ژمارەی کوژراوانی ئێران لە شەڕی دژێ ئیسرائیل بۆ هەزارو ٦٠ کەس بەرز بووەوە

بەپێی هەواڵی ڕاگەیاندنەکانی ئێران، ژمارەی کوژراوان لە ئێران بەهۆی شەڕی ١٢ ڕۆژەی لەگەڵ ئیسرائیل بۆ هەزار و ٦٠ کەس بەرزبووەتەوە کە ١٢٦ ژن و ٤١ منداڵن.

ناوەندی هەواڵ

 

ناوچەکە شایەتی هەڵکشانێکی سەربازیی بێوێنە بوو لەنێوان ئێران و ئیسرائیل کە لە مانگی حوزەیران دەستیپێکرد و تا ٢٤ی هەمان مانگ بەردەوام بوو، ئەم هەڵکشانە ژمارەیەکی زۆر کوژراو و برینداری لێکەوتەوە، ئەمە جگە لە زیانێکی ماددی بەرفراوان بە ژێرخانی ئابووری و دامەزراوە گرنگەکانی هەردوولا.

 

ڕاگەیاندنەکانی ئێران ڕۆژی ٧ی تەمووز بڵاویانکردەوە کە نزیکەی ٥ هەزار و ٦٠٠ کەس لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل لە سەرانسەری وڵات بریندار بوون، کە ١٦٠ کەسیان هێشتا لە نەخۆشخانەکان چارەسەر وەردەگرن، ڕاگەیاندنەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، ژمارەی کوژراوان بۆ هەزار و ١٠٠ کەس بەرزبووەتەوە، کە ١٢٦ ژن و ٤١ منداڵن، کە هەزار و ٦٠ کەسیان لە پرسە فەرمییەکاندا بەخاک سپێردراون کە لە سەرانسەری وڵاتدا بەڕێوەچووە.

 

وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕایگەیاند، تا کۆتایی مانگی حوزەیرانی ڕابردوو ژمارەی کوژراوانی هێرشەکانی ئیسرائیل گەیشتووەتە ٩سەد و ٣٥ کەس.

 

شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە ١٣ی حوزەیرانەوە دەستیپێکرد، کاتێک ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان و شوێنە سەربازییەکانی ئێران دەستپێکرد، ئێرانیش وەڵامی دایەوە و بە هێرشێکی زۆر مووشەکی شار و شوێنەکانی ئیسرائیلی کردە ئامانج.