ژنانی دووگیان و تازە لەدایکبووان لە ناو ئەو کەسانەن کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە لە غەززە

لە غەززە ٥٠ هەزار ژنی دووگیان و لە کەناری ڕۆژئاوا ٧٣ هەزار ژنی دووگیان لە توندروستی بێبەشن و لەگەڵ منداڵانی تازە لەدایکبوو بەهۆی جەنگەوە زۆترین زیانیان بەرکەوتووە.

 

ناوەندی هەواڵ

 

بەرزبوونەوەی ڕێژەی پەنابەران لە کەرتی غەززە بە شێوەیەکی خێرا لە دوای جەنگی بەردەوام لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە گەشە دەکات و زیاتر لە نیوەی دانیشتووانەکەی ناچارکراون ماڵەکانیان جێبهێڵن و لە پەناگەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، قوتابخانەکان، نەخۆشخانەکان یان خزمەکانیان پەنابەر بن.

 

سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان نیگەرانە لە دۆخی ژنان لە غەززە، ئاماژەی بەوەکردووە،  نزیکەی ٥٠ هەزار ژنی دووگیان، کە چاوەڕوان دەکرێت ٥ هەزارو ٥٢٢یان لە مانگی داهاتوودا منداڵیان ببێت، لە خزمەتگوزارییەکانی گەیاندنی سەلامەت دابڕاون لە کاتێکدا نەخۆشخانەکان لەژێر هێرشدان و سیستمی تەندروستی وێران بووە.

 

لە کەناری ڕۆژئاوا نزیکەی ٧٣ هەزار ژن لە ئێستادا دووگیانن و چاوەڕوان دەکرێت زیاتر لە ٨ هەزارو ١٢٠ ژن لە مانگی داهاتوودا منداڵیان ببێت.

 

ئاماژە بەوەکراوە، تۆڕی مامانەکانی سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان چالاک دەکرێت بۆ پێشکەشکردنی پشتیوانی لە کاتێکدا پەیوەندی لەگەڵ پسپۆڕانی ئاستی نەخۆشخانەدا هەیە، هەروەها سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان پشتگیری هێڵە گەرمەکان دەکات بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری زانیاری و ڕاوێژکاری بۆ ژنان.