ژنانی کۆبانی بە جلوبەرگەکانیانەوە خۆیان بۆ ٨ی ئادار ئامادە دەکەن
بەبۆنەی نزیکبوونەوەی ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی تێکؤشانی ژنان، ئیلهام ئەحمەد، ئەندامی دەزگای ژنانی ئازاد لە کۆبانێ، باسی لە ئامادەکارییەکانی ژنان بۆ ئەم ڕۆژە کرد و وتی: ژنانی کۆبانێ بە فۆلکلۆر و فەرهەنگی خۆیان بۆ ٨ی ئادار ئامادەکاری دەکەن.

نورشان عەبدی
کۆبانێ-مانگی ئادار مانگێکی تایبەت و پیرۆزە بۆ گەلی کورد، بەتایبەت بۆ ژنان، چونکە لەم مانگەدا دوو ڕۆژی مێژوویی و گرنگ هەن، ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی ژنانە و ٢١ی ئادار نەورۆزە، ساڵانە پێش دەستپێکردنی ئەم مانگە ژنان بە دورینی جلوبەرگی فۆلکلۆری کوردی و ئامادەکردنی جلوبەرگەکانیان خۆیان ئامادە دەکەن، ژنان هەموو ساڵێک بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە پێشوازی لە ٨ی ئادار دەکەن.
ساڵانە ژنانی شاری کۆبانێ سەردانی بەشی کاری دەستی دەزگای ژنانی ئازاد دەکەن بۆ بەدەستهێنانی جلوبەرگ و ئیکسسوارات بۆ ٨ی ئادار.
"خۆمان بۆ ٨ی ئادار ئامادە دەکەین"
ئیلهام ئەحمەد، ئەندامی بەشی کاری دەستی لە دەزگای ژنانی ئازاد لە کۆبانێ، ڕایگەیاند، لەگەڵ نزیکبوونەوەی ڕۆژی جیهانی ژنان، ژنان دەست بە ئامادەکارییەکانیان دەکەن و وتی: پێویستە ژنان زیاتر لە ڕۆژێک جەژنی خۆیان بگێڕن، چونکە ئەوان لە بەنداوی تشرین بەرخۆدانی مێژوویی دەنووسنم ئێمە لە سەرەتای ئەم مانگەوە ئامادەکاریمان کردووە بۆ پێشوازیکردن لە ٨ی ئادار، ئێمەش دەستدەکەین بە ئامادەکارییەکانی وەک دروستکردنی کڵاوەکان و باندەکان بۆ ڕازاندنەوەی جلی کوردی، ژنان بە جلوبەرگی فۆلکلۆری خۆیانەوە پێشوازی لەم ڕۆژە دەکەن.
"پاراستنی کولتوورەکەمان ئەرکێکە"
ئیلهام ئەحمەد جەختیکردەوە لەوەی، بە کارو هەوڵەکانی خۆی کولتووری ناوچەکە دەپارێزێت و وتی: بە هەوڵەکانمان کولتووری خۆمان دەپارێزین و لەهەمانکاتدا هەوڵدەدەین کولتوورەکەمان بە زیندوویی بهێڵینەوە، وەک گەلی کورد سالانێکە هێرشمان کراوەتەسەر، بەڵام ڕێگەمان نەدا ناسنامەمان لەناوبچێت، لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا لە کەرتی کاری دەستی کارم کردووە، هەموو کەسێک دەبێت هەست بە بەرپرسیارێتی بکات.
شایانی باسە کە دامەزراوەی ژنانی ئازاد لە کانتۆنی فورات لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ساڵی ٢٠١٨ کرایەوە و بەشی کاری دەستی لەخۆدەگرێت بۆ پاڵپشتیکردنی ژنان لە ڕووی ئابوورییەوە.