ڕژێمی ئێران لە سێ ڕۆژدا ١٧٤ کەسی دەستبەسەر کردووە
دەستبەسەرکردنی هاولاتیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە چڕتر کراوەتەوەو لەماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا ١٧٤ کەس دەستبەسەر کراون.
ناوەندی هەواڵ
بەپێی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئێران، پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران لەلایەن دەسەڵاتدارانی ڕژێمی ئێرانەوە ڕووی لە زیادبوون کردووەو مەترسیی قورسترین سزادانیان لەسەرە، لەگەڵ دەستپێکی جەنگی ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران بە هەزاران کەس دەستبەسەر کراون.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا لە ڕاپۆرتێکدا ئاماری دەستبەسەرکردنی هاوڵاتییانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ١٧٤ هاوڵاتیی بەبێ فەرمانی دادوەر و بە بەکارهێنانی توندوتیژیی لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران دەستبەسەر کراون.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو هاوڵاتییانە بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست بۆ تێکدانی ڕایگشتی و وێنەگرتنی شوێنە بۆردوومانکراوەکان دەستبەسەر کراون و تائیستا چارەنووسیان دیار نییە.
باس لەوەشکراوە، گرتەی ڤیدیۆیی دانپێدانانی زۆرەملێ بەشێکی ئەو هاوڵاتییانە لە میدیا فەرمییەکانی ئێرانەوە بڵاوکراوەتەوە.