ژنانی کۆچبەری عەفرین: کاتێک داگیرکەر خاکەکەمان بەجێبهێڵێت دەگەڕێینەوە
ژنانی کۆچبەری عەفرین پابەندی خۆیان دەربڕی بۆ گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان دوای ڕۆیشتنی داگیرکەر و جەختیان لەوە کردەوە، کە ئازارەکان ئیرادەی ئەوانی نەشکاندووە.
زەینەب عیسا
قامیشلۆ- لە ناو پشێوی شەڕ و کۆچکردنی زۆرەملێدا، لە ئەنجامی ئەو هێرشە توندوتیژانەی تورکیای داگیرکەر دەستیپێکرد، دەیان هەزار دانیشتووی عەفرین ناچاربوون زەویەکانیان بەجێبهێڵن، لەگەڵ ماڵەکانیان و یادەوەرییەکانیان و ئەو دار زەیتونانەی کە شایەتحاڵی وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانەیان بوون بەجێهێشت، بەڵام کۆچکردن کۆتایی چیرۆکەکە نەبوو، بەڵکو سەرەتای لاپەڕەیەکی نوێی خەبات و بەرخۆدان بوو.
سەرەڕای ئەو سەختییانەی کە لە کاتی کۆچکردنیان لە عەفرینەوە بۆ شەهبا، و پاشان بۆ کانتۆنی جزیرە ڕووبەڕوویان بووەوە، بەڵام کۆچبەرەکان خۆیان ڕادەستی ئەو ڕاستیە نەبوون کە بەسەریاندا سەپێنرابوو، بەڵکو دەستپێشخەرییان کرد بۆ دامەزراندنی کۆمینەکان، بونیادنانی ژیانێکی بەکۆمەڵ لەسەر بنەمای هاوکاری و بەرخۆدان و ئیرادەیەک بۆ بونیادنانەوەی کۆمەڵگەکەیان.
گەشتێک لە ئازار و بەرخۆدان
سەوسەن خەلیل، ژنێکی کۆچبەر، وردەکارییەکانی کۆچکردنی خۆی لە ساڵی ٢٠١٨دا گێڕایەوە و وتی: ئێمە لە ژێر بۆردوومان و هەڕەشەدا عەفرینمان بەجێهێشت، سێ ڕۆژمان لەسەر ڕێگاکە بوو، نەمانزانی شوێنی مەبەستمان کۆێ بوو، تا گەیشتینە شەهبا، هیچ شتێک نەبوو، بەڵام هەموو شتێکمان لە سفرەوە ئاوەدانکردەوە، هەروەها کۆمین و ئەنجومەنی کۆمەڵایەتیمان دامەزراند بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکانمان، گەمارۆدراین، ڕێگەمان پێنەدرا پێداویستییەکانی ژیان بەدەستبهێنین، لە زستاندا سووتەمەنی گەرمکەرەوە نەبوو، هەروەها زۆرێک لە منداڵە تازە لەدایکبووەکان بەهۆی سەرمایەکی زۆرەوە گیانیان لەدەستدا.
جەختیشی لەوە کردەوە تا چەتەکانی تورکیای داگیرکەر ئامادەبن ناگەڕێینەوە بۆ عەفرین، گوێمان لە ڕفاندن و توندوتیژی و کوشتن و دەستدرێژییە بەردەوامەکان بووە کە لە عەفرین ڕوودەدەن، تەنانەت لە قوتابخانەکانیشدا زمانی تورکی بە ئەو منداڵانە دەڵێنەوە، بۆچی مافی ئەوەمان نییە بە زمانی دایکی خۆمان قسە بکەین؟ بەهۆی ئەم پێشێلکارییانە تا ئەو چەتانە ئامادەبن ناگەڕێینەوە بۆ عەفرین.
ڕوونیشیکردەوە، سەرەڕای سەختییەکان، کۆمین و ئەنجومەنی تایبەت بە خۆیان دامەزراندووە و خۆیان ڕێکدەخەن، وتیشی: دوای ئازاری حەوت ساڵ لە شەهبا، تورکیای داگیرکەر هێرشە دڕندانەیەکانی بۆ سەر ئێمە دەستیپێکردەوە، جارێکی دیکە ناچاریان کردین لە یەک ڕۆژدا بەرەو کانتۆنی جزیرە هەڵبێن، کۆچکردنمان لە شەهبا قورستر بوو لە شاری عەفرین، بەو پێیەی زۆر پێشێلکاری و کوشتن لە دژی ئێمە ئەنجامدرا.
"ئەنجومەن و کۆمینەکانمان لەوێ ئاوەدان دەکەینەوە"
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای سێ ڕۆژ لە کۆچکردنی سەخت، گەیشتینە کانتۆنی جزیرە، دانیشتوانی جزیرە بە گەرمی پێشوازییان لێکردین و پشتیوانییان لێکرا، ئێمە لە جزیرە نیشتەجێ بووینەوە، و خۆمان وەک خەڵکی عەفرین ڕێکخستەوە، هەروەها کۆمینەکانمان دامەزراند و دەستمان کرد بە سەردانی ماڵی ئەو کەسانەی لە عەفرینەوە کۆچینا کردبوو، لە ڕێگەی ئەم ڕێکخراوانەوە دەرگای گەڕانەوەمان نەداخستووە، ئێمە بەردەوام دەبین لە بەرخۆدان تا دەگەڕێینەوە سەر خاکی خۆمان و ئەنجومەن و کۆمینەکانمان لەوێ لە ژێر چەتری خۆبەڕێوبەریدا ئاوەدان دەکەینەوە.
٥٨ ڕۆژ بەرخۆدان لە بەرامبەر داگیرکاریدا
ئایشە غیدرۆ، ستایشی بەرخۆدانی عەفرینی لە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا کرد، وتیشی: لە کاتی هێرشەکانی تورکیای داگیرکەری بۆ سەر عەفرین ڕووبەڕووی شەڕێکی سەخت بووینەوە، بۆ ماوەی ٥٨ ڕۆژ بەرخۆدانمان کرد، سەرەڕای هەموو پێشێلکارییەکان سەرکەوتوو نەبوون لە شکاندنی ئیرادەی ئێمە، بەڵام لە ١٦ی ئاداری ٢٠١٨ ناچاریان کردین کۆچ بکەین.
گەشتی کۆچکردن بۆ ناوچەی شەهبا قورس بووە، و لە کامپەکاندا ڕووبەڕووی بارودۆخی سەخت بوونەتەوە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم ئازارە ئیرادەی ئەوانی لاواز نەکردووە، سەرەڕای ئەو هەموو سەختییانە، دەستبەرداری خەونی گەڕانەوەمان نەبووین، بەخۆمانمان، وت دەگەڕێینەوە بۆ عەفرین، گرنگ نییە چەندی پێبچێت.
جەختی لەوە کردەوە، کە هیوای گەڕانەوە بۆ ماڵەوە سەرەڕای دووبارە ئاوارەبوونەکان بە زیندووی دەمێنێتەوە، وتی: چەتەکانی تورکیای داگیرکەر جارێکی دیکە هێرشیان کردینەوە سەر ئێمە، ناچاریان کردین شەهبا بەجێبهێڵین، ئەمڕۆ ئێمە لە قامیشلۆ نیشتەجێ بووین، هەروەها کاروباری خۆمان بەڕێوە دەبەین و بە تەواوی ئاگاداری بەرپرسیارێتی خۆمانین، بەردەوام دەبین لە ڕێکخستنی ڕێپێوان و داوای گەڕانەوەی شکۆمەندانە بۆ سەر خاکەکەمان، ئاڵەنگاریەکان هەرچیەک بێت، پاشەکشە ناکەین، دوای گەڕانەوەمان بە شکۆمەندانە، ژیانمان لە عەفرین ئاوەدان دەکەینەوە.
"ئێمە جار لە دوای جار کۆچ دەکەین... بەڵام هەرگیز لەبیرمان ناچێتەوە"
ئامینە محەمەد وردەکارییە ئازاربەخشەکانی کۆچکردنی خۆی گێڕایەوە و ئاماژەی بەوەدا، کە شەڕی داگیرکردنی عەفرین یەکێک بووە لە سەختترین ئەزمونەکان کە تا ئێستا ئەزمونی کردبێت، وتیشی: ڕووبەڕووی دەستدرێژییەکی توند بووینەوە، ٧٢ فڕۆکەی تورکیا بەسەر عەفریندا دەسوڕانەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، بۆ ماوەی ٥٨ ڕۆژ بەرخۆدانمان کرد، ناچار بووین بڕۆین و یادگاری و ڕۆژە جوانەکانمان بەجێبهێڵین.
دوای جێهێشتنی عەفرین، ئامینە محەمەد بەرەو ناوچەی شەهبا بەڕێکەوت، لەوێ بۆ ماوەی حەوت ساڵ لە بارودۆخێکی سەختدا ژیان و لەگەڵ ئازار و بێبەشیدا خەباتیان دەکرد، وتی: سەرەڕای ئازارەکان، دەستمان بە هیواوە گرت، بەڵام هێرشێکی دیکەمان بەسەردا هات و لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا ناچار بووین شەهباش بەجێبهێڵین.
ڕوونیشیکردەوە، ئەمڕۆ لە قامیشلۆ دەژین، بەڵام دڵمان هەر لە عەفرینە،تا عەفرینمان ئازاد نەکرێت ناگەڕێینەوە بۆ عەفرین، کاتێک چەتەکانی داگیرکەر عەفرین بەجێدەهێڵن، ئەوکات دەگەڕێینەوە عەفرین و بە شکۆمەندیەوەەوە دەژین.