ژمارەی ئاوارەکانی ناوخۆ لە سودان لە ١٠ ملیۆن کەس نزیک دەبێتەوە

ڕێکخراوی کۆچبەری نێودەوڵەتی ئاماژە بەوەدەکات، ڕەنگە ژمارەی ئاوارەکانی ناوخۆی سودان لەگەڵ بەردەوامی شەڕ لەو وڵاتە ١٠ ملیۆن کەس تێپەڕێنێت.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای ئەوەی هەزاران کەس لە ماڵ و حاڵی خۆیان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات هەڵهاتن کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون، سودان ڕووبەڕووی گەورەترین ڕێژەی ئاوارەبوون بووەوە لە جیهاندا، ئەمەش بەهۆی نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکان لە بارودۆخێکی سەختی مرۆییدا.

 

دوێنی ٧ی حوزەیران، ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کۆچبەران ڕایگەیاند، ژمارەی ئاوارەکانی ناوخۆ لە سودان لە ئەنجامی ئەو شەڕەی کە زیاتر لە ساڵێکە بەردەوامە، ڕەنگە بەم زووانە ١٠ ملیۆن کەس تێپەڕێنێت.

 

لەم هەفتەیەداڕێکخراوەکە چاودێری بوونی ٩.٩ ملیۆن ئاوارەی ناوخۆی لە سەرتاسەری سودان کرد، ئاماژەی بەوەدا کە پێشتر ٢.٨ ملیۆن ئاوارەی ناوخۆیی پێش شەڕی سودان هەبوون و نزیکەی ١٢ ملیۆن کەسیش ناچاربوون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن.

 

"زیاتر لە نیوەی ئاوارەکانی ناوخۆی سودان ژنن"

سەرۆکی نوێنەرایەتی ڕێکخراوەکە لە سودان وتی: دەبێت خەڵکی سودان چەندە ئازار و خەسارێکی مرۆیی بچێژن، زیاتر لە نیوەی ئاوارەکانی ناوخۆی سودان ژنن و ٢٥% یان منداڵانی خوار تەمەنی ٥ ساڵن، هەروەها دەزگاکانی فریاگوزاری ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر دەبنەوە لە دابینکردنی پێداویستییە زیادبووەکاندا.

 

لە درێژەی قسەکانیدا جەختیشی لەوەکردەوە، نەبوونی بودجە ڕێگری لە هەوڵەکان دەکات بۆ دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون و خۆراک و یارمەتی پزیشکی بە شێوەیەکی گونجاو، ئاماژەی بە پەرەسەندنی نیگەرانییەکان کرد سەبارەت بە کاریگەرییەکانی ئاوارەبوونی درێژخایەن لەسەر پەیکەری کۆمەڵایەتی و ئابووری لە سودان.

 

پێشتر ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشدارییان دابوو کە سودان مەترسیی برسێتی لەسەرە، نزیکەی ١٨ ملیۆن کەس بەدەست برسێتییەکی زۆرەوە دەناڵێنن، لەناویاندا سێ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار منداڵ بەدەست بەدخۆراکی توندەوە دەناڵێنن، ئەمەش ژیانیانی خستووەتە مەترسییەوە.