"ژنە زیندانییە سیاسییەکان ئیرادەی ژنان دەردەبڕن"
لە بەرامبەر ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادیدا، دەسەڵاتدارانی ئێران بە زیادکردنی فشار بۆ سەر چالاکوانان و زیندانیانی سیاسی هەوڵ دەدەن پێش بە تەشەنەکردنی خەبات بگرن.
لانە محەمەدی
ورمێ- بارودۆخی ژنان لە ئێراندا جێگای داخە و لە مێژە ژنانی کورد بە هۆی ناکۆکی بیر و ئایدیۆلۆژیکەوە لە ئێران ڕووبەڕووی سزای نادادپەروەرانە بوونەتەوە کە نایاسایی و نامرۆڤانەیە.
کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووس و نووسەر و چالاکوانی ژنان لە ناوخۆی ئێران و کوردستانەوە نامەی ناڕەزایەتییان نارد و خوازیاری ئازادکردنی بێ مەرجی ژنان بوون و زۆربەی چالاکوانان پێیانوایە ئەو بڕگانە سزای نادادپەروەرانە و توندن بەرامبەر بە چالاکوانانی ژن.
چالاکوانێکی خەڵکی شاری ورمێ کە پێی باشبوو ناوی نەهێنرێت، سەبارەت بە ژنە زیندانییەکان و ئەوەی نوێنەرایەتیان بۆ ژنانی کورد دەکەن، وتی: دەرکردنی ئەو جۆرە سزایانە پرسێکی تەواو سیاسی و ستەمکارانەیە، و ئەوە نیشان دەدات کە ڕژێم هەوڵی بێدەنگکردنی دەنگی ژنان دەدات، ئەشکەنجە و سزای لەسێدارەدان وەک سزایەکی زۆر جددی بۆ ئەو چالاکە سیاسی و کۆمەڵایەتیانەی کە داکۆکی لە مافی مرۆڤەکان دەکەن، بەتایبەتی ژنان و نەتەوە چەوساوەکان بەکاردێت و بۆ ژنانیش ئەم سزایە جۆرێکە لە ئامڕازی تۆقاندن و هەوڵێکە بۆ بڵاوکردنەوەی ترس لەناو دڵی چالاکوانانی دیکە.
پێیوایە ئامانجی دەسەڵاتدارانی ئێران لە دەرکردنی ئەم جۆرە سزایانەدا شکاندنی ئیرادەی ژنانی کوردە، وتی: سزاکانی ئەو ژنە چالاکوان و ڕۆشنبیرانە تەنیا بۆ کەسایەتی خۆیان نییە، بەو پێیەی هێمای بەرخۆدانی ژنانی کوردن لە دژی نادادپەروەری و نایەکسانی.
ئەوەشی خستەڕوو، بە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە سیستمی پیاوسالاری و ژنکوژی، خەباتی مافی ژنانیان بردۆتە قۆناغێکی نوێ، دەسەڵاتیش ترسی لە بوونی ئەو جۆرە ژنانە هەیە، چونکە بە پشتبەستن بە ناسنامە و ئیرادەی بەهێزی خۆیان، کراونەتەوە ڕێگایەک بۆ ئازادی و گەڕان بەدوای دادپەروەریدا، کە کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر هۆشیاری ژنان و کۆمەڵگە هەیە.
سەبارەت بە ڕۆڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەم کەیسەدا ئاماژەی بەوەدا، پێشبینی دەکەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ کارلێکی جددیتر لەگەڵ ئەم کەیسانەدا بکەن، وەک دۆسیەی بەخشینی پەخشان عەزیزی، زەینەب جەلالیان، واریشە مورادی، و بۆ ئەوەی زیاتر فشار بخەنە سەر ڕژێمی ئێران.
جەختیشی لەوە کردەوە، سزای ناڕەوا وەک ئەشکەنجەدان، لەسێدارەدان، و زیندانی هەتاهەتایی نەک هەر پێشێلکارییەکی ڕوونی مافەکانی مرۆڤ پێکدەهێنێت، بەڵکو هەوڵێکە بۆ ئاساییکردنەوەی چەوساندنەوەی ژنان، بەتایبەتی ژنانی کورد، دەمانەوێت دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لەم حاڵەتانەدا بێدەنگ نەبن و داوا دەکەین کۆتایی بەم حوکمە ناڕەوایانە بهێنن.