ژنانی باکووری کوردستان: کاتی پاراستنی دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوایە

ژنان لە باکووری کوردستان ڕایانگەیاند، لە هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان پارادایمی ئازادی ژنان دەکرێتە ئامانج، هەروەها پلانەکانی نەتەوە دەوڵەتەکان سەرکەوتوو نابێت، ئەو کوردانەی دوێنێ بەرەنگاری هێرشەکان بوون، ئەمڕۆش بەرخۆدان دەکەن.

مەدینە مامەدئٶغلو

 

ئامەد- هێرشەکانی چەتەکانی تەحریر شام و چەتە جیاوازەکانی دژی سووریا بەردەوامە، چەتەکان لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا هێرشی قورسیان بۆ سەر مەنبج ئەنجامداوە، تاوانی جەنگیی ئەو چەتانەی کە ناوچەکانی خۆبەڕێوەبەری دەکەنە ئامانج بەردەوامە و بێدەنگی گۆڕەپانی نێودەوڵەتیش بەردەوامە.

 

تا ئێستا داتای ئەو ژن و منداڵانەی لە هێرشەکاندا گیانیان لەدەستداوە، ئەو پێشێلکاریانەی کە ڕوویانداوە ڕوون نەکراوەتەوە، لەو دیمەنانەدا کە دەرکەوتووە دەبینرێت لەبەردەم خەڵکدا چەتەکان بە بێ گوێدانە تەمەن خەڵکی مەدەنی دەکوژن.

 

لە لایەکی دیکەوە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چەکدار "SÎHA" بۆ سەر ناوچەکانی خۆبەڕیوەبەری بەردەوامە، ئەمە لە کاتێکدایە شەوی ٨ی کانوونی دووەم، لە هێرشی دەوڵەتی تورک بۆ سەر گوندی ئەل موزتەرەهای سەر بە عەین عیسا ١٢ هاوڵاتی مەدەنی کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون کوژران.

 

ژنانی باکووری کوردستانیش ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر ئەم هێرشانە و پشتیوانی خۆیان بۆ گەلی ڕۆژئاوا دەربڕی.

 

"پلانە قێزەونەکان سەرناکەون"

سوڵتان یارای، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان "دەبەپە"، لە ئامەد ڕایگەیاند، هەوڵدەدەن پلانی زۆر لە سووریا جێبەجێبکەن، بەڵام ناگەنە ئامانجەکەیان، لە ڕۆژئاوا دەستکەوتی گەورە بەدەستهاتووە و ئەو دەستکەوتانە لەلایەن خەڵکەوە بە گیانی خۆیان پارێزراون، لە ڕۆژئاوا گەلانێک هەن کە سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە، ئەم هێرشە یەکڕیزی گەل دەکاتە ئامانج، دەیانەوێت خەڵک چاوترسێن بکەن، بەڵام ئەو کوردانەی دوێنێ بەرەنگاری ئەو هێرشانە بوون، ئەمڕۆش بەردەوام دەبن لە بەرخۆدان، پلانە قیزەونەکان سەرکەوتوو نابێت.

 

"دەسەڵاتە نێودەوڵەتییەکان یاری سێ مەیموون دەکەن"

سوڵتان یارای ئاماژەی بەوەکرد، چەتەکانی ناوچەکە بە ڕوونی تاوانی جەنگ ئەنجام دەدەن و ڕایگەیاندووە، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەم پرۆسەیەدا ڕۆڵی "سێ مەیموون" دەگێڕن، هێرشەکان تاوانی جەنگە دژی مرۆڤایەتی و وتی: خەڵک ناچارن لە خاکی خۆیانەوە کۆچ بکەن و ژنان دەگیرێن و خەڵکی مەدەنی دەکوژرێن، بە پشتیوانی تورکیا، ئەم چەتانە زۆرجار تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدەن.

 

"خەڵک سازش لە تێکۆشانی خۆی ناکات"

سوڵتان یارای ڕایگەیاند کە لەم پرۆسەیەدا ژنان و دەستکەوتەکان ئامانجن و خەڵک سازش لە تیکۆشانی خۆیان لە دژی ئەو چەتانە ناکەن، ئەم تێکۆشانە دژی داعش و هاوپەیمانەکانی "تێکۆشانێکی ئەقلییەتییە" و وتی: شۆڕشی ڕۆژئاوا و ژیانی ئەمڕۆ بووەتە نموونە بۆ هەموو جیهان، لە هەموو شوێنێکەوە خەڵک وەک شوێنێکی ژیان بۆ خۆیان دەیبینن، هەر کەسێک خۆی لەو دەستکەوتەدا دەبینێت، ئەم سیستمە کە هەموو مرۆڤەکان بەردەوامن لە پێکەوە ژیان، ئەمڕۆ تەنها لە ڕۆژئاوا بوونی هەیە، هەر بۆیە ئەوەندە بە قورسی دەکرێتە ئامانج.

 

"ئەمە بانگەوازێکی سیاسی نییە، بەڵکو مرۆییە"

سوڵتان یارای ڕایگەیاند کە لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا پێویستە لە هەموو بەشەکانەوە بانگەوازێکی مرۆیی بکرێت و وتی: ئێمە لێرەوە بانگەوازی هەموو خەڵک دەکەین کە ئەم کێشەیە تەنیا کێشەی ڕۆژئاوا و گەلی کورد نییە، پێویستە هەموو خەڵک دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە بەرامبەر بەو تاوانە جەنگییانەی کە لەلایەن چەتەکانەوە ئەنجام دەدرێن، ئەمە بانگەوازێکی سیاسی نییە، بەڵکو بانگەوازێکی مرۆییە، ژنان و منداڵان و مرۆڤەکان بە گشتی لەوێ دەکرێنە ئامانج، دژی ئەم تاوانە دژە مرۆڤایەتییە، تێکۆشان گەورەترین خاڵە، ئێمە دژی ئەم شەڕەین و تێدەکۆشین، پشتگیریکردن لە شەڕەکە سوودی بۆ کەس نابێت.

 

"پارادایمی ئازادی ژنیان کردە ئامانج"

حەسیبە یازدک، ئەندامی تەڤگەری ژنانی ئازاد "تەژەئا" ڕایگەیاند گەلی ڕۆژئاوا ساڵانێکە لەژێر هێرشەکاندا بەرخۆدان دەکەن و وتی: سەدان ساڵە کورد لەلایەن ئیمپریالیستەکانەوە دابەشکراوە بەسەر چوار بەشدا و ڕووبەڕووی سیاسەتی تواندنەوە و شەڕی جیاواز بوونەتەوە، خەڵک نەیانتوانیوە ژیانێکی پارێزراو لەو خاکەدا بەڕێوەببەن کە تێیدا لەدایک بوون، ئه مڕۆ زیاتر له ١٠ ساڵه له ڕۆژئاوا ململانێ و هەڕەشەی هێرش هەیە، کورد لەوێ لە ژێر سێبەری مۆدێرنیتە دیموکراتیکدا ژیانیان دروست کرد، ئەم ژیانە شۆڕشێکە نەک تەنها بۆ کورد، بەڵکو بۆ گەلی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش کەوتۆتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەم شۆڕشە، شۆڕشێکە لە بەرژەوەندی دەوڵەتە ئیمپریالیستەکاندا نییە، ئەمڕۆ لە ڕۆژئاوا هێرشێکی نوێ لە لایەن چەتەکانەوە ئەنجام دەدرێت کە زۆرترین هەڕەشە لە ژنان دەکەن.

 

"پێویستە ڕۆژئاوا و دەستکەوتەکانمان بپارێزین"

حەسیبە یازدک داوای بەرزکردنەوەی تێکۆشان لە دژی ئەقڵیەتی دوژمنی ژنان کرد و ڕایگەیاند، ئەو چەتانەی کە ئەقڵیەتی داعشیان هەیە لەم پرۆسەیەدا تاوانی گەورەیان لە دژی ژنان ئەنجامداوە، وتی: ئەم چەتانەی بە ئەقڵیەتی داعش، لەو کەسانەی کە ئەقلییەتیان وەک ئەوان نییە زۆر تووڕەن، لە ئێستاوە دوژمنایەتییەکی گەورە بەرامبەر بە ژنان هەیە، لە هەموو بوارێکدا دەریدەبڕین کە ئەم ئەقڵیەتە قبوڵ ناکەین، تا کۆتایی دژی ئەم ئەقڵیەتە تێدەکۆشین، پاراستنی ڕۆژئاوا بە مانای پاراستنی ئاشتی و ئازادیش دێت، ئێمەی ژنان دەبێت بە هەموو هێزمان ئاگاداری ئەم ژیان و پارادایمە بین، پێویستە ڕۆژئاوا و دەسکەوتەکانمان بپارێزین.

 

"ئەم تێکۆشانە ئەرکێکی مرۆییە"

یەتەر ئەرەل توما، هاوسەرۆکی کۆمەڵەی پشتیوانی لە بنەماڵەی زیندانیان و سزادراوان "TUAY-DER" ڕایگەیاند، پێویستە دەنگی ئاشتی و دیالۆگ لە دژی شەڕ بەرز بکرێتەوە، لە دۆخی بونیادنانی ژیانێکی دیموکراتیک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی لە سووریا، ژنان دەبنە قوربانی و وتی: پێویستە هەمووان بەرامبەر ئەم هێرشانە بڵێن ئاشتی، ئەم تیکۆشانە لە سەرووی هەموو شتێکەوە ئەرکێکی مرۆییە، وەک ژن هەرگیز دەستبەرداری تێکۆشانی خۆمان بۆ ئاشتی و دادپەروەری نابین، ئێمە بەردەوام دەبین لە وتنەوەی ئاشتی دژی شەڕ.