ژنان داوادەكەن بەرهەمی خۆماڵی هەناردەی دەرەوەی هەرێم بكرێت
ژنانی دەستڕەنگین و خاوەنکار داوا دەكەن بەرهەمە خۆماڵییەكان هەناردەی دەرەوەی هەرێم بكرێت چونكە بەرهەمەكانی كوردستان هیچی كەمتر نییە لەو هەمو بابەتەی دێتە ناو هەرێمەكە، بەڵكو بەرهەمی هەرێمی كوردستان زۆر پڕ كوالیتی ترە.

شیا كۆیی
تەقتەق_ ژنان هەمیشە تێكۆشەرو لە خۆبوردوانە لەخەمی خێزان و منداڵەكانیاندان تا بژێویەكی شایستەیان بۆ دابین بكەن، ئەوەش لەڕێگەی لێهاتویی و سەلیقەو دەسڕرەنگینیان، بە ئامادەكردنی چەندین بابەتی سروشتی لە بەرهەمی خۆماڵی، تەنانەت ئیكسسوارتیشیان بە بەرهەمی خۆماڵی درووست كردووە، ژنان داوا دەكەن بەرهەمە خۆماڵیەكان هەناردەی دەرەوەی هەرێم بكرێت چونكە بەرهەمەكانی كوردستان هیچی كەمتر نییە لەو هەمو بابەتەی دێتە ناو هەرێمەكە، بەڵكو بەرهەمی هەرێمی كوردستان زۆر پڕ كوالیتی ترە.
.
لەكەشێكی تەواو پایزەدا لەكەنار زێی بچوك لە پاركی گوڵی مەهناز لە شارۆچكەی تەقتەق، فێستیڤاڵی پایزە كرایەوە و ژنان توانیان بەرهەمەكانیان نمایش بكەن، فێستیڤاڵەكە لە لایەن گروپی شاهانەوە ئامادەكاری بۆكرابوو، لە هەورامان وسلێمانی و هەولێرو كۆیەو تەقتەق میوانداری ژنانیان كردبوو تا بابەتەكانیان ساغبكەنەوە، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا بابەتی رۆشنبیریەكان فەرامۆش نەكراوە و ئەوانەی حەز ەبەخوێندنەوە دەكەن لەم جۆرە فیستیڤاڵانە بەدوای پەرتوكی دڵخوازی خۆیان دەگەڕێن، فێستیڤاڵەکە سێ ڕۆژی خایاندو ژنان تێیدا بەرهەمەکانیان نمایس کرد.
" زۆر گرنگە كە لە فیستیڤاڵەكان گرنگی بەلایەنی ڕۆشنبیری بدرێت"
بەهرە شوكر لە هەولێرەوە هاتووە بۆ فیستیڤاڵەكە وتی: لەگەڵ خێزانەكەمان هاتووم هەر لەدوورەوە بینیم پەرتوک دانرابوو دڵم كرایەوە پێی، ئەوەش زۆر گرنگە كە لە فیستیڤاڵەكان گرنگی بەلایەنی ڕۆشنبیری بدرێت، چونكە دڵی خوێنەر رادەكێشێت، بۆیە كتێب هەبێت لەم جۆرە فیستیڤألانە زۆرباشە ئەوەی نەشخوێنتەوە دڵخۆشە بەبینینیان، خوێندنەوە زۆر گرنگە لای من چونكە خوێندنەوە وڵات بەرەو پێشكەوتن دەبات، من ئەمرۆ دوو رۆمانم كڕیوە وبەردەوام پەرتوک دەخوێنمەوە، هەردەبێت پەرتوک لە ژیان هەبێت ومن ئەو رۆمانانەی كریومن گوێ نادەمێ چەند لاپەرەیە دەبێت لە چوار رۆژ تەواوی بكەم هەرچەند بێت.
"هەموو کەلوپەلەکانمان دەستکردە"
دنیا عەلی، ژنێكی گەنجە لەهەورامانەوە ئەو رێگا دوورەی بڕیوە تا بەشداری بكات و شتەكانی ساغ بكاتەوە، دەستڕەنگینی دنیا بەشێوەیەكە كە سەرنجی گەشتیاران رادەكیشێت، بۆنی مێخەك وهەنار دوكانەكەی پڕ كردووە لە جوانی و بۆنی خۆش وتی: لەگەڵ گروپی شاهانە ببەشداریمان كردووە وهەموو كەلوپەلەكانمان دەستكردە، بۆنمونە ملوانكەی هەنارو مێخەك و بازنی دەستبەندی قەزوان و شمڵی و لە شتانەم درووستكردووە، چونكە پێم گرنگە ئەوشتانە هەربمێنن ون نەبێت، خواست زیاتر لەسەر خواردنە كوردەواریەكان و بەرهەمە خۆماڵییەكانە كە خۆمان درووستی دەكەین، لەگەڵ ئەو ئیسكسواراتانە كە هەمووی خۆم درووستی دەكەم.
شلێر محەمەد یەكەم جارە بەشداری فێستیڤاڵ بكات ئەویش لەهەورامانەوە هاتووەو دەستخۆشی لە گروپی شاهانە دەكات كە ئەو فێستیڤاڵەی رێكخستووە بۆیان، شلێر وتی: من بەبەرهەمی خۆماڵی بەشدارم كە ئەوانیش سركەی سێوو هەنارو بنیشتە تأل و ڕووبە هەنارو شەكری هەنجیر و قلە تووە، كە هەمویان زۆر تەندروستن و بۆ زۆر لەنەخۆشییەكان بەكاردەهێنرێن.
"داوادەكەم بەرهەمە خۆماڵییەكان هەناردەی دەرەوە بكرێن"
شلێر وتیشێ: من چەند ساڵە ئەوشتانە درووست دەكەم هەبووە نەخۆشی شەكرەی بوە بە سركەی سێو چابۆتەوە ،یان بنیشتە تاڵە بۆ نەخۆشیەكانی گەدەو هەناو زۆربەسودە، بۆیە داوادەكەم بەرهەمە خۆماڵییەكان هەناردەی دەرەوە بكرێن چونكە هیچ بابەتێك نییە هێندەی بەرهەمی خۆماڵی كوردی گرنگ و بەسوود بێت.