ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە دژی توندوتیژی بیری ئازادی دەکەنە پراکتیکی ڕۆژانە
کۆنگرەی ستار پێشەنگایەتی دەستپێشخەرییەکانی ئازادی و بەشداریکردنی کۆمەڵگە دەکات، ڕێکخراوی مافی مرۆڤیش هۆشیاری یاسایی بەرەوپێش دەبات و پێشێلکارییەکان بەڵگەنامە دەکات بۆ دڵنیابوون لە پاراستنی ژنان و ڕێگە خۆشکردن بۆ کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرتر و یەکسانتر.
ئەسما محەمەد
قامیشلۆ- لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی ١٩ی تەمووز لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هەڵمەتێک دەستیپێکرد بۆ پێناسەکردنەوەی ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەدا بە بەهێزکردنی لە ڕووی هزری، یاسایی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە و چەسپاندنی بنەماکانی ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری لە ڕێگەی بەرنامەکانی خولی پەروەردەی و دەستپێشخەری کۆمەڵایەتی و گفتوگۆی کراوە.
لە ڕێگەی شۆڕشی ژنانەوە لەناو سیستمی خۆبەڕێوبەریدا، هزری ئازادی لە تیۆرێکی ئەبستراکتەوە گۆڕاوە بۆ پراکتیکێکی ڕۆژانە کە گۆڕانکاری ڕاستەقینە لە ژیانی ژناندا دێنێتە ئاراوە و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکی هاوسەنگتر و شکۆمەندتر بونیاد دەنێت.
بیری ئازادیی تەنها دروشم نییە
ئەندامانی کۆنگرەی ستار دووپاتیان کردەوە، کە بیری ئازادی تەنها دروشمی تیۆری نییە، بەڵکو بووەتە پراکتیکێکی ڕۆژانە کە کاریگەری لەسەر ژیانی ژنان و کۆمەڵگە بە گشتی هەیە، توانای ژنان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییەکان و بەشداریکردنی کاریگەرانە لە بڕیاردانی ناوخۆییدا، نوێنەرایەتی نموونەیەکی ناوازەی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی دەکات، کە بەهاکانی ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری لە هەموو لایەنەکانی ژیانی ڕۆژانەدا تێکەڵ دەکرێن.
کۆنگرەی ستار لە ٢٠٢٥ دەستپێکردنی هەڵمەتێکی تۆکمەی بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان و ١٦ ڕۆژی چالاکی دژی توندوتیژی ڕەگەزی ڕاگەیاند، ئەم هەڵمەتە ئامانجی تیشک خستنە سەر ئاستەنگە قووڵەکانی بەردەم ژنان لە کۆمەڵگە و بەرەوپێشبردنی مافەکانیان لە هەموو بوارەکاندا، بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکان بۆ بەهێزکردنی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، دوابەدوای ئەو توانا ناوازەیەی کە ژنان لە ناوچەکەدا نیشانیاندا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان و بەشداری چالاکانە لە بڕیاردانی سیاسی و کۆمەڵایەتی، بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی یەکگرتوو و داهێنەر.
کۆمەڵێک چالاکی و بەرنامەی بەرفراوان
گوڵستان کلو، ئەندامی کۆنگرەی ستار لە قامیشلۆ، باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ڕوونیکردەوە کە هەڵمەتەکە لە کۆمەڵێک چالاکی و بەرنامەی بەرفراوان پێکدێت کە بۆ گۆڕینی چەمکی ئازادی لە دروشمێکی تیۆری بۆ پراکتیکێکی بەرجەستە و ڕۆژانە داڕێژراون، ئەمەش ژنان بەهێز دەکات بۆ ئەوەی ژیانییان بە ئازادی بژین و بڕیارەکانی خۆیان بە شێوەیەکی سەربەخۆ بدەن، بەشداری دەکات لە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و بەردەوام لەسەر بنەمای بەهاکانی کۆمین و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی.
ڕوونیکردەوە، کە هەڵمەتەکە وۆرکشۆپی تایبەتمەند لەخۆدەگرێت بۆ پەرەپێدانی تواناکانی پێشەنگایەتی و بەڕێوەبردنی پڕۆژە و بڕیاردان، هەروەها بەهێزکردنی ژنان لە ڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە، خولی پەروەردەی تەکنیکی لە تەکنیکەکانی دانوستان، بەڕێوەبردنی کات، چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و بەشداری چالاکانە لە ئەنجومەن و دامەزراوە و کۆمینەکاندا لەخۆدەگرێت.
هەروەها دانیشتنەکانی گفتوگۆی کراوە دەرفەتێک بۆ ژنان دەڕەخسێنن کە لەگەڵ کۆمەڵگەی ناوخۆییدا کۆببنەوە، لەوانەش پیاوان و گەنجان، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسە هەستیارەکانی وەک توندوتیژی خێزانی و هەڵاواردن لە شوێنی کاردا، هەروەها بۆ گەڕان بەدوای چارەسەری داهێنەرانە بۆ تێپەڕاندنی ئەم ئاڵەنگاری، هاوکات پێشاندانی چیرۆکی سەرکەوتنی ڕاستەقینەی ئەو ژنانە کە توانیویانە بیری ئازادی لە ژیانی ڕۆژانەیاندا بەکاربهێنن لەگەڵ کاریگەرییەکانی لەسەر کۆمەڵگەکانیان.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵمەتەکە تیشک دەخاتە سەر شکاندنی ئەو کۆت و بەندییە کولتووری و کۆمەڵایەتییە نەریتیانەی کە ئازادی ژنانی بەردەم شۆڕش سنووردار کرد، هەروەها لابردنی بەربەستە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان لەبەردەم بەشداریکردنی تەواویان لە هەموو لایەنەکانی ژیانی گشتیدا، بەرنامەکانی خوڵی پەروەردە بریتین لە بەرزکردنەوەی متمانە بەخۆبوونی ژنان و تەیارکردنیان بەو زانیاری و لێهاتووییانەی کە پێویستن بۆ کاریگەریکردن لەسەر بڕیارە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان، ئەمەش وایان لێدەکات ببنە هێزێکی چالاک کە توانای پێشەنگایەتیکردنی گۆڕانکاری لە ناو کۆمەڵگەکانیاندا هەبێت.
ڕووبەڕووبوونەوەی سەختترین بارودۆخ
گوڵستان کلو جەختی لەوە کردەوە، کە ژنان لە ڕۆژئاوا و ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا توانای خۆیان سەلماندووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەختترین بارودۆخەکان لەوانە ئاڵەنگاری ئاسایشی و سیاسی و بەشداریکردن لە بڕیاردان و بەڕێوەبردنی دامەزراوە ناوخۆییەکان و دەستپێکردنی پڕۆژەی گەشەپێدان و کۆمەڵایەتی کە سوودی بۆ تەواوی کۆمەڵگە هەیە، ئایدیۆلۆژیای ئازادی لە دروشمی تەنها لەسەر کاغەزەوە گۆڕاوە بۆ پراکتیکێکی ڕۆژانەی بەرجەستە کە کاریگەری لەسەر ژیانی هەموو ژنێک و هەموو خێزانێک هەیە، شێوازی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەی دووبارە داڕشتەوە بۆ ئەوەی بەهاکانی ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری ببنە بەشێک لە ڕاستی پراکتیکی، هەڵمەتەکە تیشک دەخاتە سەر تێکەڵکردنی ئایدۆلۆژیای ئازادیانە لە هەموو لایەنەکانی ژیانی ڕۆژانەدا لە ڕێگەی ناوەندەکانی پشتیوانی تایبەتمەندەوە کە پشتیوانی دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئابووری پێشکەش دەکەن، هەروەها وۆرکشۆپی پێشکەوتوو بۆ پەرەپێدانی پێشەنگایەتی، بڕیاردان، بەڕێوەبردنی کارگە بچووک و مامناوەندەکان، و فێرکردنی پلاندانانی ستراتیژی و چارەسەرکردنی ناکۆکی، ئەمەش ژنان بەهێز دەکات بۆ ئەوەی ڕۆڵی خۆیان بە شێوەیەکی کارا و کاریگەر لە دامەزراوە و ئەنجومەن و کۆمینەکاندا ئەنجام بدەن.
هەروەها ناوەندەکان کاردەکەن بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری لەسەر مافەکانی ژنان و بەرەوپێشبردنی هۆشیاری کۆمەڵگە لە گرنگی یەکسانی، دەرفەت بۆ ژنان بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان، لەگەڵ پشتیوانی دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆ ئەوانەی ڕووبەڕووی ئاستەنگی کولتووری یان کۆمەڵایەتی دەبنەوە، هەروەها هەڵمەتەکە تیشک دەخاتە سەر نەوەی نوێ، بەتایبەتی گەنجان، لەڕێگەی هەڵمەتی هۆشیاری و پەروەردەیی لە خوێندنگە و پەیمانگاکان بۆ بەرەوپێشبردنی بەهاکانی یەکسانی و دادپەروەری و چاندنی کولتووری ئازادی و بەشداریکردنی کۆمەڵگە لە تەمەنێکی گەنجەوە، دەستپێشخەرییەکان ئامانجیان ئامادەکردنی ئەو نەوانە کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتوورییەکانیان هەبێت بە متمانە و سەربەخۆییەوە، بونیادنانی بنکەیەکی بەهێزی ژنان کە خاوەنی ئەو زانست و لێهاتووییە بن بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی بیری ئازادی بۆ نەوەکانی داهاتوو.
ئەنجامێکی گەشبینانە
پێیوایە ئەو ئەنجامانەی لە ساڵانی ڕابردوودا بەدەست هاتوون نموونەیەکی پێشەنگ پێکدەهێنن کە ڕەنگدانەوەی توانای ژنانی ناوچەکەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان و گۆڕینی بیری ئازادییانە بۆ ڕاستی بەرجەستە، ژنانی ئەمڕۆ تەنها سودمەندی مافەکان نین، بەڵکو بناغەی کۆمەڵگە و بنەمای گەشەسەندنی، توانای بەشداریکردنی کارایان هەیە لە هەموو ئاستەکانی ژیاندا، لە حوکمڕانی ناوخۆییەوە تا بڕیاردانی سیاسی و دەستپێشخەرییە ئابووری و کولتوورییەکان.
ئەم هەڵمەتە وەک لە لایەن گوڵستان کلو، ئەندامی کۆنگرەی ستار لە قامیشلۆ و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پشتڕاست کراوەتەوە، ڕەنگدانەوەی پابەندبوونی بەردەوامی کۆنگرەی ستارە بۆ بەهێزکردنی ژنان و بەهێزکردنی ڕۆڵی پێشەنگایەتییان، ئامانجی گۆڕینی بیری ئازادییانە بۆ پراکتیکێکی کۆمەڵایەتی ڕاستەقینە کە ببێتە بەشێک لە ناسنامەی کۆمەڵگە، کاریگەری ئەرێنی لەسەر گەشەپێدانی بەردەوام و دادپەروەری و یەکسانی هەبێت، کە ئەمەش لە بەرامبەردا ئیلهامبەخشە بۆ نەوە نوێیەکان بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی گشتگیر و هاوسەنگ کە مافی هەمووان بپارێزێت و پارێزگاری و شکۆمەندی ژنان لە هەموو بوارەکاندا مسۆگەر بکات.
بەهێزکردن لە هۆشیارییەوە دەست پێدەکات
ئەڤین جومعە، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤ ئاماژەی بەوەدا، کە بەهێزکردنی ژنان لە کۆمەڵگەدا لە هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان لە مافەکانیان دەستپێدەکات، ئەم مافانە لە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ و چەندین پەیماننامە و ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتیدا جێگیرکراون، جگە لە یاسا ناوخۆییەکان و دەستوور، بڕگەکانی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان پاڵپشتی لە ئازادی و بەشداریکردنی ژنان لە هەموو لایەنەکانی کۆمەڵگە دەکەن، هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان لەم پێوەر و یاسا نێودەوڵەتی و ناوخۆییانە، لەوانەش یاساکانی خۆبەڕێوەبەری و بنەما بنچینەییەکان بۆ ژنان لە ڕێککەوتنی کۆمەڵایەتیدا، بەردی بناغەی بەهێزکردنی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پێکدەهێنێت.
ئاماژەی بەوەشکرد کە بەکارهێنانی ئازادی کەسی بەهۆی داب و نەریت و نەریت و پراکتیزە بۆماوەییەکانی پەیوەست بەوەوە ڕووبەڕووی ئاستەنگی تایبەت دەبێتەوە بۆ ژنان، بەهۆی شەرەفەوە، هەندێکجاریش بە یاسا ئاینییەکان، جەختی لە گرنگی هۆشیاری یاسایی کردەوە بۆ ئاگادارکردنەوەی ژنان لە مافەکانیان و میکانیزمەکانی بانگەوازیانل، نەزانی لە یاسا بەربەستێکی گەورە پێکدەهێنێت لە بەردەم بەدەستهێنانی مافە سەرەتاییەکانی ژنان و ئازادییە گشتیەکانیان بە بەراورد لەگەڵ پیاوان.
پرسی دۆکیۆمێنتکردنی پێشێلکارییەکان، بەتایبەتی ئەو پێشێلکاریانەی کە ژنان و منداڵان تووشی دەبن، لە پێشینەی کارەکانی ڕێکخراوەکەدایە، وەک ئەڤین جومعە ڕوونیکردەوە، بەڵگەنامەکردن هەموو پێشێلکارییەکان دەگرێتەوە، لەوانەش تاوانەکانی جەنگ، پێشێلکاری کۆمەڵایەتی، گیانلەدەستدانی گوماناوی و فشارە دەروونییەکان کە دەتوانن کارەساتی کەسی لێبکەوێتەوە، ئەم دۆسیە یاساییانە یارمەتیدەرن لە تۆمارکردنی کەیسەکان چ لە ئاستی ناوخۆیی و چ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، هۆشیاری یاسایی، سیمینار، وتار و وۆرکشۆپ ئاماژەیەکی سەرەکین بۆ بەهێزکردنی ژنان.
چاودێریکردنی دۆخی ژنانی کۆچبەر
بەهێزکردنی یاسایی و دامەزراوەیی بریتییە لە چاودێریکردنی دۆخی ژنان لە کامپەکاندا، جا چ کامپی ئاوارەبوون یان پەنابەران، بەڵگەنامەکردنی پێشێلکارییەکانی مافەکانیان و داوای مافەکانیان لەڕێگەی ڕێکاری یاساییەوە، بەهێزکردن درێژدەبێتەوە بۆ مافە سیاسییەکان، لەوانە مافی دەنگدان، خۆکاندیدکردن بۆ پۆست و دەربڕینی بیروڕا، ئەمە جگە لە پشتیوانیکردنی ژنانی ڕۆژنامەنووسان و کرێکارانی مرۆیی و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەراسانکردنەی کە ڕەنگە ڕووبەڕوویان ببنەوە لەلایەن کۆمەڵگەوە یان لە کاتی ململانێکان لە ناوچە ناجێگیرەکاندا.
جەختی لەوە کردەوە، کە هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان لە مافەکان و میکانیزمە یاساییەکان بۆ بەڵگەنامەکردن و داکۆکیکردن، هەروەها لە ڕێگەی وتار و سیمینار و پڕۆژەی پراکتیکییەوە، بنەمای کارەکانی ڕێکخراوەکە پێکدەهێنێت، دابینکردنی میکانیزم بۆ تۆمارکردنی سکاڵا بە کۆردیناسیۆن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان زۆر گرنگە بۆ پاڵپشتیکردنی زیانلێکەوتووەکان و بەهێزکردنی هێزە ئاسایشییەکانی ناوخۆ، ڕێکخراوەکە بەردەوام هەوڵدەدات بۆ پێشکەشکردنی پێشنیار و داڕشتنی یاسا و میکانیزم کە ئاسانکاری بۆ ئەم پرۆسەیە بکات بە شێوەیەکی پراکتیکی.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئازادی ژنان و بەکارهێنانی مافەکانیان شاهیدی پێشکەوتنی بەرجەستە بووە، هەروەها هۆشیاری و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی لەنێو ژناندا یارمەتیدەر بووە بۆ ئەوەی بوار بۆ کارکردنیان لە بوارە جیاوازەکاندا دروست بکات، لەوانەش کایە سەربازی و سیاسییەکان، کە پێشتر شوێنی تایبەتی پیاوان بووە، ئەم ئەزموونە لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وایکردووە ژنان ببێتە ئاماژەی ئازادی، هەروەها هەڵمەتەکانی هۆشیاری ڕاگەیاندنی و داکۆکیکردن لە مافەکان بەشداربوون لە بڵاوکردنەوەی ئەم ئایدۆلۆژیایە و بەهێزکردنی ژنان بۆ بەشداریکردنی چالاکانە لە کۆمەڵگەدا.
ئەڤین جومعە لە کۆتایی قسەکانیدا، وتی: بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان، پەیامەکەم ئاڕاستەی هەموو ژنانی جیهانە، بە تایبەتی بۆ ژنانی سووریا، بێدەنگ مەبن لە بەرامبەر هەر نادادپەروەرییەک، بەڵکو دەنگتان بەرزکەنەوە، داوای مافەکانتان و یەکگرتن و ڕێکخستنی بەشدار بن لە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکراتیکی، هەروەها ژنان ڕۆڵێکی بنەڕەتی و چالاکیان هەیە.