"ژنان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکرێنە ئامانج و لە ژیانی ڕاستەقینەش وەک نێچیر دەبیندرێن"
جوان بەهادین، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە پەروەردەو دەروونزانی زانکۆی کۆیە دەڵێت: رۆژانە دەبیستین خەڵکێکى زۆر ڕووبەرووى گرفت دەبنەوە لە رێگەی تۆرە کۆمەڵایەتییەکانەوەو زۆربەى گرفتەکان بە هەنگاوى بچوک دەستىپێکردووە، ژنان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکرێنە ئامانج.

شیا کۆیی
کۆیە- تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووەتە بەشێکی جەوهەری ژیانی ڕۆژانەمان، ژینگەی پەیوەندی و دەربڕین دەکاتەوە، بەڵام مەترسییەکی بەرچاویشی لەگەڵدایە، بەتایبەتی بۆ هەرزەکاران و ژنان زۆرجار ژنان بەهۆی چەشنە چەقبەستووەکان و تێڕوانینە نادادپەروەرەکانی کۆمەڵگە ڕووبەڕووی هێرشی ئەلیکترۆنی دەبنەوە وەک ناوزڕاندن، توندوتیژی زارەکی و هتد.. ئەمەش وایانلێدەکات زیاتر لە کەسانی دیکە بەرەوڕووی بەکارهێنان ببنەوە, بۆیە گرنگە هۆشیاری و ڕۆشنبیری دیجیتاڵی بڵاوبکرێتەوە بۆ پاراستنی ژنان و بتوانن بە پارێزراوی ئەو پلاتفۆرمانە بەکاربهێنن و ژنان زیاتر خۆیان هۆشیاربکەنەوە تا نەکەونە بەر هەڵەى ئەو کەسە دەروون نەخۆشانەى تۆرە کۆمەڵایەتییەکان.
جوان بەهادین، پرۆفیسیۆڕی یاریدەدەر لەبەشى پەروەردەو دەروونزانى لە زانکۆى کۆیە لەبارەى بەکارهێنانى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە زۆربەى کات دەبێتە گرفت لەبەردەم ژنانى گەنج، بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کردو وتی: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئامرازێکە بۆ پەیوەندى کردنى بەکۆمەڵ و لە ڕێگەیەوە دەتوانین چەندین شتى رەنگاو ڕەنگ فێر ببین، بو بۆ چەندین بابەتى باش بەکارىبهێنین و پەیوەندى ببەستین لەگەڵ کەسەکانى ناو تۆڕەکە، لەگەڵ ئەوانەش لایەنى نەرێنى زۆرە وەک خەڵک زۆر بە ئاسانى دەتوانن لە پاڵ ناوێکى خوازراو خۆیان نیشان بدەن بەرامبەر کەسانى بەرامبەر بۆیە زۆر جار دەبینین ئەو کەسانەى لە روى دەرونیەوە گرفتیان هەیە و ژیریان نزمە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردەهێنن بۆ بەدىهێنانى مەرامەمەکانیان خراپەکانیان، بەتایبەت لە بەرامبەر ژنانى گەنج.
"ئەو جۆرە کەسانە لە ژیانی ڕاستەقینەشیان ژن وەک نێچیر دەبینن"
جوان بەهادین وتیشى: زۆربەى قوربانیەکان لە ژنانن وهەرەشەیان لێدەکرێت بە بڵاو کردنەوەى وێنەیان یان ناوناتۆرەیان بۆ درووست دەکەن زۆر لەم گرفتانە، چونکە ئەو جۆرە کەسانە لە ژیانى راستەقینەشیان ژن وەک نێچیر دەبینن لە دەروەى سۆشیال میدیش هەر بەردەوامن لە ئازاردانى ژنان, گەر بش پرسین بۆچى ئەو دەست درێژیە ئەلکترۆنیانە رودەدەن ئەویش زادەى دوو پرۆسەیە یەکیان داڕمانە و لەلایەک گەشەسەندنە لە روى تەکنەلۆژیاوە و هەمو خەڵکێک لەدەستى دایە, لەللایەکى دیکە کە تا ئیستا نازانین ستراتیجى پەروەردەى ئێمە چیە، تاکەکان لەناو قوتابخانە فێر ناکرێن چۆن مامەڵە بکەن لە دەرەوە و لەگەڵ ژنان و سنوور نەبەزێنن، بۆیە بەهۆى ئەو گەشەسەندنەى تەکنەلۆجیاوە تاک داڕماوە ئەوەش دەرنجامى خراپى لێدەکەوێتەوە.
" هەیە کەسێکى شەرانگێزە بەرامبەر بە ژن، بەڵام دێت لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆى دەکات بە فریادرەسى ژنان"
ئاماژەى بەوەشدا کە رۆژانە دەبیستن خەڵکێکى زۆر رووبەرووى گرفت دەبنەوە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەو و زۆربەى گرفتەکان بە هەنگاوى بچوک دەستىپێکردوە جا بە لایکێک یان کۆمێنتێک بێت، ئەوەش هەندێل جار بوونى بۆشایی سۆزدارى دروستى دەکات وحەزدەکات لە شوێنەکى دیکە ئەو بۆشاییە پر بکاتەوە، چونکە بەرامبەر قسەى گوڵگوڵى بۆدەکات و شیعرى بۆدەڵێت بۆیە واهەست دەکات ئەوە کەسێکى راستە قینەیە لەکاتێکدا ئەوپەڕى دوو فاقەیەتى چونکە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دنیایەکە بۆ دووفاقەیی دەیان کەس هەیە لە دەرووە کەسێکى شەرانگێزە بەرامبەر بە ژن بەڵام دێت لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆى دەکات بە فریادرەسى ژنان، ئەوەش وادەکات هەرزەکاران و گەنجان زو بکەونە داوى ئەو تەڵەیەوە.
جوان بەهادین ئاماژەی بەوەشکرد، خراپترین ئەندامى خێزانەکەت باشترین کەسە بە بەراورد لەگەل کەسانى تۆرە کۆمەڵایەتییەکان چونکە ئەوکەسەى لە خێزانەکەت دەیەوێت بتپارێزێت نابێت بەنەرێنى لێکى بدەینەوە نابێت بەقسەى رەنگاو رەنگى تۆڕی کۆمەڵایەتی فریو بخۆن، وتی: هەرزەکار تایبەتمەندیەکى هەیە دەیەوێت هەموو شتەکانى تا جلەکانى منداڵیشى فرێ بدات وادەزانێت ئیتر گەورە بووە لەروى جەستەیەوە وپێویستى بەهیچ نەماوە ودەانەوێت بەرگێگ لەبەر بکەن تایبەت بە بیروراى خۆیان، بەڵام لە راستىدا ناتوانن هەڵسەنگاندن بۆ هەڵەکان بکەن وکەسێک کە لەدەورەى خێزانەکەى قسەى بۆدەکات وادەزانێت ئەو لە باوکی باشترە لە براو خوشکى باشترە، بەوەش تووشى گرفت دەبێت و خێزانەکەشى توشى گرفت دەکات.
جوان بەهادین، پرۆفیسیۆڕی یاریدەدەر لەبەشى پەروەردەو دەرونزانى لە زانکۆى کۆیە لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: کاتێک هەر گەنجێک یان ژنێک رووبەرووى کیشەیەک دەبێتەوە وکەسى بەرامبەر هەرڕشەى لێدەکات لەم بارودۆخەدا نابێت ئەوشتە لەخانەوادەکەت بشاریتەوە، با لێشت توڕەبن گرنگە خێزانەکەت ئاگاداربکەیتەوەو لەم رێگایەوە گررفتەکەت چارەسەربکەیت، چونکە تۆ بەهۆى کەم ئەزموونیەوە کەوتویتەتە ئەو هەڵەیەوە، وەک هەر مرۆفێک بیر لەوەبکەوە بە شێوەیەکى تەندروست هەڵەکەت چارەسەربکەیت.