ژنانی چالاکوانی سنە: ژیانی مرۆڤ و مانەوەی ژینگە هیچ بەهایەکی بۆ حکومەت نییە

ژنانی چالاکوانی سنە كەوتنەوەی ئاگرەكەی چیای ئاویەر لە سنووری سنە بە کارەساتێکی ژینگەیی دەزانن، دەڵێن: ڕووداوەكە لە ئەنجامی ناکارامەیی و نابەرپرسیارێتی دامودەزگاکانی حکومەت كەوتووەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی ٢٤ی تەمووز، دوای ئاگرکەوتنەوەیەکی بەرفراوان لە چیای ئاویەر لە شاری سنە، حەمید مورادی، چیاکۆ یوسف نەژاد و خەبات ئەمینی بەهۆی زۆری ڕێژەی سووتاوەییەکەیان گیانیان لەدەستدا و بریندارەکانی دیکەش لە ژێر چاودێری تەندرووستیدان.

 

گرووپێک لە ژنانی چالاکوان لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دوای گیانلەدەستدانی سێ ژینگەپارێزی کورد و برینداربوونی سێ ژینگەپارێزی دیکە لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوەکەی چیای ئاویەر ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، ژینگەپارێزان لە گڕی بێباکی ئەو دامەزراوانەدا، کە ئەرکیان پاراستنی ژیان و یەکپارچەیی ئەم خاکەیە سووتاون، ئەوان دەنگی سرووشتیی بریندارەکان و دوایین قەڵای بوونەوەرە بێ بەرگرییەکان بوون هاوارێک بوو، کە دەیانوویست بە ئاگامان بهێننەوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، شەهیدانی ژینگە بەڵگەیەکی دیکەی ئەو شکستە ئەخلاقی و پێکهاتەیەن، کە بەردەوام نیشانی داوە ژیانی مرۆڤ و مانەوەی ژینگە هیچ بەهایەکی بۆ حکومەت نییە، ئەو کارەساتە لە نابەرپرسیارێتی دامودەزگاکانی حکومەت سەرچاوەی گرتووە.

 

 داوا دەکەن حکومەت کەرەستەی هێز، وێستگەی جێگیر، سیستەمی ئاگادارکردنەوە و تیمی تایبەت دابین بکات، هەروەها کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانانی ژینگە ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ داخوازییە ڕەواکانیان لەپێناو پاراستنی سرووشت و گیانی هاوڵاتییان.