ڕۆژنامەنووسانی یەمەنی هۆشداری دەدەن لە پەرەسەندنی پێشێلکارییەکان دژی کارمەندانی ڕاگەیاندن
ڕۆژنامەنووسانی یەمەن هۆشداری دەدەن لە پەرەسەندنی پێشێلکارییەکان، دوورکەوتنەوە، بەدواداچوونی ئەمنی و سەرهەڵدانی توندوتیژیی دیجیتاڵی دژی کارمەندانی ڕاگەیاندن، بەهۆی نەبوونی پارێزگاریی پێویست.
ڕانیا عەبدوڵا
یەمەن ـ لەگەڵ پەرەسەندنی پێشێلکارییەکان دژی ڕۆژنامەنووسان، دۆخی ڕاگەیاندنی یەمەنی لاوازتر دەبێت، بەهۆی پاشەکشەی مسۆگەرییە یاسایییەکانەوە و بەردەوامیی سنووردارکردنەکان لەسەر بڵاوکردنەوە و دەستڕگەیشتن بە زانیارییەکان، ئەمەش مەترسییەکانی کاری ڕاگەیاندن قووڵتر دەکاتەوە و سەربەخۆیی دامەزراوە ڕۆژنامەنووسییەکان لە ژینگەیەکی ئەمنی و سیاسیی ئاڵۆزدا لاواز دەکات.
ڕوانگەی ئازادییەکانی ڕاگەیاندن لە یەمەن ناسراو بە "مرسدک" ٤٢ پێشێلکاریی تۆمار کردووە کە ڕۆژنامەنووسان و کارمەندانی دامەزراوە ڕاگەیاندنەکانی لە ماوەی نێوان کانوونی دووەم تاوەکو حوزەیرانی ڕابردوودا کردووەتە ئامانج، لەوانە دوو حاڵەتی کوشتن و ١١ حاڵەتی دەستبەسەرکردن و ڕاگرتنی هەڕەمەکی، هۆشداریی دا لە بەردەوامیی پاشەکشەی ئاستی پارێزگاری و لێپرسینەوە لە وڵاتەکەدا.
ئەمەش لە کاتی بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتی نیوەساڵانەی ڕوانگەکەدا، هات کە ٢٦ی ئاب بە ئامادەبوونی بارت ڤینسترا، جێگری سەرۆکی باڵیۆزخانەی شانشینی هۆڵەندا لە یەمەن و بەرپرسی دۆسیەی یەمەن لە تۆڕی عەرەبی، پسپۆڕی پەیوەندی و زانیاری لە نووسینگەی "یونسکۆ" بۆ وڵاتانی کەناراوەکانی کەنداو و یەمەن، بە بەشداریکردنی نزیکەی ٨٠ ڕۆژنامەنووسی ژن و پیاو، بە شێوەی ئامادەبوون و لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە ئەنجام درا.
بەدواداچوونی ئەمنی
ئەو پێشێلکارییانەی کە ڕاپۆرتەکە تۆماری کردوون، جگە لە کوشتن و دەستبەسەرکردن، بانگهێشتکردن، لێکۆڵینەوە، بەدواداچوونی ئەمنی و دادوەری، هێرشەکان، هەڕەشەکان و هاندان، هەروەها ڕێگریکردن و ئاستەنگ دروستکردن لەبەردەم کاری ڕۆژنامەنووسیدا لەخۆ گرتووە.
هەروەها ڕاپۆرتەکە ١٩ حاڵەتی توندوتیژیی دیجیتاڵی تۆمار کردووە کە ژنانی ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنکارانی کردووەتە ئامانج، کە دابەش بوون بەسەر ناوبانگزڕاندن، هەڕەشەی دارایی و دەروونی، قسەی ناشرین و پێشێلکردنی تایبەتمەندیدا، ئاماژەی بەوەشکرد، کە بەردەوامیی ئەم جۆرە ئامانجگرتنە ڕەنگە هەندێک لە ڕۆژنامەنووسانی ژن ناچار بکات چالاکییە ڕاگەیاندنییەکانیان کەم بکەنەوە یان خۆیان بەدوور بگرن لە قسەکردن لەسەر بابەتێکی دیاریکراو.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، پێشێلکارییە تۆمارکراوەکان دابەش بوون بەسەر دوو حاڵەتی کوشتنی ڕۆژنامەنووسان، برینداربوونی ڕۆژنامەنووسێک، حەوت حاڵەتی بانگهێشتکردن یان بەدواداچوونی ئەمنی و دادوەری لەسەر بنەمای کاری ڕاگەیاندن، پێنج حاڵەتی هێرشکردن، پێنج حاڵەتی ڕێگریکردن و ئاستەنگ دروستکردن لەبەردەم کاری ڕۆژنامەنووسیدا، چوار حاڵەتی هاندان و سێ هەڕەشە، لەگەڵ پێشێلکارییەکان کە دامەزراوە ڕاگەیاندنەکانیان گرتووەتەوە و یەک حاڵەتی هەڕەشەی ئەلیکترۆنی، پارێزگای حەزرەمۆت زۆرترین ژمارەی پێشێلکاریی تێدا تۆمار کراوە بە ١٠ حاڵەت، لە دوای ئەویش عەدەن بە ٨ حاڵەت، پاشان تەعز بە ٧ حاڵەت هاتوون.
لایەنە حکومییەکان یان ئەوانەی سەر بەو لایەنەن، سەرووی لیستی ئەو لایەنانەیان گرتووە کە پێشێلکارییەکانیان خراوەتە پاڵ بە ١٨ حاڵەت، لە کاتێکدا ١٠ حاڵەت خنراونەتە پاڵ کەسانی دەسەڵاتدار و چالاکوانان، و شەش حاڵەت بۆ حوسییەکان، شەش حاڵەت بۆ لایەنی نادیار، دوو حاڵەت بۆ ئەنجومەنی گوازراوەی باشوور.
ڕئاماژەی بەوەشکرد، کە کەمیی ژمارەی حاڵەتە تۆمارکراوەکان لەو ناوچانەی لە ژێر دەسەڵاتی حوسییەکاندان بە واتاى باشتربوونی ژینگەی ئازادیی ڕاگەیاندن نایەت، لە سایەی بەردەوامیی سنووردارکردن و سەرکوتکردن و پاشەکشەی ئامادەبوونی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سەربەخۆ و حزبی، لەگەڵ قورسیی دەستڕگەیشتن بە زانیارییەکان و بەڵگەکردنی پێشێلکارییەکان، بەهۆی ترس و نیگەرانیی ڕۆژنامەنووسان و خێزانەکانیان لە ڕاگەیاندنیان یان ئاشکراکردنی وردەکارییەکانیان.
٤٢ حاڵەتی پێشێلکاری
نەعائم خالید، ڕاگەیاندکار جەختی لەوە کردەوە، کە تۆمارکردنی ٤٢ پێشێلکاری لە ماوەیەکی کەمدا کە لەناویشیاندا کوشتنی محەمەد عەیزە، ڕاگەیاندکار هەیە، شتێکی بێوێنەیە و نیشانەیەکی ڕوونە بۆ لەناوبردنی ئازادیی ڕا دەربڕین، گەیاندنی ڕاستییەکان بە شێوەیەکی کاریگەر ئێستا ژیانی ڕۆژنامەنووسێک دەبات.
ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و عەرەبییەکان و دەزگا پەیوەندیدارەکان داوای پاراستنی بەپەلەیان بۆ ڕۆژنامەنووسان کردووە، لەگەڵ دابینکردنی میکانیزمی پاراستن کە ئاراستەی ئەو ڕۆژنامەنووسە ژنانە دەکرێت کە ڕووبەڕووی پێشێلکاری ڕاستەوخۆ و هەڵمەتی سیستماتیک دەبنەوە لە کەشی ئەلیکترۆنیدا، ئاماژەیان بەوەشکردووە، کە ڕۆژنامەنووسانی ژن ئێستا ناچارن بە وریاییەوە "خۆسانسۆر" بکەن وەک دوا ڕێگا بۆ مانەوە و دوورکەوتنەوە لە بوون بە زیانبەرکەوتووی نوێ.
لە شاهیدییەکی زیندوودا لەسەر تاڵی ڕاستییەکە، ئێلهام فەقیە، ڕۆژنامەنووس ڕوونیکردەوە، که خۆسانسۆر بووەتە بژاردەیەکی ناچاری بۆ پاراستنی خۆی و خێزانەکانیان لە پۆلێنکردنی سیاسی و هەڕەشە بەردەوامەکان، ئەزموونی کەسیی خۆی و ئەو فشار و ڕاکێشانەی کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە خستە ڕوو.
جەختی لەوە کردەوە، کە باری ترس گەیشتووەتە لوتکە بە تیرۆرکردنی هاوژینەکەی کە عەبدول سەمەد قازی، ڕۆژنامەنووس بوو، ئەوەش بەهۆی وتە و ئازادییە ڕۆژنامەنووسییەکەیەوە وتی: کە زۆربوونی ترس و ڕووداوەکانی کوشتن و دەستبەسەرکردن وای کردووە ڕۆژنامەنووسی ببێتە پیشەیەکی بێزارکەر تەنانەت بۆ قوتابیانی زانکۆش کە ئێستا خۆیان بەدوور دەگرن لە خوێندنەکەی.
بوشرا ئاغبەری، ئەمینداری ڕوانگەی ئازادییەکانی ڕاگەیاندن لە یەمەن وتی: بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتی خولیی نیوەی یەکەمی ئەمساڵ، کە ٤٢ حاڵەتی پێشێلکاریی بەدوای یەکدا تۆمار کردووە، لە نێوان کوشتن، دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی، هەڕەشەی ڕاستەوخۆ، بەکارهێنانی ڕێکارە یاسای و ئەمنییەکان بۆ تەسککردنەوەی کاری ڕۆژنامەنووسی دابەش بوون.
ڕوونیکردەوە، کە ژنانی ڕۆژنامەنووسی یەمەن لەم شەپۆلە بێبەری نەبوون، بەو پێیەی لە ڕاپۆرتەکەدا ١٩ حاڵەتی پێشێلکاری دیجیتاڵی تۆمار کراوە کە بە تایبەتی ژنانی ڕۆژنامەنووسی کردۆتە ئامانج، لەوانە هەڵمەتی چەواشەکاری و هەراسانکردنی ئەلیکترۆنی، هەروەها ئەم ژمارانە نوێنەرایەتی نیشاندەرێکی مەترسیدار دەکەن کە کاریگەرییەکانی لە ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی کۆنەپەرستانەدا ئاڵۆزتر دەبێت کە بە دیدێکی تەسکەوە سەیری کارەکانی ژنان لە میدیادا دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی زۆرێک لەوان ناچاربن واز لە پراکتیزەکردنی پیشەکە بهێنن.
بەپێی ڕوانگەکە، کۆی گشتیی ئەو پێشێلکارییانەی کە لە ساڵی ٢٠١٥ـەوە بەڵگە کراون گەیشتووەتە نزیکەی ٢ هەزار و ٧١٧ پێشێلکاری، لەوانە ٧٢ حاڵەتی کوشتنی ڕۆژنامەنووس و کارمەند لە بواری ڕاگەیاندندا، ٥٤٠ حاڵەتی دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی، و ٣٢٠ پێشێلکاری کە دامەزراوە ڕاگەیاندنەکانی کردووەتە ئامانج.
ڕوانگەکە داوای لە دەسەڵاتداران و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە مسۆگەریی پارێزراوی ڕۆژنامەنووسان بکەن، کۆتایی بە دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی بهێنن، بڕیارە دادوەرییەکان جێبەجێ بکەن، لێکۆڵینەوەی کاریگەر لە پێشێلکارییەکاندا بکەنەوە و لێپرسینەوە لەو کەسانە بکەن کە بەرپرسن لێی، لەگەڵ پاراستنی ژنانی ڕۆژنامەنووس لە توندوتیژیی دیجیتاڵی و بەهێزکردنی سەربەخۆیی دامەزراوە ڕاگەیاندنییەکان و کارکردن بۆ کۆتاییهێنان بە بێسزا مانەوە.
"مرسدك" هۆشداریی دا لە بەردەوامیی ئەو مەترسییانەی کە ڕووبەڕووی ڕۆژنامەنووسانی ژن و پیاو لە یەمەن دەبنەوە، لە سایەی لاوازیی میکانیزمەکانی پارێزگاری و لێپرسینەوەدا، داوای ڕێوشوێنی بەپەلەی کرد بۆ دەستەبەرکردنی ژینگەیەکی پارێزراوتر بۆ کاری میدیایی.