 

ئیسرا ئیلیاس ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک لە سیاسەتمەداران دەیانەوێت خەڵک لە مافەکانیان لاببەن و شەڕی ناوخۆ لە نێوان پێکهاتەکاندا هان بدەن و وتی: ئێمە دەمانەوێت کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی لەسەر بنەمای دادپەروەری و یەکسانی بونیاد بنرێت، نەک بەشداری شەڕ و وێرانکاری بکەن، بەڵام ئەوان هێرش دەکەنە سەر بەهاکانمان و بە شێوەیەکی بێ ڕەوشتی ئامانجیان شکاندنی ئیرادەی ئازادی ژنانە، پێویستە هەرێمەکەمان بونیاد بنێین و بیپارێزین، نەک لەناوبردنی دەستکەوتەکانی شۆڕش، بۆیە دەبێت وریا بین، یەکێتی خۆمان بپارێزین و ڕێز لە بەها هاوبەشەکان بگرین.

 

”هەندێک کەسایەتی لە حکومەتی نوێدا دژی ئەنتیگراسیۆن”

سەبارەت بە ڕووداوەکانی حەسەکە، ئاهلین عەلی ئاماژەی بەوەدا، کە ئامانج لەم کارانە تێکدانی سیستەمی ژیانی هاوبەش و پێکەوەی گەلانە و وتی: زیاتر لە ١٤ ساڵە لەسەر بنەمای پێکەوەی گەلان و ژیانی هاوبەش کار دەکەین و ژنانیش سەرکردایەتی ئەم شۆڕشەیان کردووە، دەستکەوتی زۆریش بەدەست هاتووە، هەندێک هێز دەیانەوێت ئەو دەستکەوتانە پووچەڵ بکەنەوە بەرەو شەڕ، هەندێک لە تاکەکانی ناو حکومەتی نوێش نایانەوێت پرۆسەی ئەنتیگراسیۆن شکست بهێنێت و دەیانەوێت شەڕی ناوخۆ بورووژێنن.

 

ئاهلین عەلی جەختی لەوە کردەوە، کە حکومەتی سووریا بەرپرسیارێتی پاراستنی ئاشتی و ڕێگریکردن لەم کردەوانە لە ئەستۆدایە و وتی: باوەڕمان بە عەقڵ و ڕوانگەیەکی دیموکراتی و پێکەوە ژیان هەیە، لە سەردەمی خۆبەڕێوبەریدا کارمان بۆ پێکەوە ژیان و قبوڵکردن و ڕێزگرتن لە هەموو پێکهاتەکان کرد، تەنانەت ئێستاش ڕەتکردنەوەی قەسەدە و دامەزراوەکانی خۆبەڕێوەبەری، کە بوونەتە بەشێک لە دامودەزگاکانی دەوڵەتی سووریا، واتە ڕەتکردنەوەی پرۆسەی ئەنتیگراسیۆن، دەزانین کە دۆخەکە هەستیارە هەر بۆیە دەبێت هەموو پێکهاتەکان وریا بن و ڕێگە نەدەن سیاسەتی شەڕی ناوخۆ کاریگەری لەسەرمان هەبێت.

 

”شەهیدبوون میراسی هەموو ژنانە”

ئاهلین عەلی ڕوونیکردەوە، کە شەهیدان نمونەیەکی گرنگن بۆ ژنان و وتی: شەهیدان میراسی هەموو ژنانن، ئەوان نموونەی ژنانی ئازادن کە لە ڕێگەی خەبات و خۆڕاگری خۆیانەوە ڕێگەی ئازادییان خۆشکرد، بەرخۆدانیان بۆتە نموونەی هێز و ئیرادەی ژنان، و ئەمڕۆش ئەم هێزە لە ڕێکخستنی ژنان و ئامادەبوونیان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا دەبینین، شەهیدان ئیرادەی ئێمەن و ئەو ڕێگایەی کە لەسەری دەڕۆین.

 

”نامانەوێت ڕووداوەکەی ساڵی ٢٠٠٤ دووبارە بێتەوە”

ئاهلین عەلی داوای لە حکومەتی سووریا کرد بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر بەو کەسانە جێبەجێ بکات کە هێرش دەکەنە سەر سیمبول و یادەوەری شەهیدان و لێپرسینەوە لە تاوانباران بکات و وتی: بە بەرخۆدانی شەهیدەکانمان سووریا لە ئایدۆلۆژیای بەعس و حوکمڕانییەکەی ڕزگاری بوو، ئێمە نامانەوێت ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠٠٤ دووبارە ببنەوە، پێویستە ڕێز لە یەکتر بگرین، یەکتر قبوڵ بکەین و پێکەوە لەسەر ئەمە بژین ئێستا کاتی وێرانکاری نییە.