ژنانی کامپی واشۆکانی: هێڵی بەرخۆدانمان هەڵبژاردووە

کۆچبەرانی کامپی واشۆکانی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیایان شەرمەزار کرد بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەتایبەتی لە دەوروبەری کامپەکە وتیان: هێڵی بەرخۆدانمان هەڵبژاردووە و تا کۆتایی بەرخۆدان دەکەین.

 

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە-دوای تەقینەوەکەی ئەنقەرە، دەوڵەتی تورکیا هێرشەکانی خۆی بۆ سەر خەڵکی ناوچەکە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نیشاندا، لە دوێنێوە فڕۆکە جەنگییەکان ناوەندەکانی خزمەتگوزارییان کردووەتە ئامانج لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و بوونەتە هۆی زیانی گیانی و ماددی، ژنانی کۆچبەر لە کامپی واشۆکانی کە لە سەرەتای هێرشەکەوە کراونەتە ئامانج، هێرشەکەیان شەرمەزار کرد.

ژنان ڕایانگەیاند، هێرشەکانی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی دژ بە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨و لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ تا ئەمڕۆش بەردەوام بوون، هەروەها ژنان ئیدانەی بێدەنگییان کرد لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا و وتیان: بێدەنگی هاوکارییە.

 

"هێرشەکە بەردەوامیی پیلانگێڕییەکەی ساڵی ١٩٩٩یە"

خەڵات خەلیل، یەکێک لە ژنانی کۆچبەر لە کامپی واشۆکانی ڕایگەیاند، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا سەقامگیری و بەرخۆدانی کۆچبەران دەکاتە ئامانج و وتی: بۆ ماوەی چوار ساڵە بەهۆی فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانییەوە ئاوارە بووین، ناچار بووین کۆچ بکەین، لێرە لە کامپی واشۆکانی نیشتەجێ بووین، لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، ژیانی ئێمە بە سەختی و دەرفەتی کەم یان پشتگوێخستنی ڕێکخراوە مرۆییەکان ژیانیان بەسەر بردووە، بەڵام ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ شوێنی خۆمان، ئەمڕۆ جارێکی دیکە دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت مێژووی داگیرکاری شارەکەمان زیندوو بکاتەوە و دەیەوێت سەقامگیری و ڕێکخستنی کامپەکەمان تێکبدات، ئێمە لە هێرشەکان ناترسین، . هێڵی بەرخۆدانمان هەڵبژاردووە و تا کۆتایی بەرخۆدان دەکەین، مافەکانی مرۆڤ، مافی منداڵان کوان؟ پێویستە ڕێکخراوە مرۆییەکان کاربکەن، ئەم بێدەنگییە بەرامبەر ئەم هێرشانە بەردەوامبوونی پیلانگێڕییەکەی ساڵی ١٩٩٩یە بۆ قڕکردنی گەل و ئیرادەی کورد.

 

"بێدەنگی هاوکارییە"

فەتما عەلی، یەکێک لە کۆچبەرەکانی کامپەکە وتی: بێدەنگی هاوکارییە، کچەکەم لەوکاتەی هێرشەکە کراوە دەگری، منداڵەکان زۆر دەترسن، ئەو هێرشانە شەرمەزار دەکەین، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا تەنها دەیەوێت دیموگرافیای ناوچەکە بگۆڕێت و دەسەڵاتی عوسمانی زیندوو بکاتەوە، وڵاتانی نێودەوڵەتیی بێدەنگن، ئەم بێدەنگییە هەروەها هاوکارییە.