"ژنان دەتوانن بە شۆڕشی ١٩ی تەمووز ئەقڵییەتی پیاوسالاری بگۆڕن"

ماجیدە حەسون، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار لە کانتۆنی فورات، دووپاتیکردەوە کە ژنان ڕۆڵێکی گەورەیان لە شۆڕشی ١٩ی تەمووزدا هەبووە و هەوڵیانداوە ئەقڵیەتی پیاوسالاری لە کۆمەڵگەدا تێکبشکێنن بۆ ئەوەی هەموو ماف و ئازادییەکانیان بەدەستبهێنن.

نورشەن عەبدی

 

کۆبانێ- هەزاران ساڵە ژن بە سیستمی دەسەڵاتدارانەوە بەڕێوە دەچێت و خاوەن هەموو مافەکانی خۆی نییە، ئەم سیستمانە هەوڵیان دەدا لە ڕێگەی داب و نەریتەکانەوە، ژنان بخەنە ناو کۆیلایەتییەکی هەمیشەیی و ئازادی و مافەکانیان لێیان بسەننەوە، بەڵام لەگەڵ گۆڕانی کاتدا ژنان زیاتر ئاگایان لە مافەکانی خۆیان بووە، ئەوی لە دەوروبەریان ڕوو دەدات قبووڵیان نەکردووە، ژنان لە ڕێگای  تێکۆشان و بەرخۆدانیان لە ناو شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستاندا، توانییان ئەقڵیەتی پیاوسالاری بگۆڕن.

 

ژنان لەم شۆڕشەدا خاوەن دەستکەوتی زۆر بوون و لە هەموو بوارەکاندا جێگەی خۆیان گرتووەتەوە، هەروەها لە بەڕێوەبردنی خێزان و کۆمەڵگەکاندا جێگەی خۆیان گرتەوە، بە بەرخۆدان و تێکۆشانیان تێڕوانینی کۆمەڵگەیان گۆڕی، هەربۆیە لە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوە دژی توندوتیژی دژی ژنان لە چالاکییەکاندا ڕەنگدانەوەی هەبوو، پیاوان لە زۆرێک لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕژانە سەر شەقامەکان و خوازیاری کۆتایی هێنان بە توندوتیژی دژی ژنان بوون، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بەرەو گۆڕانکاری لەسەر ئاستی جیهانی.

 

"ژنان بە شۆڕشەکەیان، دژی ئەقڵیەتی هەزاران ساڵ وەستانەوە"

سەبارەت بەم بابەتە، ماجیدە حەسون، وتی: شۆڕشی ڕۆژئاوا لە شاری کۆبانێوە لە ١٩ی تەمووزی ٢٠١٢، بە پێشەنگایەتی ژنان دەستیپێکرد، ژنانی ناوچەکە تێکۆشان و بەرخۆدانێکی ناوازەیان ئەنجامدا، دژی سیستمی سەرمایەداری، داب و نەریت و هەروەها ئەقڵیەتی پیاوسالاری هەزاران ساڵە وەستانەوە، ژنان بە بەرخۆدانیان لە شۆڕشدا هەوڵی تێکشکاندنی سیاسەتی لەناوبردنی مافەکانیان دا و پێشکەوتنی گەورەیان لە ناوچەکەدا بەدەستهێناو لە ڕێگەی چالاکیی و ڕێکخراوەکانەوە لە ئێستادا بەردەامن لە خەباتیان.

 

ماجیدە حەسون لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لە شۆڕشی ئێمە، خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک و سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک، دەبینین کە ژن بناغەی کۆمەڵگەن و ئازادی ئەوان، ئازادی کۆمەڵگەیە. ئێمەی ژنان بە بەرخۆدانمان دەتوانین بۆچوونی کۆمەڵگە بگۆڕین و ئەمەش لە ڕۆژی چالاکییەکانی ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە سەرانسەری جیهاندا نیشاندرا.

 

پیاوان لە دژی توندوتیژی لە مەیدان بوون

وەک هەنگاوێک بەرەو گۆڕانکاری، پیاوانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕژانە سەر شەقامەکان و ئیدانەی توندوتیژی دژی ژنانیان کرد، چالاکییەکانی پیاوان لە ناوچە جیاجیاکانی وەک ڕەققە، تەبقا، مەنبج و دێرەزوور ئەنجامدرا و کاریگەری خۆیان هەبوو، ماجدە حەسون لەو بارەیەوە وتی: یەکەم هەرێم کە پیاوان لە دژی توندوتیژی دژی ژنان هاتنە دەرەوە شاری کۆبانی بوو، پیاوانی ئەوێ، لە ژێر کاریگەری ڕۆڵی ژنان و شێوازی بەڕێوەبردنیان لە نێو شۆڕش بوون.

 

لە کۆتاییدا ماجیدە حەسون وتی: ئێمەی ژنان پێویستە زیاتر خۆمان بە ڕێخستن بکەین و بە پێی فەلسەفەی ' ژن، ژیان، ئازادی"  ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان مامەڵە بکەین، بۆ ئەوەی بە جیهان بسەلمێنین کە سەدەی بیست و یەک، سەدەی ئازادی ژنانە لە هەموو لایەکدا، پێویستە ژنانی هەموو جیهان لە دژی چەوساندنەوە و کۆمەڵکوژییەکان ببینە یەک دەنگ.