ژنان لە پێکهاتە جیاوازەکاندا جەخت لەسەر پێویستی دەستەبەرکردنی مافەکانیان لە سووریا دەکەنەوە

بەشداربووانی یەکەمین کۆڕبەندی ڕاوێژکاری کە لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەڕێوەچوو، پێداگرییان لەسەر پێویستی دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان و پێکهاتەکانی دیکە لە داڕشتنی دەستووری نوێی سووریادا کرد.

تەسنیم ساری

 

حەسەکە - لە میانەی یەکەمین کۆڕبەندی ڕاوێژکاریدا کە لە شاری حەسەکە بەڕێوەچوو، ژنان لە سەرجەم پێکهاتەکان لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئامادەبوون، بە بەشداریکردن لە ڕێگەی زووم، خواستەکانیان بۆ سووریای نوێ دەربڕی، داوایانکرد کە مافەکانیان گەرەنتی بکرێت بە لەبەرچاوگرتنی پرۆسەی گواستنەوەی سیاسی لە سووریاو عەقڵیەتی بەڕێوەبردنی هەتەشە، کە پێکهاتەکان پەراوێز دەخات و ژنان بەدەر دەکات لە بەژداری کردن.

 

بۆ جەختکردنەوە لەسەر گرنگی بەشداریکردنی هەموو پێکهاتەکان بەگشتی و ژنان بەتایبەتی لە بونیادنانی سووریایەکی نوێدا، لە ٧ی کانوونی دووەم، کۆنگرەی ستار لە شاری حەسەکە، بە هاوکاری تەڤگەرو ڕێکخراوەکانی ژنان لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، یەکەمین کۆڕبەندی ڕاوێژکاری، بە دروشمی "بە پێکەوە ژنان: سووریایەکی دیموکراتیک بونیاد دەنێین”، بە بەشداری سەدان ژن لە دامەزراوە و شارە جۆربەجۆرەکانی سووریا ئەنجامدا.

 

لە دەرەنجامی کۆڕبەندەکە چەند ڕاسپاردەیەک هەبوو، لەوانە کارکردن بۆ ئامادەکردنی ڕێککەوتنامەی کۆمەڵایەتی بۆ ژنان وەک هەنگاوێک بۆ زامنکردنی سیستم و ماف و ئازادی ژنان، لە هەوڵێکدا بۆ زیادکردنی دەستکەوتێکی نوێ بۆ ئەو دەستکەوتانە، جگە لە گرنگیی کولتوور و نەتەوەیی فرەچەشنی لە سووریا و جێبەجێکردنی کولتووری پێکەوەژیان، کە تەنها لە ڕێگەی سیستەمێکەوە دەتوانرێت زیندوو بکرێتەوە کە دان بە هەموو جیاوازییەکاندا بنێت و لەسەر بنەمای یەکسانی و دیموکراسی بێت، تەنها ئەو کاتە سووریا دەتوانێت ببێتە نیشتمانێکی ڕاستەقینە بۆ هەموو سووریاییەکان.

 

سیهام قەریۆ، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلانی دیموکراتیکی خۆبەڕبەڕێوەبەری، ڕایگەیاند، ئەو قۆناغە نوێیەی کە سووریا بەخۆیەوە دەیبینێت دوای ئەوەی هەتەشە دەسەڵاتی گرتە دەست، ڕەنگە ببێتە هۆی لەدەستدانی بەشێکی زۆر لە دەستکەوتەکانی ژنان لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.

 

جەختیشی لەوە کردەوە کە ژنان ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە قەیرانی سووریا کە ماوەی ١٤ ساڵە بەردەوامە، بەتایبەتی ژنان لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، کە کاریان کردووە بۆ ئەوەی خۆیان لە چوارچێوەی ڕێکخراو و تەڤگەرەکانی ژناندا ڕێکبخەن بەمەبەستی پەروەردەکردنی ژنان لە کۆمەڵگەدا لەژێر ڕۆشنایی ئەو هەلومەرجەی کە سووریا بەدرێژایی ساڵان پێیدا تێپەڕیبوو، چۆن ژنانی کورد لەلایەن کۆنگرەی ستارەوە ڕێکدەخران، و یەکێتی ژنانی سووریا کاریان دەکرد بۆ ڕێکخستنی ژنانی سووریا، هەروەها کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا ڕۆڵی هەبوو لە ڕێکخستنی ژنانی عەرەبدا.

 

"ژنانی سووریا بەبێ دوورخستنەوە و پەراوێزخستن ڕۆڵیان دەبێت لە سووریای نوێدا"

ئاماژەی بەوەشکرد هاوکاریی ئەو ڕێکخراوە ژنانە دەرئەنجامی باوەڕیانە بە پێکەوەژیان و لە ڕێگەی هەوڵەکانی ئەو ڕێکخراوانەشەوە، هەموو ژنان لە هەموو پێکهاتەکانی ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا گەیشتنە دەستکەوتەکانی خۆیان و گەرەنتی بوونیان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، لەوانەش خۆپاراستن، وەک چۆن داعش لە ڕێگەی هەوڵەکانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان لەناوچوو، و ژنان توانیان بگەنە پۆستی پیشەنگایەتی و پۆستی بڕیاردان لە دامەزراوە خۆبەڕێوەبردنەکاندا وتیشی: لەکاتی قەیرانی سووریا وەک ژنانی سووریا ڕۆڵمان هەبوو لەسەر ئاستی سەربازی و سیاسی، بۆیە جەخت لەوە دەکەینەوە کە ژنانی سووریا بەبێ دوورخستنەوە و پەراوێزخستن ڕۆڵیان دەبێت لە سووریای نوێدا، داوا دەکەم هەموو ژنێک ڕۆڵی لە کۆنفرانسی نیشتمانیدا هەبێت کە لە ماوەی داهاتوودا بەڕێوەدەچێت.

"بە درێژایی مێژوو منداڵانی ئێزدی چەندین کۆمەڵکوژییان بەسەردا هاتووە"

هادیە شامۆ، وتەبێژی فەرمی یەکێتی ژنانی ئێزدی وتی: ئێزدی یەکێکە لە کۆنترین ئایینە یەکتاپەرستییەکان، بەڵام بە درێژایی مێژوو منداڵانی ئێزدی چەندین کۆمەڵکوژییان بەسەردا هاتووە، کە نزیکەی ٧٤ کۆمەڵکوژییە، دواهەمینیان کۆمەڵکوژیی شەنگال بوو لە ساڵی ٢٠١٤، کە ٥ هەزار ژنی ئێزدی ڕفێندران و هەزاران ژنی ئێزدی لەسەر دەستی داعش بە هاوکاری دەوڵەتی تورکیا کوژران و ئەوانی دیکەش بە زۆر ئاوارە بوون.

 

ئاماژەی بەوەشکرد زۆرێک لە ئێزدییەکان ئاوارەبوون بۆ ناوچە جیاوازەکانی ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، دوای داگیرکردنی شاری عەفرین و سەرێکانیی و گرێسپی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، کە کۆمەڵکوژی زۆری دژی گەلەکەمان ئەنجامدا، بەڵام ئێمە هێشتا بەرخۆدان دەکەین بۆ سەلماندنی ڕادەی هێزمان کە لە خاتوونە فەخرانەوە وەرگیراوە، کە ئەو لەو کاتەدا کاروباری ژنانی ئێزدی بەڕێوەدەبرد.

 

هادیە شامۆ باسی لەو ڕۆڵ و گرنگی میان خاتوون کرد، کە  یەکێکبووە لە ژنە ئێزدیەکان لە بەڕێوەبردنی کاروباری گەلەکەیدا پیشەناگایەتی کۆمەڵگاکەی کردووە و دژی داگیرکاری عوسمانی خەباتی کردووە، ئەو ژنە ئێزدییە تا ئەمڕۆش درێژە بە خەباتی خۆی دەدات، وەک چۆن تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی لە شەنگال دامەزراند، و یەکێتی ژنانی ئێزدی لە شەنگال ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دامەزرا، و توانی هێزێک بۆ خۆی دروست بکات کە لەلایەن یەکینەکانی ژنان لە شەنگال نوێنەرایەتی بکرێت.

 

نیشانیدا کە لە ماوەی ٥ دەیەی حوکمڕانی ڕژێمی ئەسەددا،  پێکهاتەکانی دیکە هیچ ڕۆڵێکیان نەبووە و پەراوێز خراون و وەدەرنراون و هەروەها هەتەشە ئەمڕۆش هەمان پراکتیزە پەیڕەو دەکات و هەوڵدەدات هەندێک پێکهاتە بەگشتی و ژنان بەتایبەتی بەدەر بکات، جەختی لەسەر پێویستی پاراستنی مافی پێکهاتەکان کردەوە و وتیشی: ڕۆڵێکی کاریگەرمان دەبێت لە داڕشتنی دەستووری نوێی سووریا و بونیادنانی سووریایەکی دیموکراتیک کە مافەکانی هەمووان مسۆگەر بکات.

"هەوڵدەدەین دەنگی خۆمان بە ڕێکوپێکی یەکبخەین بۆ گەیشتن بە داواکارییەکانمان"

سەلدا سیمۆن، سەرۆکی یەکێتی ژنانی ئەرمەنستان، ڕوونیکردەوە کە وەک ژنان لە هەموو پێکهاتەکان و بزووتنەوەکان و ڕێکخراوەکانی ژنان لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لەم کۆڕبەندە ڕاوێژکارییەدا بەشدار دەبن و وتیشی: هەوڵدەدەین دەنگی خۆمان بە ڕێکوپێکی یەکبخەین بۆ گەیشتن بە داواکارییەکانمان، وەک چۆن پرۆسەی ڕاگوزەری سیاسی لە سووریا ئێمەی خستۆتە بەردەم تەحەددایەکی نوێ، بەڵام عەقڵیەتی حکومەتی نوێ لە خەبات دوورمان ناخاتەوە، ئێمە تەنها داوای گەرەنتی و مافەکانمان دەکەین لە سووریای نوێ.

 

لەم کۆڕبەندە ڕاوێژکارییەدا ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هیوادارن سووریایەکی نوێ بونیاد بنێن کە مافی هەموو پێکهاتەکان و ژنان دەستەبەر بکات و دەنگ و داواکارییەکانیان ببیسترێت و سووریای نوێ، سوریایەکی دیموکراتیک و فرەیی و خۆبەڕێوەبەر بێت.