تونس ڕووبەڕووی تۆمەتی سەرکوتکردنی میدیا بووەتەوە

دوو ڕێکخراوی مافی مرۆڤ پشتڕاستیان کردەوە، دەسەڵاتدارانی تونس سەرکوتکردنی ئازادی ڕادەربڕینیان چڕکردووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی فەزای مەدەنی کە لە دوای شۆڕشی ٢٠١١ەوە سەریهەڵداوە.

ناوەندی هەواڵ

 

هیومان ڕایتس وۆچ و ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی پێیان وایە کە دەسەڵاتدارانی تونس لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، سەرکوتکردنیان لە دژی میدیا و ئازادی ڕادەربڕین چڕتر کردووەتەوە.

 

لە پاشخانی زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسان و خاوەن ڕێکخراوەکانی ڕاگەیاندن لە تونس بە پێی فەرمانی ژمارە ٥٤، چالاکانی ناوخۆیی مافی مرۆڤ و سیاسی داوای هەڵوەشاندنەوە یان چاکسازی لە بڕگەکانی کرد، ئەمەش وایکرد هەردوو ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ و ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئەمڕۆ بەیاننامەیەکی هاوبەش بڵاوبکەنەوە، پشتڕاستی دەکەنەوە، کە دەسەڵاتدارانی تونس جەخت لەسەر سەرکوتکردنی ئازادی ڕادەربڕین دەکەنەوە.

 

ئەو دوو ڕێکخراوە پێیانوابوو کە ئەو بڕیارە مافی تایبەتمەندی پێشێل دەکات، و سزای توند بۆ تاوانەکانی پەیوەست بە ئازادی دەربڕین دەسەپێنێت، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر دەیان ڕۆژنامەنووس و پیشەگەری ڕاگەیاندن لە تونسی پایتەخت خۆپیشاندانیان کرد، داوای ئازادکردنی ئەو کەسانەیان کرد کە لەسەر بنەمای لێدوانی ڕەخنەگرتن دەستگیرکراون.

 

ئەمە یەکەمجار نییە کە ئازادییەکان لە تونس ڕووبەڕووی سەرکوت کردن دەبێتەوە، نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر، لەسەر بنەمای ئەوەی لە مادەی ٥٤ دا هاتووە، ٦٠ کەس دادگایی کران، کە ڕۆژنامەنووس و پارێزەر و نەیارانی دەسەڵاتدار بوون، و زیاتر لە ٧٠ کەس کە تۆڕەکانی سۆشیال میدیایان بەکارهێناوە، بەپێی ئامارەکانی چاودێری مافەکانی مرۆڤ و ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ەوە لێپێچینەوەیان لەگەڵ کراوە.