ڕۆژنامەنووس و چالاکوانێکی جەزائیری: ڕۆژنامەنووسان پێویستیان بە سەندیکایەکی بەهێز هەیە

ماجیدە زوین، ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی کۆمەڵە لە بواری داکۆکی لە مافەکانی ژنان، جەختی لە گرنگی پێکهێنانی سەندیکا و ڕێکخراوە ڕۆژنامەوانییە سەربەخۆکان لە دەوڵەت کردەوە، کە مافی ڕۆژنامەنووسان بپارێزێت و پاڵپشتی دەروونی و یاسایییان بۆ دابین بکات.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەنجومەنی نیشتمانی ڕۆژنامەنووسانی جەزائیر دامەزرا و سەندیکایەکی نیشتمانی سەربەخۆ کە کاردەکات بۆ نوێنەرایەتیکردن و بەرگریکردن لە مافەکانی ڕۆژنامەنووسان لە جەزائیر ئامانجی ئەنجومەنەکە بەرەوپێشبردنی ئازادی ڕۆژنامەگەری و باشترکردنی بارودۆخی کارکردن بۆ ڕۆژنامەنووسان و پێشکەشکردنی پاڵپشتی پیشەییانەیە.

 

ماجیدە زوین، ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی کۆمەڵە لە بواری داکۆکی لە مافەکانی ژنان، ڕایگەیاند ڕۆژنامەنووسان لە ترسی سنووردارکردن و لێپێچینەوەی دادوەری و زیندانیکردن و هەراسانکردنی دیکە کە ڕەنگە بەرکەوتەی ببن، دەستیان کردووە بە پراکتیزەکردنی خۆسانسۆری لەسەر ئەدا و ڕۆڵی ڕۆژنامەگەری لە جەزائیر.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، خۆسانسۆری کە ڕۆژنامەنووسان پراکتیزەی دەکەن، دەبێتە هۆی دابەزینی ئەدا و ڕۆڵی ڕۆژنامەگەری، چونکە توانای ڕووماڵکردنی هەواڵەکانیان بە شێوەیەکی شەفاف و ئازاد سنووردار دەکات، بەو پێیەی خۆیان دەبیننەوە چاودێری هەواڵ و زانیاریەکان دەکەن لەبری ئەوەی سەرنجیان لەسەر وردبینی وڕەوایەتی ئەو زانیاریانە بێت کە پێشکەشی دەکەن، هەندێک لە ڕۆژنامەنووسان پێیان باشە خۆیان لە بابەتگەلێکی هەستیار بەدوور بگرن.

 

سەبارەت بە ڕێگاکانی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان و ڕزگارکردنیان لە خۆسانسۆری، ڕوونیکردەوە، گرنگترین شت پێکهێنانی سەندیکا و ڕێکخراوی ڕۆژنامەوانی سەربەخۆیە لە دەوڵەت، کە مافی ڕۆژنامەنووسان بپارێزێت و پاڵپشتی دەروونی و یاسایییان بۆ دابین بکات، و هەروەها پەروەردەی بەردەوام لە بواری ڕۆژنامەگەریدا، بەتایبەتی ڕۆژنامەگەری لێکۆڵینەوە، جگە لەوەی خاوەنی ئەخلاقی پیشەیی و توانای دابینکردنی پاراستنی دیجیتاڵی بۆ خۆیان، جەختی لە گرنگی سەندیکاکان کردەوە و وتی: دیارترین شت کە ڕۆژنامەنووسێک لە کەوتنە داوی خۆسانسۆری دەپارێزێت ئەوەیە کە ڕێکخراوێکی سەندیکای بەهێز لە پشتیەوە بێت کە وای لێبکات بتوانێت پیشەکەی پراکتیزە بکات بە ئازادی و شەفافیەتێکی تەواوەوە.