ژنە ڕۆژنامەنووسێکی ئەفغانی لە پاکستان دەستگیر کرا
ماڵپەری ژنانی ئەفغانستان بڵاوی کردەوە، ژنێکی ڕۆژنامەنووسی ئەفغانستان لە پاکستان دەستگیر کرا، دەشڵێن: ئەو ژنە ڕۆژنامەنووس و چالاکوانە بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان ناچار بووە ئەفغانستان جێبهێڵێت.

ناوەندی هەواڵ- ماڵپەری ژنانی ئەفغانستان لەبارەی دەستگیرکردنی ژنێکی ڕۆژنامەنووسی ئەفغانستان لەلایەن پاکستانەوە زانیاریی بڵاو کردەوە.
لە هەواڵەکەدا هاتووە، ئەمڕۆ فەهمیە زاهید دەروازی چالاکوانی مافەکانی ژنان و ڕۆژنامەنووس خەڵکی ئەفغانستان و دانیشتووی پاکستان لەلایەن پۆلیسی پاکستانەوە دەستگیر کرا و مەترسی دیپۆرتکردنەوەی زۆرەملێ بۆ ئەفغانستان لەسەرە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو ژنە ڕۆژنامەنووس و چالاکوانە بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان ناچار بووە ئەفغانستان جێبهێڵێت و پەنا بۆ پاکستان ببات.
جێگای ئاماژەیە، لە چەند مانگی ڕابردوودا، پۆلیسی پاکستان دەستگیرکردن و دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی ئەفغانی لە وڵاتەکەی چڕتر کردووەتەوە، هەفتەی ڕابردوو دەستگیرکردنی زەکیە کاڤیان، ژنێکی ڕۆژنامەنووسی ئەفغانی لەگەڵ چوار منداڵەکەی لەلایەن پۆلیسی پاکستانەوە ڕاگەیاندرا.