ژمارەی گیان لەدەستدان بە بوومەلەرزەکەی ژاپۆن بۆ ٧٧ کەس بەرزبووەوە

تیمەکانی فریاکەوتن بەردەوامن لە گەڕان بەدوای ڕزگاربووان لەژێر داروپەردوو وێرانەکانی ئەو خانووانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکەی ژاپۆنەوە ڕووخا، هەروەها ژمارەی گیان لەدەستدان بۆ ٧٧ کەس بەرز بووەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەی کەناری ڕۆژئاوای ژاپۆنەوە کە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ بە پلەی ٧.٦ پلەی ڕێختەر روویدا، گەیشتە ٧٧ کەس و سەدان برینداریش هەن، تیمەکانی فریاکەوتن بەردەوامن لە ڕزگارکردنی ئەو کەسانەی لەژێر دارو پەردوو وێرانەکانی ماڵەکاندا گیریان خواردووە.

 

ماسوهیرۆ ئیزومیە، سەرۆکی شارەوانی سوزو وتی: کاربەدەستان هیوادارن لە ماوەی سێ ڕۆژدا بریندارەکان و ئەوانەی لەژێر داروپەردوودا ماونەتەوە ڕزگار بکەن و ئەگەری ڕزگاربوونیان زیاترە.

 

لە یەکەم ڕۆژی بوومەلەرزەکەوە نیمچە دوورگەی نۆتۆ لە پارێزگای ئیشیکاوا زیاتر لە ٦٠٠ بوومەلەرزەی لێکەوتەوە، ئەمەش ترسی ڕووخانی زەوی و زیانی گەورەتری ژێرخانی زەوی بەرزکردەوە، لە کاتێکدا ڕێژەی زیانەکان هێشتا ڕوون نییە و ڕانەگەیەندراوە.

 

زیاتر لە ٣٣ هەزار کەس لە ماڵەکانیان ئاوارەبوون لەو ناوچانەی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە دوای ئەوەی ماڵەکانیان وێران بوون و زیاتر لە ١٠٠ هەزار ماڵ ئاویان نەماوەو نزیکەی ٣٠ هەزار ماڵ لە پارێزگای ئیشیکاوا بێ کارەبا ماونەتەوە.