ژنانی گەنجی شەنگال کۆبوونەوەیان دەربارەی خۆپاراستن ئەنجامدا

یەکێتی ژنانی گەنجی شەنگال لە چوارچێوەی هەڵمەتی خۆپاراستن کە لەلایەن تاژێ-وە ڕاگەیەندراوە، کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا، ژنانی گەنج وتیان: خۆپاراستن گرنگترە لە نان و ئاو، لەسەر بنەمای فەلسەفەی ئازادی خۆیان دەپارێزن.

شەنگال

 

یەکێتی ژنانی گەنجی شەنگال لە چوارچێوەی هەڵمەتی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی "تاژێ"  بە ناونیشانی "لە بەرامبەر قڕکردنی ژنان ببە دەنگی خۆپاراستن" کۆبوونەوەیەکی بە بەشداری سەرجەم ئەندامانی گەنجان و ژنانی گەنجی ئەنجومەن و دامەزراوەکان لە شەنگال ئەنجامدرا، کۆبوونەوەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن دەستی پێکرد.

 

"پەروەردە بنەمای پاراستنە"

هالە خدر ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە هەموو ژنانی گەنج خۆیان بپارێزن و وتی: ئامانجی کۆبوونەوەکەمان پاراستنی خۆمانە وەک ژنی گەنج و فێربوونی خۆپاراستنە، وەک دەزاندرێت ژنانی ئێزیدی کوژران و بە دیل گیران بۆیە پێویستە بزانین چۆن و بۆچی پەروەردە بۆ ئێمە گرنگە، بۆچی ژنانی ئێزیدی خۆیان بپارێزن؟ چۆن دەتوانیت خۆت بپارێزیت؟ پێویستە ئەم بابەتە بە باشی بگەیەندرێتە ژنان.

 

"ژن دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی خۆی"

سەمیرا خێرۆ، ئەندامی ئەنجومەنی گوندی دیگور، کە لە کۆبوونەوەکەدا قسەی کرد، وتی: بەداخەوە لە هەموو شوێنێک ژنان وەک ڕیکلام بەکاردەهێنرێن، لە هەموو دەوڵەتێکدا ژنان بە جۆرێک لە جۆرەکان کۆیلە دەکرێن، چونکە سیستمی دەسەڵاتداری هەیە، بایۆلۆجی ژنیان خستە خزمەت دەسەڵاتی خۆیان، ساڵانێکە شەڕ لە دژی ژنان ئەنجام دەدەن کە  ژن لە سروشتی خۆی دوور دەخەنەوە، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ سروشتی خۆمان و کولتوورەکەمان بپارێزین، ئەگەر خۆمان پەروەردە نەکەین و نەزانین، هەنگاوی گەورە نانێین و بەرەوپێش ناچین.

 

"خۆپاراستن بۆ ژنان زۆر گرنگە"

زیلان شەنگالی، ئەندامی یەکیێتی ژنانی گەنجی گوندی داهۆڵ، سەبارەت بە ئامانجی کۆبوونەوەکە وتی: ئەمڕۆ لە گوندی دیگور کۆبوونەوەیەکمان ئەنجامدا سەبارەت بە گرنگی خۆپاراستن، خۆپاراستن زۆر گرنگە بۆکۆمەڵگە بە گشتی و ژنان بەتایبەت، ئێستا هێزمان هەیە و خۆمان دەپارێزین، نابێت لەبیرمان بچێت کە شەڕێکی تایبەتیش بەڕێوەدەچێت، پێویستە خۆمان لێی بپارێزین و خۆمان پەروەردە بکەین.