ڕۆژنامەنووسانی فەڵەستینی بەشداری لە کۆنگرەتی دەستپاکی میدیا و بەرەنگاربوونەوەی زانیاری هەڵە دەکەن
ژنانی ڕۆژنامەنووسی فەڵەستینی باس لە ئاستەنگەکانی کاری میدیایی لە غەززە و ڕێگاکانی بەرەنگاربوونەوەی زانیاری هەڵە و بەرزکردنەوەی متمانەی گشتی بە دامەزراوە میدیاییەکان دەکەن.
نەغەم کاراجە
فەڵەستین ـ ڕۆژنامەنووسان، ڕاگەیاندکاران و شارەزایان لە ڕێگەی کۆنگرەی "دەستپاکی ڕاگەیاندن و گفتوگۆی مەدەنی"یەوە، باسیان لە ڕۆڵی ڕاگەیاندن کرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی چەواشەکاری و وتاری ڕق و کینە، بەهێزکردنی متمانەی نێوان دامەزراوە ڕاگەیاندنییەکان و کۆمەڵگە، لە سایەی ئەو فشارانەی کە جەنگ بەسەر کاری ڕۆژنامەوانیدا لە کەرتی غەززە سەپاندوویەتی، کۆنگرەکە شایتحاڵی پێشکەشکردنی توێژینەوە و ئەزموونی ڕاگەیاندنی بوو، جگە لە پێداچوونەوە بە دەرئەنجامەکانی پڕۆژەیەک کە ئامانجی بەرزکردنەوەی پیشەیی و پشتڕاستکردنەوەی زانیاری و کردنەوەی شوێنەکانە بۆ گفتوگۆ و بەشداریکردنی کۆمەڵگە.
.
ناوەندی گەشەپێدان و ڕاگەیاندنی کۆمەڵایەتی (CDMC)، ١٩ی تشرینی یەکەم، کۆنگرەکەی لە چوارچێوەی پڕۆژەی "بونیادنانی ڕاستی و خۆڕاگری: تواناسازی ڕاگەیاندن و کۆمەڵگە لەپێناو چاکبوونەوە لە کەرتی غەززە"دا ڕێکخست، بە هاوبەشی لەگەڵ دامەزراوەی فەرەنسی بۆ ڕاگەیاندن، بە پشتگیری یەکێتی ئەوروپا بەپێی زانیارییەکانی پەیوەست بە پڕۆژەکە.
ڕاهێنان لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی چەواشەکاری
نورهان تەباتائی، هەماهەنگکاری پڕۆژەی دەستپاکی ڕاگەیاندن و گفتوگۆی مەدەنی، ڕایگەیاند، کە پڕۆژەکە هات بۆ ئەوەی پانتاییەک دابین بکات کە ڕێگە بە دەنگە جیاوازەکان بدات خۆیان دەرببڕن، یارمەتی ڕۆژنامەنووسان بدات تواناکانیان لە گواستنەوەی ڕاستیدا بە پیشەگەری و دەستپاکییەوە گەشە پێبدەن.
ئاماژەی بەوەش کرد، کە نزیکەی ٥٠ ڕۆژنامەنووسی ژن و پیاو، لە درێژەی مانگەکانی ڕابردوودا، ڕاهێنانیان وەرگرتووە کە باسیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی چەواشەکاری ڕاگەیاندنی و وتاری ڕق و کینە، پشکنینی زانیاری، دروستکردنی پردی متمانە لە نێوان ڕاگەیاندن و کۆمەڵگەی خۆجێیدا کردووە.

ڕوونیکردەوە، کە گرنگی ئەم ڕاهینانانە تەنها لە بەدەستهێنانی شارەزایی هونەری بۆ پشکنینی هەواڵەکاندا کورت نابێتەوە، بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ چەسپاندنی بەرپرسیارێتی ڕۆژنامەنووس بەرامبەر بە گەل، بەهێزکردنی تواناکەی لە جیاکردنەوەی زانیاری متمانەپێکراو لەو ناوەڕۆکەی کە ڕەنگە بەشدار بێت لە بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە یان گەرمکردنی ناکۆکییە کۆمەڵایەتییەکاندا.
پیشەگەری بەرپرسیارێتییەکە بەرامبەر بە کۆمەڵگە
مونا بەکر، ڕۆژنامەنووس، ئاماژەی بەوەشکرد، کە ڕاگەیاندن تەنها ڕۆڵی کورت نابێتەوە لە گواستنەوەی هەواڵدا، بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ بەشداریکردن لە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیارتر و خاوەن توانای زیاتر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی فشارەکان، لە ڕێگەی پێشکەشکردنی زانیاری دروست، پشکنینی سەرچاوەکانیان، خۆپاراستن لە بڵاوکردنەوەی ئەو ناوەڕۆکەی کە ڕەنگە زیان بە تاکەکان بگەیەنێت یان ئاڵۆزییە کۆمەڵایەتییەکان قووڵتر بکاتەوە.
ڕوونیکردەوە، کە پاراستنی تایبەتمەندی سەرچاوەکان و مامەڵەکردنی پارێزراوی لەگەڵ داتاکان لەو بابەتە بنەڕەتییانەن کە دەبێت فەرمانڕەوایی پراکتیکی ڕۆژنامەوانی بکەن، بەتایبەت کاتێک ڕووپۆشکردنەکە پەیوەندی بەو کەسانەوە هەبێت کە لە دۆخی قورسدا دەژین یان ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە بەهۆی زانیاریە بڵاوکراوەوەکانی دەربارەیان.
جەختی لەوە کردەوە، کە متمانەی گەل تەنها بە زیادکردنی ژمارەی بینەران یان بەدەستهێنانی بڵاوبوونەوە دروست نابێت، بەڵکو لەسەر بنەمای دروستی هەواڵ و گەڕانەوە بۆ سەرچاوە بنەڕەتییەکانی، یاری نەکردن بە زانیاری یان دەرکردنیان لە چوارچێوەکەیان دادەمەزرێت.
ڕوونیکردەوە، کە پابەندبوونی ڕۆژنامەنووس بەم پێوەرانە بەشدار دەبێت لە کەمکردنەوەی بڵاوبوونەوەی زانیاری چەواشەکار و ڕاستی دروستکراو، و پشتگیری لە پێکەوەبەستنی کۆمەڵایەتی و ئاشتی ناوخۆیی دەکات، وتی: پیشەگەریش داوای دانپێدانان بە هەڵەکان و ڕاستکردنەوەیان،
جیاکردنەوەی ڕوون لە نێوان ڕستە ڕاستەقینەکان و ڕایەکاندا دەکات

فشارەکانی ڕۆژنامەنووسان لە کاتی جەنگدا
ماهی عەدوان، دەرهێنەر و ڕۆژنامەنووس باسی لەو بارودۆخانە کرد، کە ڕۆژنامەنووسانی ژن لە کاتی کارکردنیان لە کەرتی غەززەدا لە درێژەی جەنگدا ڕووبەڕوویان بوونەوە، لە سایەی بۆردومانی و ئاوارەیی و دۆخی ژیانی سەخت و سنوورداربوونی تواناکانی بەردەست بۆ کاری ڕاگەیاندنی.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە ڕۆژنامەنووسانی ژن ڕووبەڕووی سەختی بوونەوە لە بەردەوامبوون لە ڕووپۆشی مەیدانی، گەیشتن به سەرچاوەی متمانەپێکراو، کۆکردنەوەی زانیاری و پشکنینیان لە ژینگەیەکدا کە ڕووداوەکان تێیدا بە خێرایی دەگۆڕێن، لە کاتێکدا مەترسییە مەیدانییەکان سنوورداری زیاتر بەسەر جووڵە و کاردا دەسەپێنن.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە فشارەکان تەنها پەیوەندییان بە توانای گەیشتن بە شوێنی ڕووداوەکان یان خاوەندارێتی ئامرازی پێویستەوە نییە، بەڵکو پاراستنی پارێزراوی ڕۆژنامەنووسانی ژن و سەرچاوەکانیش دەگرێتەوە، پشکنینی زانیاری لە سایەی پەککەوتنی پەیوەندییەکان و سەختی گەیشتن به لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەندێک بارودۆخدا.
جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم فشارانە پابەندبوون بە پێوەرە پیشەگەرەکان دەکەنە پێویستییەکی دووپاتکراوە، لەبەر ئەوەی دەبێت ڕۆژنامەنووسان هاوسەنگی لە نێوان خێرایی گواستنەوەی گۆڕانکارییەکان و بەرپرسیارێتی سەبارەت بە دروستی ئەوەی بڵاوی دەکەنەوە دروست بکەن، لەگەڵ ڕەچاوکردنی کاریگەری مرۆیی زانیاری و وێنە و شایەتحاڵییەکان کە پێشکەشی گەل دەکەن.
تیشکی خستە سەر گرنگی دابینکردنی ژینگەیەکی کاری پشتگیریکەرتر بۆ ڕۆژنامەنووسانی ژن، بەهێزکردنی هەلی ڕاهینان و هاوکاری پیشەگەری، خستنەڕووی ئەو ئامرازانەی کە یارمەتییان دەدەن لە بەردەوامبوون لە ڕووپۆشکردن و پشکنینی زانیاری سەرەڕای دۆخە نائاساییەکان.

کۆنگرەکە کۆتایی هات بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستی بەهێزکردنی دەستپاکی ڕاگەیاندن و گفتوگۆی مەدەنی، گۆڕینی بنەما پیشەگەرییەکان بۆ کاری پراکتیکی، لە ڕێگەی ڕاهێنانی بەردەوام لەسەر پشکنینی زانیاری و ڕووبەڕووبوونەوەی چەواشەکاری و وتاری ڕق و کینە، پابەندبوون بە ڕەوشتیەکانی پیشە و پاراستنی تایبەتمەندی، پشتگیریکردنی ڕۆژنامەنووسانی ژن و پیاو بەتایبەت لە غەززە.
هەروەها بەشداربووان ڕێنماییان کرد بە پشتگیریکردنی سەکۆ ڕاگەیاندنییە فەڵەستینییەکان، گەشەپێدانی ئامرازی دیجیتالی بۆ بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکی متمانەپێکراو، فراوانکردنی گفتوگۆی کۆمەڵایەتی بۆ گەڕاندنەوەی متمانە بە ڕاگەیاندن و کەمکردنەوەی پڕوپاگەندەکان، بەهێزکردنی ئاشتی ناوخۆیی و پێکەوەبەستنی کۆمەڵایەتی.