بۆردومانی کەمپەکانی ئاوارەکانی شاری ڕەفەح زیانی بە دەیان کەس گەیاند

لە پێشێلکارییەکی نوێ و ئاشکرای بڕگەکانی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتیدا، هێزەکانی ئیسرائیل کۆمەڵکوژییەکیان لە ئۆردوگاکانی ئاوارەکان ئەنجامدا و لە ئەنجامدا دەیان کەس کوژران و برینداربوون کە زۆربەیان ژن و منداڵن.

ناوەندی هەواڵ

 

هێزەکانی ئیسرائیل بۆ ٢٣٤هەمین ڕۆژی لەسەریەک بەردەوامن لە شەڕەکانیان لەسەر کەرتی غەززە، کە بووەتە هۆی مردن و برینداربوونی هەزاران کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە ٨٥٪ی دانیشتوانی کەرتی غەززە لە کارەساتێکی مرۆیی بێ وێنەدا.

 

میدیاکان ئەمڕۆ ڕایانگەیاند، دوای ئەوەی هێزەکانی ئیسرائیل هەشت مووشەکیان ئاراستەی ناوچەیەکی قەرەباڵغی بە هەزاران کەسی ئاوارە لە ناو چادرەکانی ڕەفەح کردووە، بەهۆیەوە ٤٠ کەس کوژراون و دەیان کەسیش برینداربوون کە منداڵ و ژنیشیان تێدایە.

 

هەروەها دەزگای فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانUNRWA ڕایگەیاند کە ١٩٢ لە کارمەندەکانی لە غەززە کوژراون، ئەمەش بە بێ وێنە دەزانێت، ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕاپۆرتەکانی هێرشکردنە سەر ئەو خێزانانەی کە پەنایان دەبەن لە ڕەفەح لە کۆتایی باشووری کەرتی غەززە ترسناکن.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، هیچ نەخۆشخانەیەک نییە کە توانای مامەڵەکردنی لەگەڵ ئەم ژمارە زۆرەی قوربانی و بریندارەکاندا هەبێت لە ئەنجامی ئەوەی هێزەکانی ئیسرائیل سیستەمی تەندروستییان لە خزمەتگوزاری دەرهێناوە بە ئامانجگرتنی ڕاستەوخۆ یان ڕێگریکردن لە گەیشتن بە پێداویستییە پێویستەکان.

 

لای خۆیەوە وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین ڕایگەیاند، ژمارەی قوربانیانی شەڕی بەردەوامی هێزەکانی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس بۆ ٣٦ هەزار و ٥٠ کەس بەرزبووەتەوە کە ٦٦ کەسیان لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا بە تەقەی هێزەکانی ئیسرائیل گیانیان لەدەستداوە، هاوکات ژمارەی بریندارەکانیش خەڵک گەیشتە ٨١ هەزار و ٢٦ کەس.