ڕژێمی ئێران ژنێکی دەستگیرکردو ٥ ژنی دیکەشی سزا دا

، ژنێکی زیندانیی سیاسیی پێشوو و چالاکوان بە ناوی موتەهەرە گونەیی لە شاری تارانی پایتەختی ئێران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بە بێ فەرمانی دادوەر دەستگیر کرا، هەروەها ٥ ژنی بەهاییش سزا دران.

ناوەندی هەواڵ

 

پێشێلکردنی مافەکانی ژنان لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە بەردەوامی هەیە، کە بەهۆی سیستمی پیاوسالاری دەچەوسێندرێنەوە.

 

ئەمڕۆ ماڵپەری دەنگی دەستگیرکراوەکانی کورد و ئێران لەبارەی دەستگیرکردنی ژنانی چالاکوان و سزادانی ژنانی بەهایی لە ئێران، ئاماژەی بەوەکرد، ژنێکی زیندانیی سیاسیی پێشوو و چالاکوان بە ناوی موتەهەرە گونەیی لە شاری تارانی پایتەختی ئێران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بە بێ فەرمانی دادوەر دەستگیر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو چالاکوانە بە هۆی کاردانەوەی سەبارەت بە هیرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستگیر کراوە، کە بەرپرسانی وڵاتەکەی بە هۆکاری تاوانکارییەکان زانیووە.

 

 موتەهەرە گونەیی لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: لە شەوی ڕابردووەوە چەند جارێک لە ژمارەیەکی نەناسراوەوە پەیوەندیم پێوە کراوە.

 

باس لەوەشکراوە، ٦ هاوڵاتیی بەهایی دانیشتووی کەرەجی ئێران بە ناوەکانی نەغمە میرزا ئاقا، مەهین سەعادتمەند، مەهشید سەعیدی، سەمەر مەسعوودی، مۆنا زکایی و ناسر ڕەجەب لە لایەن لقی دووەمی دادگای شۆڕشی شاری ئەلبوورز بە تۆمەتی ” پڕوپاگەندە دژ بە دەوڵەت” هەر یەکێکیان بە ١٠ مانگ زیندانییکردن و دوو ساڵ قەدەغەکردنی هاتوچۆی دەرەوەی وڵات سزا دران.

 

بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئێران، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا لە ٧٢٪ ـی هاوڵاتیانی بەهایی لە ئێران ڕووبەڕووی پێشێلکردنی مافەکانیان بونەتەوە.